riklam

ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر تاران و ئێرانیش وەڵامی هێرشەکان دەداتەوە

جیهان 10:18 AM - 2026-03-19
هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر تاران میدیاکان

هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر تاران

جەنگی ئێران له‌ هەفتەی سێیەمی خۆیدا بەردەوامە و ئەمریکا و ئیسرائیل به‌ به‌رده‌وامی هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ئێران، تارانیش بە هەڵدانی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی دراوسێ وەڵام دەداتەوە.

میدیاکانی ئێران، بڵاویان کردەوە، ئەمڕۆ 19ی3ی2026، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە ناوەڕاستی تارانی پایتەخت بیستراوە، هاوکات سیستمی بەرگری لە رۆژهەڵاتی تاران کارا کراوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان.
 لەلایەکی دیکەوە، پارێزگاری لوڕستان لە رۆژئاوای ئێران، ئاشکرای کرد، لە هێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکاندا 12 کەس کوژراون و 116 کەسی دیکەش بریندار بوون.

لە بەردەوامی جەنگەکەشدا، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە پۆستێکیدا لەسەر “X” ڕایگەیاند، بۆ یەکەمجار سوپای ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر ئامانجەکانی باکوری ئێران.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، میدیا ئیسرائیلییەکان بڵاویانکردەوە، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردوەتە سەر کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئێران لە دەریای خەزەر.

لەلایەکی دیکەوە، ئێران بەردەوامە لە وەڵامدانەوەی هێرشەکان و بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پێگە گرنگەکان بە ئامانج دەگرێت و سوپای پاسدارانیش وێنەی هەڵدانی موشەکەکانی بڵاوکردەوە، کە بەپێی میدیاکان، لانیكه‌م له‌ 158 شوێن لە باکور و ناوەڕاستی ئیسرائیل زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه‌ لێدراوە، سوپای ئیسرائیلیش سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی  بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەکەکان کارا کرد.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە رۆژی 28ی2ی2026، جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران دەستیپێکردووە، کە بەهۆیەوە چەندین فەرماندەی ئەمنی بە ئامانج گیراون، ئەمە جگە لەوەی پێگە سەربازییەکان و وێستگەکانی سوتەمەنیش ئامانجی جەنگەکەن، لە بەرامبەریشدا، ئێران بە هەڵدانی مووشەک بۆ ئیسرائیل و وڵاتانی دراوسێ وەڵامی هێرشەکان دەداتەوە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket