riklam

به‌ گه‌یشتنی بۆ په‌رله‌مان ناوه‌ندێكی گه‌وره‌ی سیاسی جیهانی به‌ڕووی كوردا ده‌كرێته‌وه‌

kurdistani 10:58 AM - 2014-03-25
یونس سه‌مه‌د

یونس سه‌مه‌د

یونس سه‌مه‌د لوتفوڵڵا ئه‌ندام په‌رله‌مانی هه‌رێمی ناوه‌ڕاستی هۆڵنداو وته‌بێژی پارتی سۆسیالیستی هۆڵه‌ندی و كاندیدی هه‌مان پارت بۆ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا، سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌ری بوونی كورد له‌ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا له‌ دیدارێكدا بۆ PUKmedia ده‌دوێت.


پ/ جگه‌ له‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی هه‌رێمی ناوه‌ڕاست هیچ كارێكی تر ده‌كه‌یت؟
و/ به‌ڵێ من له‌ ساڵی 2002 له‌ وه‌زاره‌تی ئاسایش و دادی هۆڵه‌ندی به‌ پله‌ی راوێژكار كار ده‌كه‌م.
پ/ له‌م ماوه‌یه‌دا، چ وه‌ك ئه‌ندامی حزبه‌كه‌ یان ئه‌ندامی په‌رله‌مانی هه‌رێمی ناوه‌ڕاست، چ په‌یوه‌ندییه‌كتان به‌ مه‌سه‌له‌ی كورده‌وه‌ هه‌بووه‌؟
و/ وه‌ك كوردێك به‌تایبه‌تی دوای كاركردنم له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمدا توانیومه‌ ئه‌م پێگه‌یه‌ بۆ خزمه‌تی كێشه‌ ره‌واكانی گه‌له‌كه‌م به‌كاربیهَنم، ناساندنی كێشه‌ی گه‌لی كورد له‌ هه‌رچوار پارچه‌كه‌ی كوردستان و داكۆكی كردن له‌ مافه‌كانی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی ناوه‌ڕاست و سه‌رجه‌م هۆڵه‌ندا كاری رۆژانه‌ی ئێمه‌ بووه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جار له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مانی ئه‌ورپا له‌ برۆكسل له‌رێی فراكسیۆنی پارته‌كه‌مان له‌وێ ئه‌م كاره‌مان ئه‌نجام داوه‌، به‌ستنی كۆڕو سیمینارو بانگه‌شه‌كردنی سه‌ركرده‌كانی سه‌رجه‌م پارچه‌كان كوردستان و كۆنفڕانس ده‌رباره‌ی كه‌ركوك، رۆژئاوای  كوردستان، پڕۆسه‌ی ئاشتی له‌ باكوری كوردستان و رێنمایكردن وبه‌ستنی یارمه‌تیدانی كوردانی هۆڵه‌ندا له‌ كاره‌كانیاندا...هتد به‌شێك بووه‌ له‌ كاره‌كانمان له‌م ماوه‌یه‌دا.
پ/ ئێوه‌ خۆتان بۆ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا كاندید كردوه‌، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ كه‌یه‌و به‌رنامه‌تان له‌ نێو په‌رله‌مانی ئه‌وروپا بۆ كورد چیه‌؟
و/ به‌ڵێ، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا له‌ 19 مانگی ئادار(5)یی ئه‌مساڵ ده‌به‌سترێت، من له‌سه‌ر لیستی پارتی سۆسیالیستی هۆڵه‌ندی خۆم كاندید كردوه‌ ژماره‌كه‌م 22، من ته‌نها كوردم له‌ سه‌رجه‌م هۆڵه‌ندا كه‌ خۆی بۆ ئه‌م پۆسته‌ كاندیدكردوه‌، په‌رله‌مانی ئه‌وروپا ناوه‌ندێكی گرنگی بڕیاری سیاسییه‌ له‌ جیهاندا، بونی كوردان له‌وێ پێگه‌و دۆستایه‌تی به‌هێز بۆ كورد فه‌راهه‌م ده‌كات، بۆیه‌ گرنگه‌ سه‌رجه‌م كوردانی هه‌نده‌ران له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌شداری بكه‌ن و ده‌نگ به‌ نوێنه‌ره‌كانیان بده‌ن.
 گه‌ر بتوانم متمانه‌ی ده‌نگده‌ران به‌ده‌ستبێنم و ببمه‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا ئه‌وا دیاره‌ به‌ ئاستێكی فراوانتر به‌رده‌وانی به‌ پشتگیری و ناساندنی دۆزی كورد له‌ ئاستی  ئه‌وروپاو جیهان ده‌ده‌م و دروستكردنی لۆبیه‌كی كوردی بۆ پشتگیری له‌ مافه‌ ره‌واكانی كوردو داكۆكیكردن له‌ مافی كوردانی هه‌نده‌ران و ناساندنی سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌كانی ده‌وڵه‌تان دژ به‌ كورد به‌شێكن له‌ ئه‌ركی ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانی ئه‌وروپادا، كورد له‌سه‌ر ئاستی ناوه‌نده‌كانی بڕیاری ئه‌وروپی دۆستی به‌هێزی نیه‌ بۆیه‌ گرنگه‌ ئێمه‌ هه‌وڵه‌كانمان به‌ ئاڕاسته‌ی په‌یداكردنی دۆست وهاوپه‌یمانی زیاتری ئه‌وروپی  په‌ره‌
 پێ بده‌ین.
پ/ په‌یامتان بۆ كوردانی ئه‌وروپا به‌گشتی و هۆڵه‌ندا به‌تایبه‌تی چیه‌؟
و/ په‌یامی من ئه‌وه‌یه‌ باكوردانی هه‌نده‌ران وه‌ك گه‌لانی تری رۆژهه‌ڵات له‌ ئه‌ورپا رۆڵێكی سیاسی فراوانتر بگێڕن، هه‌روه‌ها به‌شداری له‌ ده‌نگداندا بكه‌ن، ئاماده‌یی كورد له‌ ناوه‌نده‌كانی بڕیاری سیاسی له‌سه‌رجه‌م ئاسته‌كانی هه‌رێمی و نیشتمانی و ئه‌وروپی هۆكارێكی یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ چاره‌سه‌ر كردنی به‌شێك له‌ كێشه‌كانی كورد چ له‌ ئه‌وروپاو چ له‌ زێدی باوباپیرانی خۆمان(كوردستان)، داواش له‌ به‌رپرسانی كورد ده‌كه‌م گرنگییه‌كی زیاتر به‌ كوردانی هه‌نده‌ران و كێشه‌كانیان بده‌ن چونكه‌ ئه‌م كوردانه‌ ده‌توانن رۆڵێكی گرنگ بگێڕن له‌ به‌هێزكردنی پێگه‌ی كورد له‌  هه‌نده‌ران و ناساندنی كورد له‌ جیهاندا.

یونس سه‌مه‌د لوتفوڵڵا گۆران، له‌ شاری كه‌ركوك له‌دایكبووه‌و له‌ ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ نیشته‌جێی وڵاتی هۆڵه‌ندایه‌و خوێندنی زانكۆی له‌ ئه‌مسته‌ردام ته‌واوكردوه‌، ساڵی 2002 بووه‌ به‌ ئه‌ندام له‌ پارتی سۆسیالیستی هۆڵه‌ندی و ساڵی 2008 بووه‌ به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانی هه‌رێمی ناوه‌ڕاستی هۆڵه‌ندا، له‌ ئێستاشدا وته‌بێژی هه‌مان پارته‌ بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.

PUKmedia  ئا/ ئاری عه‌دنان- هۆڵه‌ندا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket