riklam

فەرمانی دەستگیركردنی بەڕێوەبەرو پێشكەشكارێكی كەناڵ8 ناڕەزایەتی لێدەكەوێتەوە

کوردستان 09:50 PM - 2026-06-21
 ئەحمەد نەجم سەرۆكی بۆردی بەڕێوەبردنی كەناڵ8 و بژار دەباغ پێشكەشكاری كەناڵەكە كەناڵ8

ئەحمەد نەجم سەرۆكی بۆردی بەڕێوەبردنی كەناڵ8 و بژار دەباغ پێشكەشكاری كەناڵەكە

كوردستان

بەتۆمەتی خراپ بەكارهێنانی مۆبایل و بەئیمزای وەزیری ناوخۆ، فەرمانی دەستگیركردن بۆ سەرۆكی بۆردی كەناڵ8 و پێشكەشكارێكی كەناڵەكە دەرچوو، بۆردی راگەیاندنی یەكێتیش دەڵێت: بڕیارەكە حزبیی و نایاساییە، هاوكات ڕێكخراوی پەیامنێرانیش داوا لەلێپرسراوانی هەرێم دەكات مافی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی ڕۆژنامەگەری بپارێزن. 

بەپێی نووسراوێكی رەسمی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە ڕۆژی 7/5/2026 بە ئیمزای ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ دەرچووە، فەرمانی دەستگیركردن بۆ هەریەك لە ئەحمەد نەجم (سەرۆكی بۆردی بەڕێوەبردنی كەناڵ8) و بژار دەباغ (پێشكەشكاری كەناڵەكە) دەركراوە.

لە نووسراوەكەدا كە ژمارەی 13175ی پێدراوە و ئاراستەی گشت بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ كراوە، هاتووە كە "ئەحمەد نەجمەدین ئیبراهیم تاڵەبانی" و "بژار عەلی ئەنوەر ئەفراسیاب دەباغ" بەپێی ماددەی 2ی یاسای خراپ بەكارهێنانی مۆبایل دەستگیربكرێن. هەروەها داوا كراوە دوای دەستگیركردنیان لە دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر ئامادە بكرێن.

هاوكات، بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: بڕیارەكەی وەزیری ناوخۆ بۆ دەستگیركردنی بەڕێوەبەری كەناڵ 8 و میدیاكارێكی دیاریی كەناڵەكە، مایەی سەرسوڕمان و شۆكە، چونكە لە سەرێكەوە پێچەوانەی (یاسای ژمارە 35 ی ساڵی 2007)یاسای كاری رۆژنامەوانیی ھەرێمی كوردستانەو لەسەرێكی ترەوە دژی رێنماییەكانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانە كە رۆژنامەنووس بەبێ نوێنەری سەندیكا نابێت تەنانەت بانگھێشتی بەردەم یاساش بكرێت نەك فەرمانی دەستگیر كردن.

راشیگەیاند: ئەم بڕیارەی وەزیری ناوخۆ بازدانە بەسەر یاساو رێساكانی رۆژنامەوانی لە كوردستان و دادگاو وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی كوردستان و زیاتر بڕیارێكی حزبییە نەك حكومی . 

لەلایەكی دیكەشەوە، ڕێكخراوی پەیامنێران رایگەیاند: داوا لە لێپرسراوانی هەرێمی كوردستان دەكەین پابەندی دەستوور و یاسا نێودەوڵەتییەكان بن و مافی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی ڕۆژنامەگەری بپارێزن.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket