لە دروشمی ئازادییەوە بۆ تەلارسازیی دەوڵەت
بیروڕا 02:41 PM - 2026-03-15
PUKMEDIA
دانا بەهادین
لیبراڵیزم، پێش ئەوەی تەنها بەرنامەیەکی سیاسی یان نەخشەیەکی ئابووری بێت، بریتییە لە دروشمی شکۆمەندیی مرۆڤ و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ئەو مەودا پیرۆزەی کە تێیدا تاک دەتوانێت بەبێ ترس لە چەوسانەوە و بەبێ کۆتی کۆیلایەتی گوزارشت لە جەوهەری خۆی بکات. ئەم کۆنسێپتە، کە لەنێو هەناوی تەمومژاوی سەدەکانی ناوەڕاست و لە ژێر ڕەحمەتی چەقۆکانی چەوسانەوەی کەنیسە و پاشایەتییە ڕەهاکاندا لەدایکبوو، بەڵام پەیامێکی سادە و شۆڕشگێڕانەی هەڵگرتبوو، ئەویش ئەوەیە کە مرۆڤ خاوەنی خۆیەتی و هیچ هێزێک لەسەر زەوی نییە بتوانێت ئەم خاوەندارێتییە لە مرۆڤ زەوت بکات، مەگەر بە ڕەزامەندیی خودی تاکەکان و لە پێناو بەرژەوەندییەکی گشتی باڵاتردا نەبێت.
کاتێک جۆن لۆک، لە سەدەی حەڤدەیەمدا باس لە مافە سروشتییەکانی وەک ژیان و ئازادی و خاوەندارێتی دەکات، تەنها باسی تیۆرێک ناکات، بەڵکو بناغەی ئەخلاقیی بۆ دەوڵەتێک دادەمەزرێنێت کە ئەرکی سەرەکیی پاراستنی ئەم مافانەیە ئاماژەی پێداوە نەک داگیرکردنیان. لای لۆک، چەمکی خاوەندارێتی (Property) تەنها موڵک و ماڵ نییە، بەڵکو مافی مرۆڤە بەسەر جەستەدا، بیرکردنەوە و بەرهەمی ڕەنجی خۆیدا. بەڵام لێرەدایە کە گرێکوێرە فەلسەفی و سیاسییەکە سەرهەڵدەدات، زۆرجار لە جەنگی دروشمە بریقەدارەکاندا فەرامۆش دەکرێت ئەویش ئەوەیە کە ئازادیی لیبراڵی لە بۆشاییدا گەشە ناکات و ناتوانێت لەسەر هەوا ماڵێک بۆ خۆی بنیاد بنێت. لیبراڵیزم پێویستی بە قەوارەیەکی سیاسیی هەیە کە پێی دەوترێت دەوڵەت و ئەم دەوڵەتەش دەبێت خاوەن سەروەرییەکی تەواو بێت بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە پاسەوانی ئازادییەکان.
لێرەوە تێدەگەین بۆ گەلانی ژێردەستە و داگیرکراو، قسەکردن لەسەر سیستەمی لیبراڵی پێش دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ وەک چاندنی تۆو وایە لەسەر تاشە بەرد، چونکە گەلی داگیرکراو پێش هەموو شتێک ئیرادەی سیاسیی لێ زەوت کراوە و کاتێک ئیرادە نەبوو، باس لە ئازادیی تاکەکەس دەبێتە کارێکی مەحاڵ و لادەرانە. بۆیە ڕزگاریی نیشتمانی نەک هەر دژ بە لیبراڵیزم نییە، بەڵکو دەروازە و مەرجی پێشوەختە هەرە گرنگەکەیەتی. هەر گەلێک بیەوێت سیستەمێکی لیبراڵ پەیڕەو بکات دەبێت سەرەتا ببێتە خاوەنی ماڵی خۆی و کلیلی بڕیارەکانی لە گیرفانی خۆیدا بێت، چونکە لیبراڵیزم لە جەوهەری خۆیدا دژی داگیرکارییە و ناتوانێت لە ژێر سایەی دەسەڵاتێکی نامۆ و دەرەکیدا هەناسە بدات کە تەنها کارەکەی چەوساندنەوە و سڕینەوەی ناسنامەیە.
کاتێک دەوڵەت وەک قەوارەیەکی سیاسی لەدایک دەبێت، پرسیارە جەوهەرییەکە سەرهەڵدەدات، ئایا ئەم زەبەلاحە چۆن ڕام دەکرێت؟ لێرەدا لیبڕالیزم وەک قەڵغانێک دەردەکەوێت بۆ ئەوەی دەوڵەت نەبێتە ئەو دێوەزمەیەی کە لەبری پاراستنی هاووڵاتییان کەچی بیانخوات، هەروەک چۆن تۆماس هۆبزیش پێی وابوو مرۆڤەکان بێ دەوڵەتبن وەک گورگ وان بۆ خواردنی مافی یەکتر، بەڵام بیریارێکی مۆدێرنی وەک جۆن ڕاوڵز دێت و ڕەهەندی ماناکان دەگۆڕێت، ئەو تەنها بەدوای "سەقامگیری"دا ناگەڕێت، بەڵکو بەدوای دادپەروەریی ڕەهادا وێڵە.
ڕاوڵز تاقیکردنەوەیەکی مێشکیی ناوازەمان وەک گریمانە پیشان دەدات بە ناوی پەردەی نادیار (Veil of Ignorance)، ئەو داوامان لێ دەکات وێنای ئەوە بکەین کە لە پشت پەردەیەکی ئەستوورەوە وەستاوین و خەریکی داڕشتنی یاساکانی کۆمەڵگەی داهاتووین بەبێ ئەوەی بزانین کاتێک پەردەکە لادەچێت، ئێمە کێین؟ ئایا دەوڵەمەندێکی خاوەن دەسەڵاتین یان هەژارێکی بێدەرەتان؟ ئایا جەستەیەکی ساخمان هەیە یان پەککەوتەین؟ لەم دۆخەدا کە نازانین چ چارەنووسێکمان بەردەکەوێت، بۆیە هەریەکەمان لە ترسی ئەوەی نەک بکەوێنە نزمترین پێگەی کۆمەڵایەتی، ناچار دەبێن یاسایەک هەڵبژێرێت کە مافی هەمووان وەک یەک پارێزراو بکەین. بەپێی وێناکردنی ئەم تاقیکردنەوەیەش دەیەوێت پێمان بڵێت دادپەروەری تەنها دروشم نییە، بەڵکو بەرهەمێکی بێلایەنی ڕەهایە کە تێیدا بەرژەوەندیی بێهێزترینەکان دەبێتە ئامانجی سەرەکی. لێرەوە جەوهەری لیبراڵیزم لەگەڵ مرۆییبووندا یەک دەگرێتەوە، چونکە هەر مرۆڤێکی ژیر لەو دۆخەدا سیستەمێک هەڵدەبژێرێت کە تێیدا ئازادییە بنەڕەتییەکان بۆ هەمووان پارێزراو بن، لە هەمانکاتدا نایەکسانییەکان بە جۆرێک ڕێک بخرێن کە زۆرترین سوود بە بێبەشترین چینەکانی کۆمەڵگە بگەیەنن. ئەم دیدگایە کە بە پرەنسیپی جیاوازی ناسراوە شۆڕشێکی گەورە بوو، چونکە ڕاوڵز سەلماندی کە ئازادیی ڕاستەقینە تەنها ئەوە نییە یاسا ڕێگەت پێ بدات قسە بکەیت، بەڵکو ئەوەیە کە دەوڵەت وەک قەوارەیەکی ئەخلاقی زەمینەیەکی ئابووری و کۆمەڵایەتیی وا بخوڵقێنێت تۆ وەک مرۆڤ کەرەستەی پێویستت لەبەر دەست بێت بۆ پراکتیزەکردنی ئازادییەکانت.
بەپێی بۆچونی ئامارتیا سین، ئازادی وەک توانست (Capability) وایە، دەوڵەتی لیبراڵ ئەو دەوڵەتەیە توانستی مرۆڤەکان گەشە پێ بدات. بەڵام نابێت چاوپۆشی لەو ڕەخنە قووڵانەش بکەین کە ئاراستەی ئەم چەمکە دەکرێن، بە نموونە بیریارێکی وەک ئایزایا بەرلین، جەخت لەسەر دوو جۆر لە ئازادی دەکاتەوە (نێگەتیڤ و پۆزەتیڤ) و هۆشداریمان دەداتێ هەندێک جار دەوڵەتەکان بە ناوی دابینکردنی ئازادیی پۆزەتیڤەوە دەست دەخەنە ناو وردترین کاروباری مرۆڤەکان و جەوهەری ئازادی دەکوژن. هەروەها فرانسیس فوکویاماش باس لە مەترسیی پاشەکشەی ناسنامە دەکات و دەڵێت ئەگەر لیبراڵیزم نەتوانێت هەستێکی بەهێزی ناسنامەی نیشتمانی دروست بکات، ئەوا لەبەردەم شەپۆلی پۆپۆلیزمدا هەرەس دەهێنێت، چونکە تاکەکان لە نەبوونی دەوڵەتێکی بەهێزدا هەست بە ئاسایش ناکەن.
بە کورتی بۆ گەلێکی وەک کورد کە هێشتا لە جەنگێکی قورسدایە بۆ بەدەستهێنانی سەروەریی و سەربەخۆیی نیشتمانی، وانەی گەورەی لیبراڵیزم ئەوەیە کە ئازادی تەنها لادانی داگیرکەر نییە، بەڵکو ئامادەکردنی زەمینەیەکی یاسایی و فەلسەفییە بۆ ئەوەی دوای ڕزگاری نیشتمان تاکەکان نەبنە کۆیلەی ستەمکارێکی ناوخۆیی. بۆیە پێویستە لە نێوان پێگەی لیبراڵیزم و خەباتی ڕزگاریخوازی پەیوەندییەکی هاو توند و تۆڵ هەبێت، چونکە دەوڵەتێکی سەربەخۆ بەبێ ئازادیی رەنگە ببێتە زیندانێکی گەورە، هاوکات ئازادیش بەبێ دەوڵەت تەنها لە وڕێنەی ئەو کەسانە دەچێت کە لە قوڵایی خەوێکی خۆشدان. لیبراڵیزم ڕێگەیەکی پڕ لە هەوراز و نشێوە کە مرۆڤایەتی بۆ گەیشتن بە کەناری ئارامی کەرامەت دەیبڕێت. تەنها لە سایەی دەوڵەتێکی نیشتمانیی دەستووری و خاوەن سەروەریدایە کە تاک دەتوانێت بە ڕاستی هەست بکات مافەکانی تەنها دروشم نین، بەڵکو واقیعێکی بەرجەستەن. ڕێگەی ئازادی لە دەوڵەتەوە تێپەڕ دەبێت و شکۆی دەوڵەتیش لە ئازادیی تاکەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
دوو پرۆژەی ستراتیژی بۆ خەڵکی هەڵەبجە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە
06:43 PM - 2026-03-15 -
مەکتەبی سیاسی: هەڵەبجە برینی ساڕێژ نەبووی نەتەوەیەکە
03:30 PM - 2026-03-15 -
باڵیۆزی وڵاتان ئیدانەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکەن
03:21 PM - 2026-03-15 -
وەزارەتی نەوتی عیراق داوا لەهەرێم دەكات دەست بەهەناردەكردنی نەوت بكاتەوە
01:31 PM - 2026-03-15
ئەمانەش ببینە
قوباد تاڵەبانی: شانازی بە کەرتی تەندروستیی سلێمانییەوە دەکەم
03:41 PM - 2026-03-15
د. یاد نەقشبەندی: نەخۆشخانەی هیوا پێشكەوتووترین چارەسەر پێشكەش بەمنداڵان دەكات
10:40 AM - 2026-03-15
هێرشە درۆنییەکانی شەوی رابردووی هەرێم زیانی گیانی لێکەوتەوە
09:23 AM - 2026-03-15
سودانی: هێرشی سەر نوسینگە دیپلۆماسییەکان لێکەوتەی مەترسیداری لەسەر عیراق دەبێت
11:15 PM - 2026-03-14
زۆرترین خوێنراو
-
چەند لاپەڕەیەکە.. بەڵام پوخت و بنەمایە بۆ خەباتی ژن
بیروڕا 03:14 PM - 2026-03-15 -
لە دروشمی ئازادییەوە بۆ تەلارسازیی دەوڵەت
بیروڕا 02:41 PM - 2026-03-15 -
وەزارەتی نەوتی عیراق داوا لەهەرێم دەكات دەست بەهەناردەكردنی نەوت بكاتەوە
کوردستان 01:31 PM - 2026-03-15 -
ئاستی ئاو بەرزدەبێتەوەو بارانی بەلێزمەو هەورە تریشقە زیاد دەكات
کوردستان 11:49 AM - 2026-03-15 -
د. یاد نەقشبەندی: نەخۆشخانەی هیوا پێشكەوتووترین چارەسەر پێشكەش بەمنداڵان دەكات
کوردستان 10:40 AM - 2026-03-15 -
هێرشە درۆنییەکانی شەوی رابردووی هەرێم زیانی گیانی لێکەوتەوە
کوردستان 09:23 AM - 2026-03-15 -
سودانی: هێرشی سەر نوسینگە دیپلۆماسییەکان لێکەوتەی مەترسیداری لەسەر عیراق دەبێت
عیراق 11:15 PM - 2026-03-14 -
سەرۆک بافڵ: هەوڵەکانمان بۆ پاراستنی سەقامگیریی هەرێم و خەڵکە
کوردستان 07:04 PM - 2026-03-14



.jpg)

.jpg)

دابەزێنە

