riklam

رۆژئاوا دەسووتێت، ئێمە چی دەکەین؟

بیروڕا 10:50 PM - 2026-01-22
 ئەرسەلان مەحمود PUKMEDIA

ئەرسەلان مەحمود

رۆژئاوای کوردستان کۆمەڵکوژ دەکرێ و جیهان تەماشا دەکات. هەروەک ئەوەی لە ڕواندا، سربیا و شنگال تەماشاچی بوو. جیهان هەمیشە تەماشا دەکات. هەر بۆیە پرسیارەکە ئەوە نییە جیهان بۆچی تەنها سەیرکەرە. بەڵکوو ئەوەیە ئێمەی کورد چیدەکەین و چ ڕۆڵێک دەگێڕین.

میدیای جیهانی ئەو دۆخەی سوریا وەک شەڕی ناوخۆیی نمایش دەکات، نەک وەک کۆمەڵکوژی. لەوەش خراپتر ئەوەیە میدیا و سۆسیال میدیای بکوژ وەک سەرچاوە وەردەگرێت، ئەم فرێمکردنە ڕێگری دەکات لەوەی ڕای گشتی ڕۆژئاوایی هەستێکی مرۆیی بەرامبەر بە کورد، بەوەی ڕوودەدات بەخۆیەوە ببینێت. لێرەدا ئەرکی میدیا و سۆشیال میدیای کوردی دەردەکەوێت. پێویستە ئەو گرێیە بکرێتەوە. نەک بۆ ئاگادارکردنەوەی کورد، چونکە کورد خۆی شاهیدی ئەو قەتڵوقڕانەیە. پێویستە جیهانیان لەمە تێبگەن، گرنگە جیهان ئەمە وەک خۆی بزانێت. پێویستە ئەو خەڵکانەی دەنگیان بە سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەگەر و ناوەندەکانی بڵاوکردنەوە دەگات، ڕاستییەکە ببیستن.

هەر ناوەندێکی میدیایی کوردی، پێویستییەکی نەگۆڕی بە ئاوڕدانەوە و بیرۆکەی تایبەت هەیە بۆ بەرهەمهێنانی ناوەڕۆک لانیکەم بە زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی. بەڵام نەک تەنها وەرگێڕانی هەواڵ، بەڵکوو ناوەڕۆکی ئاراستەکراو بۆ ڕای گشتی ئەوروپی و ئەمریکی. نووسەری ئینگلیزیزمان پێویستە. ڤیدیۆی کورت بە ئینگلیزی پێویستە. چیرۆکە مرۆییەکان، بە ناو و شوێن و ڕێکەوت، پێویستە بگاتە گوێی جیهان.

نزیکەی یەک ملیۆن کورد لە ئەڵمانیا دەژین. سەدان هەزار لە سوید و فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەمریکا و هۆڵەندا هەن. ئەم کۆمەڵگە گەورەیە دەتوانێ کاریگەر تربێت لەوەی هەیە؟ ڕاستییەکە تاڵە بەڵام دەبێت بگوترێت. زۆربەمان هیچ ناکەین. ئەوەی بەردەوامە ژیانێکی ئاساییە، هەواڵ دەبیستن و دڵتەنگ دەبن، بەڵام هەنگاوێکی کرداری هەڵناگرن. ئەم دۆخە پێویستە بگۆڕدرێت. هەر کوردێک لە دەرەوە ڕۆڵێکی گەورەتر لەوەی هەیە دەیگێڕێ، ڕؤڵێک هەرچەندە بچووک بێت دواتر کۆکراوەی هەزاران لەو ڕۆڵە بچووکانە دەبێتە هێز، ئەو هێزەی ئستا لە هەر کات زیاتر کورد پێویستییەتی.

بنووسە و ئیمەیڵ بکە بۆ پەرلەمانتارەکەت. نەک یەک جار، بەڵکوو هەموو ڕۆژێ. نامەیەکی ئاڕاستە بکە تەنها دەقیقەیەک وەختی دەوێت. ئەگەر هەزار کورد لە ئەڵمانیا نامە بنووسن بۆ پەرلەمانتارێک، ئەو پەرلەمانتارە گوێ دەگرێت. ئەگەر تەنها تۆ بنووسیت، ڕەنگە گوێ نەگرێت. بەڵام ئەگەر هیچ نەنووسیت، دڵنیابە هەرگیز گوێ بەوە نادا لێرە لە دەرەوەی وڵاتەکەی ڕوودەدا.

بڕۆ بۆ خۆپیشاندان. بەڵام شوێنی خۆپیشاندانەکە گرنگترە. بەردەم پەرلەمان، بەردەم ناوەندەکانی میدیا، لە شوێنێک جیهان ببیینێت. خۆپیشاندانەکانی ڕەوەندی کورد زۆرجار وەک کۆبوونەوەی خێزانی لە چاوی جیهانیان و ناوەندەکانی بڵاوکردنەوە دەردەکەون. تەنها کورد دێن، بە کوردی هاوار و دروشم دەڵێنەوە، میدیا وێنەیان دەگرێ و هەمووان دەگەڕێنەوە ماڵەوە. ئەمە کاریگەر نییە.

هاوپشتی دروست بکە، بەڵام نەک تەنها لەگەڵ کورد. چەپی ئەڵمانی، ڕێکخراوی مافە مرۆڤییەکانی فەڕەنسا، دامەزراوە مەدەنییەکانی بەریتانیا، ئەمانە دەتوانن هاوپشتی کوردەکان بن. بەڵام هاوپشتی بۆ خۆی نایەت. پێویستە بڕۆینە لایان، قسەیان لەگەڵدا بکەین، پرسیارەکانیان وەڵام بدەینەوە. ئایا دەتوانیت بە زمانێکی ڕوون ڕونکردنەوە بدەیت کوردەکان کێن و چیان بەسەر دێت؟ ئەگەر دەتوانیت، ئەرکتە. ئەگەر ناتوانیت، فێربوون پێویستە.

سۆشیاڵ میدیا ئامرازێکی زۆر بەهێزە، بەڵام پێویستە بە زیرەکی بەکاربهێنرێت. نەک تەنها بۆ کورد، بۆ جیهان بنووسە. بە ئینگلیزی، بە ئەڵمانی، بە فەڕەنسی. ڤیدیۆی کورت، وێنە، بەڵگە، چیرۆکی تاکەکەسی. ئەوەی دڵ دەبات چیرۆکی مرۆیی، نەک ژمارە و ئامار. چاوپێکەوتنێکی یەک خولەکی لەگەڵ دایکێک منداڵی لەدەستداوە، کاریگەرترە لە سەد ڕاپۆرتی ئاماری و شرۆڤەی سارد و سڕی سیاسی و فکری.

دوژمنەکانمان لەسەر هیچ شتێک ڕێکناکەون جگە لە یەک شت. تورکیا  و حکومەتی نوێی سوریا، ویستی جیاوازیان هەیە، بەڵام لەسەر دوژمنایەتی کورد یەکدەنگن. ئەگەر ئەوان دەتوانن لەسەر ئامانج ڕێکبکەون، بۆچی ئێمە ناتوانین؟ ئەوانەی ئێستا کاتی خۆیان بۆ باسکردنی ململانێ و کێشەی حزبی تەرخان دەکەن یان جیاوازی ئەم و ئەو یان ناکۆکی باشوور و ڕۆژئاوا، بە نەزانی و ناڕاستەوخۆ یارمەتی دوژمن دەدەن. ناکۆکی هەیە، ئەوە ڕاستە. ناکۆکییەکان گەورەن، ئەوەش ڕاستە. بەڵام ئێستا کاتی ئەوە نییە. لە کاتی کۆمەڵکوژیدا، هەموو شتێکی دیکە پێویستە بوەستێت.

ڕاستەوخۆ هاوکاربە. پارە، جل، دەرمان، پەناگا بۆ ئەوانەی دەتوانن ڕابکەن. ڕێکخراوەکان، ناوەندە جیاکانی کۆکردنەوەی کۆمەک هەن، گەر نایانناسی، گەر متمانەیان پێناکەی خۆت دامەزراوەیەک دروست بکە. بێدەنگی بژاردە نییە. بێدەنگی واتای قبووڵکردنی ئەو قەتڵوقڕانەیە. ئەگەر ناتوانین کۆمەڵکوژییەکە بوەستێنین، لانیکەم دەتوانین دەنگمان ببیسترێت.

خۆپیشاندانێک بە تەنها هیچ ناکات. بەڵام سەد خۆپیشاندان، هەزار نامە، ملیۆن دەنگ لە سۆشیاڵ میدیا، ئەمانە کۆدەبنەوە و دەبنە فشار. فشار بەرەبەرە زیاد دەبێت هەتا سیاسەتمەداران ناچار دەکات. ئەوانەی ئەمڕۆ دەنگیان هەڵدەبڕن و هەڵوێست وەردەگرن، ئەوانە مێژوو دروست دەکەن. ئەوانەی بێدەنگ دەمێننەوە، مێژوو ئەوانیش تۆمار دەکات.

پرسیار لە خۆت بکە، دەتەوێ مێژوو چیت لەسەر بنووسێ؟ پرسیاری کۆتایی ئەمە نییە جیهان چی دەکات. پرسیاری کۆتایی ئەوەیە تۆ چی دەکەیت. شنگال کەوت، تۆ چیت کرد؟ عەفرین داگیر کرا، تۆ چیت کرد؟ سەرێکانی کەوت، تۆ چیت کرد؟ ئێستا ڕۆژئاوا دەسووتێت، تۆ چی دەکەیت؟ ئەگەر وڵامەکەت هیچ بێت، ئەوا بیگۆڕە. نەک سبەینێ، ئێستا. ئەمریکا کورد ناپارێزێت. ئەوروپا کورد ناپارێزێت. نەتەوە یەکگرتووەکان کورد ناپارێزێت. ئەم ڕاستییەکە سارد و تاڵ، بەڵام ڕاستییە. کورد تەنها پشت بە خۆی دەبەستێ، چونکە هیچ لایەنێکی تر پشتیوانی ناکات. ئەم ڕاستییە قبووڵکردنی ئەوە نییە تەسلیم ببین، بەڵکوو بانگەوازە بۆ هەستانەوەی خۆمان و پشتبەستن بە یەکتری.

ئەرسەلان مەحمود

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket