riklam

توڕەیی‌و دڵسۆزی‌و خەمخۆریی خەڵك دەكەینە بنەمای سەركەوتنێكی گەورەی یەكێتیی ‌ ‌

kurdistani 12:12 PM - 2014-04-17
سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتی له‌پارێزگای سلێمانی بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق

سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتی له‌پارێزگای سلێمانی بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق

لەدیدارێكدا د.شێركۆ مەنگوڕی سەرۆكی لیستی 266 ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ پارلەمانی عیراق، باس لەگڕوتین‌و بەدەنگەوەهاتنی گەنجان‌و لاوان دەكات بۆ هەردوو لیستی 77ی ئەنجومەنی پارێزگاكان‌و 266 بۆ پارلەكانی عیراق دەكات.

هەڵمەتی دەرگا بەدەرگا
* چۆن دەستتان بەبانگەشە كردو سیاسەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چۆنە بۆ بانگەشە؟
- هەڵبەتە لەهەموو هەڵبژاردنەكان بانگەشەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بانگەشەیەك بووە بەمیتۆدو بەرێبازێك دانراوە كە هەموو ئەو بنەمایانەی كە پێویستن لەهەڵبژاردنێكی سەردەمییانەو بانگەشەیەكی سەردەمییانە پەیڕەومانكردووە، لەهەڵبژاردنی پێشووش كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ئەوە باش دەزانن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەڵمەتێكی بانگەشەی نەرم‌و نیان‌و دوور لەتەشهیرو ناوزڕاندن‌و دوور لەشكاندن، دوور لەدروشمی فریودەرو باق‌و بریق، ئەمجارەش بەمۆدێلێكی ترو بەستایلێكی تر، دروشم‌و هەڵمەتەكەمان رێكخستووەو كە ئەوەیە هەڵمەتی دەرگا بەدەرگا بكەین‌و بتوانین بەرنامەو دیدگاو دروشمەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەپێی پێویست كاندیدەكان بۆ خەڵكی روونبكەنەوە، توانیومانە بەدووربین لەو دیاردە قێزەون‌و ناشرینانەی كە پێشوتر هەبوو لەشەڕە پەڕۆو گرتنی شەقام‌و لەهەموو قەزاو ناحییەكان، بتوانین لەڕێی كەناڵەكان‌و ئەو كۆبوونە جەماوەرییانەی كە كاندیدەكان دەیكەن بەشێوەیەكی هێمن‌و لەسەرخۆ هەڵمەتەكە بەڕێوەبەرین.
ئەم هەڵمەتەش بڕیاری یەكێتی نیشتمانی كوردستانە كەدەبێت بەو شێوەیە بڕوات، یەكێتی خۆی مەبەستیەتی كە ئارامی شار، ئاسوودەیی خەڵك تێكنەدات، بانگەشەیەكی كردووە كە دەتوانم بڵێم هەم سەردەمییانەیە، هەمیش شارستانیانەیە، كەناڵەكانی راگەیاندنیش دەبینین، بەرنامەكانیشمان دەبینین، بەڵام بەداخەوە بۆ هەندێك لایەنی تر بەدوور لەهەموو پرەنسیب‌و رێسایەكی هەڵمەتی هەڵبژاردن، تەشهیر دەكەن، ناو و ناوبانگ دەزڕێنن، سوكایەتی بەم شارە دەكەن، كە ئەم شارە شاری هەمووانە، شاری قوربانییە، شارێكە كە بەداخەوە لەپێناوی هەڵمەتێكی هەڵبژاردن، یان لەپێناوی ئامانجێكی كورتخایەن هەندێك لەمێژووەكەی خۆت، لەشارەكەت، لەناو و ناوبانگی كەسایەتییەكانی ئەم شارە دەشكێنن، ئێمە دوورین لەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بۆ هەموو خەڵكییمان راگەیاندووە كە ئەگەر هێرشی ناڕەوامان بكرێتەسەرو تەشهیرو تۆمەتمان بۆ دروستبكرێت، دەستەوەستان ناوەستین، بەداتاو ژمارەو لۆژیك رووبەڕوویان دەبینەوە.

شەڕی مافە نەتەوەییەكان
* ئامانج‌و پلانی یەكێتی چۆنە بۆ پەرلەمانی عیراق‌و بەرنامەكانتان چین؟
- یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەدوای رووخانی رژێمەوە رۆلێكی كارای بینیووە لەبنیادنانەوەی عیراقێكی نوێ‌و دیموكراسی‌و فیدڕاڵیدا پێگەو رۆڵی جوان‌و بەرجەستەی هەبووە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەدرێژایی ئەو 11 ساڵە لەجەنابی مام جەلالەوە بۆ هەموو ئەو كادرانەی یەكێتی ناردوونی بۆ بەغدا چ وەزیر یان ئەندام پارلەمان یان هەر كادرێكی تر بووبێت شەڕی مافە نەتەوایەتییەكانیان كردووەو توانیومانە لەدەستوور كۆمەڵێك مافی نەتەوایەتی كورد بچەسپێنین، راستە ئەو مافانە چەسپاون بەڵام شەڕی دەوێت، توانراوە هەندێكیان ئیشی باشی بۆ بكرێت بەڵام هەندێكیان ماوە، لەسەرووی هەموویانەوە بابەتی ناوچە دابڕێنراوەكان‌و ماددەی 140، هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە 11 ساڵە غەدرێكی گەورەی لێدەكرێت لەحكومەتی بەغدا، كە نەمووچەیان دەداتێ، نەپێداویستییەكان بۆ دابین دەكات.
قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتووانی چەكی كیمیایی یەكێكی ترە لەئامانجەكانمان، بەپارێزگاركردنی هەڵەبجەو هەوڵدان بۆ بەپارێزگاركردنی گەرمیان و راپەڕین، كە دەتوانین شەڕی لەسەر بكەین، كۆمەڵێك ئامانجی ترمان هەیە، ئەوەیە كە جارێكی تر حكومەتی بەغدا بیر لەوەنەكاتەوە كە مووچە بكاتە فشارێكی سیاسی دژ بەخەڵكی كوردستان كە ئەوە حەقێكی رەوای هاووڵاتیانە، بەرنامەیەكمان هەیە بەرنامەی لیستەكەمان كە دەتوانین بڵێین 11 بواری لەخۆی گرتووە، لەبواری سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی، ژنان، گەنجان، وەرزش، ئاین، كلتوور،....، ئەگەر هەر كەسێك بەرنامەی یەكێتی بخوێنێتەوە دەزانێت ئەو بەرنامەیە تەنها بۆ یەكێتییەكان نییە بەڵكو بۆ هەموو كوردە، بۆ بەدەستهێنانی زیاتری ئاوات‌و ئامانجەكانە، كەقوربانی بۆ دراوە، بۆیە دەتوانم بڵێم ئەگەر متمانەی خەڵك بەدەست بهێنین سەرسەختانە ئەو شەڕانە دەكەین.

دەنگە شۆڤێنییەكان لەبەرزبوونەوەدان
بەڵام دڵنیام شەڕەكانی ئەم جارەمان لەبەغدا سەختتر دەبێت لەبەر كۆمەڵێك هۆكار لەسەرووی هەموویانەوە غیابی جەنابی مام جەلال، كە بۆ یەكێتییەكانیش بۆشاییەكی گەورەی دروست كردووە كە رەنگە بوونی جەنابی مام جەلال زۆر لەلایەنە سیاسەكان لەبەر گەورەیی‌و بەتوانایی مام جەلال نەیانتوانیبێت لەسیاسەتی شۆڤێنی خۆیان بەڕاست‌و رەوانی دەربڕن، بەڵام ئێستا هەست دەكەین لەغیابی ئەودا ئەو دەنگە ناجۆرە، ئەو دەنگە شۆڤێنییە لەبەرزبوونەوەدایە، هەندێك جار هەڕەشە دەكەن لەكورد، هەندێك جار مووچە دەكەنە فشار، هەندێك جار پاشگەز دەبنەوە لەو بنەما دەستووریی‌و مافە دەستوورییانەی كە كورد بەمافی خۆی دەزانێت، ئەمە خێری پێناكرێت، بۆیە دەبینین كادرو كاندیدەكانمان، ئەگەر متمانەی جەماوەری كوردستان بەدەستبهێنین، شەڕەكانمان سەختتر دەبێت، بەڵام دڵنیابن یەكێتی هەر دروشم‌و بەرنامەیەكی هەبێت تا جێبەجێی نەكردبێت، دەستی لێهەڵنەگرتووە، رۆژگاریش دەیسەلمێنێت كە ئەو كادرانەی یەكێتی بەدێژایی ئەو 11 ساڵە رۆڵ‌و كاریگەری خۆیان بینیووەو هیوادارین بتوانین ئەو رێبازو ئەو میتۆدو ئەو سیاسەتەی جەنابی مام جەلال دایناوە لەسیاسەتی تەوافوق‌و چەپكە گوڵەكەو رێزگرتن لەبەرامبەرو دەنگەجیاوازەكان بتوانین ئێمەش لەسەر ئەو رێبازە بڕۆین، بەڵام بەبێ ئەوەی سازش لەسەر هیچ ماف‌و ئامانجێكی نەتەوەیی خۆمان بكەین.
* چۆن كاردەكەن بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە؟
- كاركردنمان بەوە دەبێت كە یەكێتی سەركەوتنێكی گەورە بەدەستبهێنێت لەم هەڵبژاردنەدا، دەبێت خەڵكی كوردستان متمانەی خۆیان بدەنەوە بەو هێزەی كە دەتوانێت داكۆكی لەمافە نەتەوەییەكانیان بكات، هەر ئەو هێزەیە كە رووبارێك خوێنی داوە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییەكانمان.
پێویستە گەنجان ئەگەر بەشێكی زۆریشیان كەوتبێتنە بەر كاریگەری هەندێك لەدروشم‌و ئایدیایەكی جیاواز، ئێستا رەنگە راستییەكانیان بۆ روون بووبێتەوە كە بەڵێ ئەوە یەكێتییە دەتوانێت ئارامی‌و خۆشگوزەرانی‌و شەڕی خەونەكانیان لەبەغدا بكات، ئەگەر ئەو متمانەیە بەدەستبهێنین، ئەو پشتیوانییە گەورەیەی خەڵكمان لەگەڵدا بێت ئەوا كاندیدەكانمان دەتوانن لەبەغدا ئازادانەترو ئازایەنەتر ئەو شەڕانە بكەن.
دیارە ئەو ئەزموونەی لەبەر دەمماندایە گەواهی دەری ئەو شتانەیە كە یەكێتییەكان نەك هەر لەبەغدا بەڵكو لەهەركوێیەك بن، سەرەڕمی داكۆكیكەرن لەخەونە نەتەوایەتییەكان بۆیە ئەگەر ئەو متمانەیە بەدەستبهێنین میكانیزمەكەمان ئەوەیە كەداوا لەكۆمەڵانی خەڵك بكەین دەنگ بدەن بەلیستی 266 بۆ ئەوەی بتوانین بەپشت‌و پەنانەی ئەوان ئەو شەڕەیان بۆ بكەین، بەرژەوەندی كوردایەتی لەسەروو هەموو شتێكەوە دابنێین، كوردو كوردایەتی لەوێ دەكەین ئەو رێبازەیە كە مامی گەورە بۆی داناوین، بەدڵنیاییەوە ئەوە میكانیزمی كاركردنمانە شەونخونی دەكەین بۆ ئەوەی لەئاست ئەو متمانەیە بین كە خەڵك پێیداوین.

نابێت یەكێتی لەپاشەكشەدا بێت
+ وەك ئەوەی لەناو خەڵكدان، گڕو تینی خەڵك چۆن دەبینن بۆ بەدەنگەوە هاتنی هەردوو لیستی 266و 77ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان؟
- بەدرێژایی ئەو دوو مانگەی بەر لەبانگەشەی هەڵبژاردن كە سەردانی چین‌و توێژە جیاجیاكانی سلێمانیم كردووە، مایەی شانازییەكی گەورەیە كە هەست دەكەین بەشێك لەو خەڵكەی كە رۆژگارێك كەوتبوونە ژێر كاریگەری هەر دروشم‌و بیرو بۆچوونێكەوە توانیبێتیان دەنگ نەدەن بە یەكێتی ئەمجارە راستییەكانیان بۆ روونبۆتەوە ئەوە مایەی دڵخۆشییە، كە دڵسۆزییەكی زۆر دەبینین بۆ یەكێتی، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەئاستی ئەو دڵسۆزییەدا نەبێت، چونكە لەماوەی ئەو دوومانگەدا گلەیی‌و گازندەو توڕەیی خەڵكم زۆر بینیووە، هیوادارم بتوانین ئەو توڕەیی‌و دڵسۆزی‌و خەمخۆرییەی خەڵك بكەین بەبنەمای سەركەوتنێكی گەورەی یەكێتی، كە دەچینە ناو خەڵك هەست بەوەدەكەین كە خەڵك گوڕوتینێكی هەیە، ترسی لەوە هەیە كەنابێت یەكێتی لەپاشەكشەدا بێت چونكە ئەگەر وابێت زەرەرمەندی یەكەم ئەو خەڵكە دەبێت، ئەگەر ئەوە سزا بێت یەكێتی سزای خۆی وەرگرت لەلایەن جەماوەرەیەكەوە لەپای هەندێك كەموكوڕی، بەو ئومێدەین ئەم جارە ئەو سزایە بگۆڕین بەپاداشت بۆ یەكێتی، چونكە یەكێتی زۆر ئامانجی نەتەوەیی ماوە كە بەدیبهێنێت، بەو ئومێدەین كە ئەو خەڵكەی كە بەراستگۆیی ناخی خۆیان بۆ دەربڕیوین بتوانن لەسەر سندوقی دەنگدان بیكەن بەرۆژی ئاشتبوونەوەو لێبوردن.
* جۆرێك لە نیگەرانی هەبوو بەرامبەر یەكێتی، چی بكەین بۆ ئەوەی ئەو نیگەرانییە بكەینە شتێكی پۆزەتیڤ؟
- هەڵبەتە نیگەرانی لەسەرووی هەموو شتێكەوە لەسەر ئەو نادادپەروەرییەیە كە نەك لەناو یەكێتی بەڵكو لەهەموو حزبەكاندا دەبینرێت، هەندێك دیاردەی گەندەڵی هەیە لەسەر ئاستی دامودەزگای حكومی‌و حزبییەكاندا، بەداخەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پرەنسیپی سزاو پاداشتی بەكارنەهێنا بوو، بۆ ئەوەی دەستخۆشی‌و پاداشتی كەسە شیاوەكان‌و ئەوەشی كە كەسێكە یەكێتی دەكات بەقوربانی مەرامە تایبەتەكانی خۆی سزای بدەیت‌و لەحزبەكە دووری بخەیتەوە، ئەوەمان نەكرد و نیگەرانی خەڵكی لێكەوتەوە.
هەندێك بەڵێنمان داوە، بۆ نموونە لەبواری دامەزراندن یان هەندێكجار هەست دەكەیت گەنجێك یەكێتی بەپشت‌و پەنای خۆی دەزانێت بەڵام لەهەندێك شوێن خۆ بەزل زانین‌و خۆ بەدوورگرتنی هەندێك لەبەرپرسەكانمان‌و بۆتە هۆكاری دووركەوتنەوەی خەڵك، بۆیە دەبێت ئەو دیوارە تێكبشكێنین كە لەنێوان هەندێك لەبەرپرسەكانمان ئەگەر حزبی بێت یان حكومی، لەگەڵ هەندێك لەگەنجەكانماندا هەیە لێمان زوویر نەبن، هیوادارین بتوانین ئەو رێزەی لەنێوان هاووڵاتیان‌و بەرپرسەكاندا هەبوو بیگەڕێنینەوە، چونكە یەكێتی وەك ئەوەی لەناو خەڵك دروست بووە، هەمیشە رێزی لەخەڵك گرتووە.
جەنابی مام جەلال كەسایەتییەكی ئەوەندە گەورەیە كەسەیر دەكەین لەگەڵ منداڵێكدا وەك منداڵ مامەڵەی كردووەو لەگەڵ گەنجێكدا وەكو گەنج‌و لەگەڵ بەتەمەنێك وەكو بەتەمەنێك، بۆیە دەبێت ئێمە ئەو حاڵەتانە بەرجەستە بكەین لەناو هەموو هەڤاڵانی یەكێتی، كە دەبێت لەگەڵ خەڵكەكەی خۆمان بین دوور لەخۆبەزل زانین، دەبێت لەناخۆشییەكاندا لەگەڵ خەڵكدا بین.
بەشێكی تریشی دەگەڕێتەوە بۆ هەڵمەتێكی نەڕەواو پڕ لەتەشهیر لەلایەن نەیارەكانی یەكێتییەوە، تەنانەت هەندێك جار لەلایەن هێزی پارتی یان گۆڕان یان لەلایەن هێزە ئیسلامییەكانەوە، بەداخەوە لەپێناو ئامانجێكی كورت‌و تەسك نیسكێكیان لەیەكێتی كردووە بە گیسكێك.
رۆژگارێك دەیانووت جەنابی مام جەلال لەبەغدا بۆ پۆست‌و پلە رۆشتووە بەڵام ئێستا بۆ هەموو خەڵك دەركەوتووە كە جەنابی مام جەلال چ پێگەو قورساییەكی هەبوو لەبەدیهێنانی خەونە نەتەوایەتییەكاندا، لەغیابی مام جەلالدا عیراق توشی ئەو سەرگەردانییە بووە كە ئێستا دەیبینین، جگەلەوە باسی ئەوەیان دەكرد داهات‌و موچەو پارەی كوردستان لەژوورە تاریكەكانە كەچی بەداخەوە لەبری ئەوەی لایەنێكی سیاسی ئەوە بانگەشەی هەڵبژاردنی بوو، هەموو كۆمەڵانی خەڵك ئەو راستییەی بۆ دووپات بوەوە كەدەڵێن سلێمانی سزادراوە، بەڵام دەركەوت سلێمانی گەورەترین خزمەت كراوە بەپێی راپۆرتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان‌و وەزارەتی پلاندانانی عیراق، سلێمانی لەهەموو شارەكانی تری عیراق، لەهەموو كایەو بوارەكاندا لەپێشەوەیەو دەریخست كە ئەو نەیارانەو ئەو هێزانەی تر، تەنها ئامانجیان شكاندنی یەكێتییە، بەڵام یەكێتی هەرگیز نابێت بەكەرەستەی بانگەشە بۆ هیچ هێزو لایەنێك كە بیەوێت لەسەر ناو ناوبانگ‌و مێژوو خوێنی شەهیدەكانی یەكێتی بێت‌و بیكات بەبانگەشەی هەڵژاردن ئەو سەردەمە بەسەرچوو، خەڵك ئەوەی بۆ روون بۆتەوە كە ئەگەر ئەو هێزانە كاڵایەكی باشیان هەیە بۆ نایخەنەڕوو، بۆ نایەن قسەلەسەر بەرنامەو رابردووی خۆیان‌و كاندیدەكانیان بكەن، بۆ شاردنەوەی ئەوە دێن قسە لەسەر ناو ناوبانگ‌و مێژووە پرشنگدارەكەی یەكێتی دەكەن.

لەكوردستانی نوێوە/ دیداری هێڤی رەمەزان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket