ستراتیژییەتی عیراق کۆتاییهێنان بە چەکداریی، کۆنفرانسی سەروەری و رووبەڕووبونەوەی گەندەڵییە
عیراق 01:55 PM - 2026-06-27
PUKMEDIA
عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عیراق
سەرۆکوەزیرانی عیراق، رایدەگەیەنێت: سەردانی چاوەڕوانکراوی بۆ واشنتن تەنها سەردانێکی پرۆتۆکۆڵی نییە، بەڵکو راگەیاندنی قۆناغێکی نوێیە لە هاوبەشی نێوان عیراق و ئەمریکا، دەشڵێت لە مانگی ئەیلول هێزە بیانییەکان دەکشێنەوە و کۆنگرەی سەروەری عیراق دەبەستین، مەبەستیشمان تا سێ ساڵی دیکە، بری هەناردەی نەوت بۆ حەوت ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بەرز بکەینەوە و بەردەوامیش دەبین لە رووبەڕوو بونەوەی گەندەڵی و پێداچوونەوەش گرێبەستەکان دەکرێت.
قۆناغێکی نوێی پەیوەندی نێوان ئەمریکا و عیراق
عەلی فالح زەیدی سەرۆکوەزیرانی عیراق، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی
سکای نیوز عەرەبیە، رایگەیاند: سەردانەکەمان بۆ واشنتن سەردانێکی پرۆتۆکۆڵی نییە،
بەڵکو ڕاگەیاندنی قۆناغێکی نوێیە لە هاوبەشی نێوان عیراق و ئەمریکا، کە لەسەر
بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و ڕێزی یەکتری بونیاد نراوە.
لە بارەی پەیوەندی داهاتووی عیراق لەگەڵ ئەمریکا دوای کشانەوەی
هێزەکانیان، سەرۆکوەزیرانی عیراق، رایگەیاند: لە ئەیلوولی داهاتوودا هێزەکانی
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆتایی بە ئەرکی شەڕکردنیان لە دژی داعش دەهێنن و بە یەکجاری عیراق جێدەهێڵن،
دوای ئەوەش قۆناغی داهاتوو چاوەڕوان دەکەین ئامادەیی ئەمریکا لە ڕێگەی هاوبەشی
ئابووری، وەبەرهێنان و گەشەپێدانەوە بێت.
لە هاوبەشی سەربازییەوە بۆ هاوبەشی ئابوری
ڕوونیشی کردەوە: دەمانەوێت لە قۆناغی هاوبەشی سەربازییەوە بگوازینەوە
بۆ هاوبەشییەکی ئابوری بەردەوام، و پردێکی ئابووری کارا لە نێوان عیراق و ئەمریکا
دروست بکەین کە بەرژەوەندی هەردوو گەل بەدی بهێنێت،بۆیە ڕێنماییمان داوە بە
وەزارەتەکانی نەوت، کارەبا و پەیوەندییەکان کە کاری لە پێشینە بدەنە کۆمپانیا
بەناوبانگەکانی ئەمریکا لە بوارەکانی وزە، پەیوەندییەکان، تەکنۆلۆژیا و گەشەپێدان.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەنجومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووری بڕیاری
گرنگی داوە سەبارەت بە پڕۆژە گەورەکانی نەوت لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان، لەوانە :شیڤرۆن،
هالیبێرتۆن، و کۆمپانیای HKN، جگە
لەوەش هەلی کار لە کێڵگە نوێیەکانیان پێدەدەین.
ژێرخانی دیجیتاڵی عیراق بەهێز دەکرێت
عەلی زەیدی، ئاماژەی بەوەشکرد: کەرتی پەیوەندییەکان بەرەو هاوکارییەکی
ستراتیژی لەگەڵ کۆمپانیای (ستارلینک) هەنگاو دەنێت بەجۆرێک کە ژێرخانی دیجیتاڵی عیراق
لەگەڵ لایەنی ئەمریکی بەهێز بکات .
لە بارەی سندوقی گەشەپێدانی
وزەشەوە، رایگەیاند: پڕۆژەی سندووقی وزە و گەشەپێدان لە 500 هەزار بەرمیل لە
ڕۆژێکدا دەست پێدەکات تا دەگاتە دوو ملیۆن بەرمیل، ئەمەش بەپێی بارودۆخی ئابوری و
بەرهەمهێنان، و یاساکانی ئۆپیک گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
ئەوەشی خستەڕوو: لە ماوەی سێ دەیەدا، دەکرێت دارایی سندووقەکە بگاتە
نزیکەی 400 ملیار دۆلار، لەگەڵ گەشەکردنێکی قۆناغ بە قۆناغ کە بەستراوەتەوە بە
ئەدای پڕۆژەکان و کۆمپانیا جێبەجێکارەکانەوە.
نابێت چەک لە دەرەوەی دەوڵەت بێت
پەیوەست بە چەکدانانی گروپەکانیش، سەرۆکوەزیرانی عیراق، رایگەیاند: گفتوگۆیەکی قووڵمان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان ئەنجامداوە و دووپاتمان کردووتەوە، دەوڵەت کۆکەرەوەی هەمووانە،بۆیە ناتوانرێت بوونی چەک لە دەرەوەی دامەزراوەکانیدا قبووڵ بکرێت،چونکە قۆناغی ئێستا پێویستی بەوەیە هەمووان لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە کار بکەن.
کۆنفرانسی سەروەری دەبەستین
روونیشی کردەوە: ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بە ناونیشانی (کۆنفرانسسی سەروەری) دەکەین، کە جەخت دەکاتەوە بڕیاری عیراق بە دەستی عیراقییەکان خۆیانە، لەگەڵ عیراقێک کە هێزە بیانییەکانی تێدا نییە و گروپی چەکدار لە دەرەوەی دەوڵەت بوونی نییە.
حەوت ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە
لە بارەی پلانیان بۆ
زیادکردنی هەناردەی نەوت، سەرۆکوەزیرانی عیراق، رایگەیاند:لە ماوەی سێ ساڵی
داهاتوودا، هەوڵدەدەین بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی عیراق بۆ (7) ملیۆن بەرمیل لە
ڕۆژێکدا بەرز بکەینەوە، و کۆمپانیا ئەمریکییەکانمان لەم دیدگایە ئاگادار
کردووەتەوە.
جەختیشی کردەوە: پەیوەندیمان
لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بنەمای هاوسێیەتی باش، ڕێزگرتن و بەرژەوەندی
هاوبەشە،وەک ئەوەی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە هەمانە.
لە مانگی ئەیلولدا ئەنجامی کارەکان رادەگەیەنرێت
لە بارەی کارەکانی خۆیان و ئاشکرا کردنی بۆ رای گشتی، عەلی زەیدی ئاشکرای کرد: دوای 30ی ئەیلوول لەبەردەم هاووڵاتیاندا دەرەنجامی کارەکانی حکومەت و دەستکەوتەکانمان بۆ هاووڵاتیان رادەگەیەنین، ئێمە کارەکانمان نیشان دەدەین، نەک تەنها بەڵێن بە هاووڵاتیان بدەین.
پۆستە بەتاڵەکان پڕ دەکرێنەوە
سەرۆکوەزیرانی عیراق، دووپاتیشی کردەوە، کە هەوڵدەدەین لە ماوەی دوو هەفتەدا پڕکردنەوەی پۆستە
بەتاڵەکان لە پێکهاتەی حکومەتدا تەواو بکەین.
سەرۆکوەزیرانی عیراق، پەیوەست
بە ئابوری عیراقیش، رایگەیاند: ئابورییەکی کۆن هەیە کە هەوڵدەدات بەردەوام بێت، و
ئابورییەکی نوێش هەیە کە کار لەسەر بونیادنانی دەکەین، ئێمە بەردەوامین لە
گواستنەوە بەرەو ئابورییەکی بەرهەمهێنەر و پێشکەوتوو،بۆیە کار بۆ دامەزراندنی
سندووقی گەشەپێدان دەکەین، بە بەشداری بانکی ناوەندی عیراق و سندووقە
نیشتمانییەکان، لەگەڵ کردنەوەی دەرگا بۆ بەشداریکردنی گشتی.
بە توندی رووبەڕووی گەندەڵی دەبنەوە
لە بارەی رووبەڕووبونەوەی گەندەڵیش، عەلی زەیدی رایگەیاند: دەستمان بە
ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە ڕێگەی ڕێکارە یاساییەکانەوە کردووە ، بەشێکی زۆری
بەفیڕۆدانی سامانی گشتیمان راگرتووە، و پارەمان لە ڕێگەی چوارچێوە رەسمییەکان
گێڕاوەتەوە. گەندەڵی لە عێراقدا دیاردەیەکە لە ئاستی بچووکەوە دەست پێدەکات و
چارەسەرکردنی پێویستی بە چاکسازی گشتگیر و بەردەوام هەیە.
لیژنە بۆ پێداچوونەوە بە گرێبەستەکان پێکهێنراوە
دووپاتیشی کردەوە: لیژنەیەکی ناوەندیمان پێکهێناوە بۆ پێداچوونەوە بەو
گرێبەستانەی کە بەهاکەیان لە (25) ملیار دینار تێپەڕ دەکات، بۆ وردبینیکردنیان و
دەستەبەرکردنی سەلامەتی خەمڵاندنە داراییەکانیان، و ڕێگریکردن لە زیادەڕۆیی لە
تێچووە خەمڵێنراوەکاندا.
لە کۆتاییدا عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عیراق، ڕایگەیاند: ئەنجومەنی
وەزیران ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ڕەوانەکردنی پڕۆژەیاسایەک بۆ ئەنجومەنی نوێنەران
بۆ پێکهێنانی دەستەیەک بۆ چاودێری و وردبینی پێشوەختە لە سەرجەم وەزارەتەکان و
دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، بە شێوەیەک کە ڕێکارەکانی شەفافیەت و حوکمڕانی بەهێز بکات
و کارایی بەڕێوەبردنی پارەی گشتی بەرز بکاتەوە.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
پەرلەمانتارێکی یەکێتی بەدواداچوون بۆ کێشەیەکی هاووڵاتیانی کەرکوک دەکات
02:23 PM - 2026-06-27 -
دوای گرژییەکان ئەمریکا و ئێران هەڕەشەی نوێ دەکەن
11:40 AM - 2026-06-27 -
گەورەترین فێستیڤاڵ بۆ دووەمین رۆژ لە سلێمانى بەردەوام دەبێت
09:19 AM - 2026-06-27 -
لێپرسراوی ناوەندی دەرەوە لە نەرویج سەردانی ئارامگای چەند تێکۆشەرێک دەکات
10:12 PM - 2026-06-26
ئەمانەش ببینە
سێ گوندیان لە کوردستانن...عیراق پێنج گوند بۆ باشترین گوندە گەشتیارییەکانی جیهان کاندید دەکات
03:24 PM - 2026-06-27
ستراتیژییەتی عیراق کۆتاییهێنان بە چەکداریی، کۆنفرانسی سەروەری و رووبەڕووبونەوەی گەندەڵییە
01:55 PM - 2026-06-27
عیراق داهاتى ناوخۆ دەبڕێت و مووچە دەنێرێت
12:03 PM - 2026-06-27
عیراق بهپێدانی زهوی و پێشینەى دارایى كێشهی نیشتهجێبوون كهمدهكاتهوه
10:41 AM - 2026-06-27
زۆرترین خوێنراو
-
بههۆی بوومهلهرزهوه 50 ههزار كهس له ڤهنزوێلا بێسهروشوێنن
جیهان 09:47 AM - 2026-06-27 -
گەورەترین فێستیڤاڵ بۆ دووەمین رۆژ لە سلێمانى بەردەوام دەبێت
کوردستان 09:19 AM - 2026-06-27 -
لێپرسراوی ناوەندی دەرەوە لە نەرویج سەردانی ئارامگای چەند تێکۆشەرێک دەکات
کوردستان 10:12 PM - 2026-06-26 -
قەڵای پاراستنی زمان و شوناس لە زریانی سیاسەت و غەریبیدا!
بیروڕا 09:24 PM - 2026-06-26 -
ئیسرائیل و لوبنان رێککەوتن
جیهان 09:06 PM - 2026-06-26 -
لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا حکومەتی هەرێم 10 مووچەی فەرمانبەرانی نەداوە
کوردستان 07:12 PM - 2026-06-26 -
ئەڵمانیا سیستمی بەرگریی ئاسمانی پاتریۆتی لە باكوری كوردستان جێگیركرد
جیهان 06:49 PM - 2026-06-26 -
بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی: کێشەی ناردنی تەماتەی جوتیاران چارەسەر کرا
کوردستان 06:06 PM - 2026-06-26






دابەزێنە

