riklam

یه‌كێتی ته‌ئكید له‌پێكهێنانی حكومه‌تێكی خزمه‌تگوزار ده‌كاته‌وه‌

کوردستان 01:26 PM - 2026-07-15
لۆگۆی حکومەتی هەرێم و شارەکانی هەرێم PUKMEDIA

لۆگۆی حکومەتی هەرێم و شارەکانی هەرێم

پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

نزیكه‌ی دوو ساڵه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامدراوه‌ و نه‌توانراوه‌ حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان له‌نێوان لایه‌نه‌كاندا پێكبهێندرێت، هاوكات هه‌میشه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ راگه‌یاندوه‌ و له‌ رێی وته‌بێژه‌كه‌یه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ یه‌كێتی ئاماده‌یه‌ حكومه‌تێكی خزمه‌تگوزار پێكبهێنێت، هه‌روه‌ها ده‌بێت یه‌كێتی وه‌ك هێزێكی سه‌ره‌كی له‌ هه‌رێمی كوردستان رۆڵی شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ له‌ ‌حكومه‌ت ببینێت، نه‌ك وه‌ك حكومه‌ته‌كانی پێشوو رۆڵی هه‌بێت، هاوكات قوباد تاڵه‌بانی-یش ده‌ڵێت: "دواكه‌وتنی له‌وه‌ زیاتری پێكهێنانی حكومه‌ت زیانی قه‌ره‌بوونه‌كراو به‌ پێگه‌ی هه‌رێم ده‌گه‌یه‌نێت".


یه‌كێتی ته‌ئكیدی له‌پێكهێنانی حكومه‌تێكی خزمه‌تگوزار بۆ خه‌ڵك كردوه‌ته‌وه‌

رۆژی 20ـی 10ـی 2024 هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامدرا و دوای نزیكه‌ی دوو مانگیش له‌ رێككه‌وتی 2ی12ی2024 دانیشتنی (یه‌كه‌م)ی خولی پایزه‌ی ساڵی یه‌كه‌م له‌ ‌خولی هه‌ڵبژاردنی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی ئه‌رده‌ڵان محه‌مه‌د به‌ڕ‌‌ێوه‌چوو، كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كونسوڵ و نوێنه‌رانی وڵاتان له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوون.

له‌دوای ئه‌و واده‌یه‌وه‌ نه‌توانراوه‌ نه‌په‌رله‌مان كۆببێته‌وه‌ ‌و نه‌حكومه‌تی نوێی هه‌رێم له‌نێوان لایه‌نه‌كان پێكبهێندرێت، له‌كاتێكدا یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر ئاستی باڵا و لیژنه‌كانیش چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا، به‌ڵام له‌سه‌رجه‌م كۆبوونه‌وه‌كاندا یه‌كێتی ته‌ئیكیدی له‌ پێكهێنانی حكومه‌تێكی خزمه‌تگوزار بۆ خه‌ڵك كردوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها داوای كردوه‌ كه‌ له‌ ‌حكومه‌تی داهاتوو رۆڵی كارای هه‌بێت و هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ی حكومه‌ت بێت، نه‌ك به‌شداربێت، به‌ڵام پارتی تائێستا له‌سه‌ر ئه‌و داوایه‌ی یه‌كێتی هه‌ڵوێستی جدی خۆی رانه‌گه‌یاندوه‌ ‌و ئه‌مه‌ش پێكهێنانی حكومه‌تی راگرتووه‌، هاوكات چه‌ند لایه‌نێكیش وه‌ك یه‌كگرتووی ئیسلامی و سۆسیالیست و كۆمه‌ڵی دادگه‌ری هه‌وڵی نێوه‌ندگیری یه‌كێتی و پارتییان داوه‌ و هه‌وڵه‌كانیان بۆ لێكنزیكردنه‌وه‌یان خستووه‌ته‌گه‌ڕ‌.

یەکێتی پشتیوانی هەر پێشنیارێک دەکات  ‌لە به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمدا بێت

پێشتر رزگار حاجی حه‌مه‌، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌ ‌كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا رایگه‌یاند: یه‌كێتی و سه‌رۆك بافڵ، پشتیوانی ته‌واوه‌تی له‌ ‌هه‌ر پڕ‌‌ۆژه‌ ‌و پێشنیارێك ده‌كه‌ن كه‌ له‌ ‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان و میله‌ته‌كه‌ماندا بێت، بۆیه‌ به‌ ‌هه‌موو توانامانه‌وه‌ پشتیوانیی له‌ پڕ‌‌ۆژه‌ی پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی باڵای به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی ده‌كه‌ین.

وتیشی: داوا له‌سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، به‌شدار و پاڵپشتی ئه‌م پڕ‌‌ۆژه‌یه‌ بكه‌ن، چونكه‌ دۆخه‌كه‌ پێویستی به‌ یه‌كڕ‌‌یزی و یه‌ك هه‌ڵوێستییه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین مووچه‌ ‌و شایسته‌ دارایی و داخوازییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان له‌ ‌به‌غداد به‌دی بهێنین.

یەکێتی داوا دەکات هەرێم دەستور و بودجەی هەبێت

هاوكات شلێر غه‌فوور ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌ PUKMEDIA ی راگه‌یاند: یه‌كێتی هه‌میشه‌ پشتیوانی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان كردوه‌و داوای كردوه‌ كه‌ حكومه‌تی داهاتوو وه‌ك حكومه‌ته‌كانی پێشوو نه‌بێت، چونكه‌ هاووڵاتیان گله‌یی زۆریان له‌حكومه‌ت هه‌یه‌ و ده‌بێت حكومه‌تی داهاتوو خزمه‌تكاری خه‌ڵك بێت.

وتیشی: یه‌كێتی له‌پێناو شه‌فافیه‌ت له‌داهات و خه‌رجی له‌كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ پارتی داوایكردوه‌ كه‌ یاسای بودجه‌مان هه‌بێت و هه‌رێمی كوردستانیش ببێته‌ خاوه‌نی ده‌ستووری خۆی، كه‌ له‌راستییدا ده‌بوو زۆر زووتر خاوه‌نی ده‌ستوور و یاسای بودجه‌بین.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمه‌ڵی دادگه‌ری و حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، هه‌وڵه‌كانیان بۆ لێكنزیكدرنه‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ خستووه‌ته‌گه‌ڕ و یه‌كێتی پشتیوانی خۆی بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌ربڕیوه‌.

سه‌رۆك بافڵ: له‌ ستراتیجی ئه‌م پێنج شه‌ش ساڵه‌ی رابردوو ناڕ‌ازین

بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌كاتی ئیمزاكردنی رێككه‌وتنی نێوان یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ رایگه‌یاندوه‌، ده‌رگا كراوه‌یه‌ بۆ هه‌موولایه‌ك، بۆ خوشك و برا ئیسلامییه‌كان و ئۆپۆزسیۆن و پارتی دیموكراتی كوردستانیشه‌وه‌ بۆ به‌شداری كردن له‌م هاوپه‌یمانێتییه‌، مه‌رجیشمان ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵه‌ی خۆت بزانیت و داوای لێبووردن له‌ میله‌ت بكه‌یت و به‌جۆرێكی نوێ سیاسه‌ت بكرێت.

راشیگه‌یاند: پێكهێنانی حكومه‌ت زۆر دواكه‌وتووه‌، ساڵ و نیوێك زیاتره‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت حكومه‌تێكی باشترمان له‌ كوردستان هه‌بێت، حكومه‌تێك كه‌ بتوانێت باشتر خزمه‌ت بكات، بۆیه‌ لای یه‌كێتی پێكهێنانی حكومه‌ت مه‌سه‌له‌ پۆست نییه‌، به‌ڵكو وه‌ك پرسێكی ستراتیجی لێی ده‌ڕوانێت، كه‌ سه‌یری ئه‌م پێنج شه‌ش ساڵه‌ی رابردوو ده‌كه‌ین لێی رازی نین.

روونیشیكرده‌وه‌: ئێمه‌ حكومه‌تێكمان ده‌وێت كه‌ جیاواز بێت له‌ جاره‌كانی دیكه‌، كێشه‌نییه‌ لای من كێ له‌پۆستێكدایه‌، به‌ڵام بیروبۆچوونی حكومه‌تی داهاتوو گرنگه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ له‌ دوای ریفراندۆمه‌وه‌ هه‌موو پرسێكی ستراتیجی كه‌ هاتووه‌ته‌ی پێشه‌وه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ هه‌ڵه‌ بڕ‌‌یاریداوه‌.


قوباد تاڵه‌بانی: دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌ت زیانی قه‌ره‌بوونه‌كراو به‌ پێگه‌ی هه‌رێم ده‌گه‌یه‌نێت

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ رۆژی 3ی7ی2026 قوباد تاڵه‌بانی له‌ ‌توركیا چاوی به‌ هاكان فیدان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا كه‌وت و رایگه‌یاند: دۆخێكی نوێ له‌ ناوچه‌كه‌ و عیراق و ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ و پێویسته‌ لایه‌نه‌كان به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م دۆخه‌ نوێیه‌دا هه‌وڵبده‌ن هه‌رچی زووتر حكومه‌تی نوێ پێكبهێنن و دواكه‌وتنی له‌وه‌ زیاتری ئه‌م پرسه‌ زیانی قه‌ره‌بوونه‌كراو به‌ پێگه‌ی هه‌رێم ده‌گه‌یه‌نێت.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌: یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاماده‌یه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شیی راسته‌قینه‌ كه‌ خزمه‌تی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان به‌بێ جیاوازی بكات.

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ رۆژی 20ـی 10ـی 2024 هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامدرا و ئێستا كه‌ ناوه‌ڕ‌استی ساڵی 2026مان تێپه‌ڕ‌اندووه‌، هێشتا كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ پێكنه‌هاتووه‌، به‌جۆرێك دواكه‌وتنی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت درێژه‌یكێشاوه‌، كه‌ ته‌نها قه‌یرانێكی سیاسی نییه‌، به‌ڵكو ره‌نگدانه‌وه‌ی راسته‌وخۆی له‌سه‌ر ژیانی رۆژانه‌ی هاووڵاتیان هه‌یه‌، چونكه‌ له‌ لایه‌ك پرسی مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غداد به‌ ته‌واوی یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه‌ و له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ په‌ككه‌وتنی په‌رله‌مان بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی یاسایی له‌ چاودێریكردنی دامه‌زراوه‌كان و جێبه‌جێكردنی پڕ‌ۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كاندا دروستكردووه‌.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket