دایكەكان
بیروڕا 10:53 AM - 2025-12-15
PUKMEDIA
کاروان ئەنوەر
شەوانە كە لە ئیش دەگەڕێمەوە، پێش ئەوەی بگەمەوە ماڵەوە، سەرێك لە دایكم دەدەم، هەموو جارێك ئەم رستانەم پێدەڵێت:
ـ رۆڵە نانت خواردووە؟ برسیت نییە؟
ئێستاش لەبەرچاوی دایكم، منداڵێكم و تازە پێدەگەم، رەنگە برسیم بێت، رەنگە سەرمام بێت، رەنگە پارەم پێنەبێت، رەنگە لە دەرەوە منداڵانی گەڕەك شەڕم پێ بفرۆشن، رەنگە لە یاریكردندا بكەوم و سەرئەژنۆم بریندار بێت، رەنگە لە حانووتی مەكتەب حەزم لە كونجی و مەسكەت و لەبزینە بێت و پارەی كڕینیم پێنەبێت، رەنگە حەزم لە تۆپێكی (زیک زاک) بێت بە دوو دینار و نیو نەتوانم بیكڕم، رەنگە حەزم لە سەعاتێكی ئەلەكترۆنی (کاسیۆ) بێت بە دوو دینار و حەزەكەم نەگاتە مەنزڵ، رەنگ بێت تاقیكردنەوەم هەبێت و خۆم بۆ ئامادە نەكردبێت، رەنگ بێت نەخۆش بم، سورێژە و دڕكەومێكوتە و كۆكە رەشەم بێت، رەنگ بێت چاوم بێشێت، رەنگ بێت ھاوڕێکەم قسەی لێدابڕیبم.
دایكەكان هەمیشە لە خەم و ترسی منداڵەكانیان ناحەسێنەوە، بۆیە زوو پیر دەبن، دەستیان لەسەر دڵیانە و ناحەوێنەوە، هەموو ئەو ترس و دڵەڕاوکێیە بە دیوە خراپەكەیدا لە دڵی دایكەكاندا سەوز بووە، تا منداڵەكانیش گەورەتر بن ترسی دایك گەورەتر دەبێت، كەچی تا منداڵ گەورەتر بێت لەبەرچاوی دایكەكاندا منداڵتر و بچوکتر دەبینرێ.
*ئەم سیحرە چییە، دایك لە سەری دروست بووە؟
*ئەم حیكمەتە چییە، دایکەکان هەرگیز لەبەرچاو ناكەون؟
*ئەم گەورەییە چییە، توانای هەڵگرتنی ئەم هەموو سۆز و بەزەییەی هەیە؟
-من دەڵێم دایكەكان كەسی ئاسایی نین! چونكە دایكن؟
هەموو جارێك بە دایكم دەڵێم: دایە تۆ خەمی منت نەبێت منداڵەكەی جارانت نیم، خەمی برسێتی منت نەبێت، راستە من زۆر لە دەرەوەم و ماندوو دەبم و دەوام زۆر دەكەم، بەڵام لە هەموو شوێنەكان كافتریا و چێشتخانەی لێیە و ئەگەر برسیم بێت ئەوا نانیان لێدەخۆم.
لە کەناڵی كوردساتەوە تا ماڵی خۆمان، دەیان ریستۆرانت و كافتریا و چێشتخانە ھەیە، گەر برسیم بێت دەتوانم نانێك بخۆم، بێخەم بە توخوا.
كەچی لە وەڵامدا دەڵێت: رۆڵە ئەزانم دنیا پڕیەتی لە مەتعەم و لۆقەنتە و چایخانە، بەڵام تۆ حەزت لە خواردنی دەرەوە نییە؟
ئەی هاوار، هێشتا لە خەمی حەزەكانی مندایە، ئەم رەفتار فریشتەییە چییە خودا بە دایكانی بەخشیوە!!؟ من تەمەنم بەرەو شەست ساڵ دەڕوات، نازانم بۆچی لای دایکم گەورە نابم!!؟؟ هێشتا لە ئاوێنەی چاوی ئەودا من منداڵێكی شەش ساڵانم.
دایكەكان زۆر گەورەن، زۆر میهرەبانن، زۆر بەسۆزن، دایكەكان لە سەرانسەری دنیادا هاوبەشن لە خو و لە فرمێسک لە ئامێز لە حەز لە خەم لە خەفەت، لە رەفتاردا لەمسەری دنیا بۆ ئەوسەری دنیا هەر دایكن، چونكە سوپاكان بەپێی وڵاتەكان دەگۆڕێن، پیاوەكان جیاوازن، وڵاتەكان هەریەكەیان جۆرێك سیستمن، حكومەتەكان هەریەكەیان هەڵگری رەفتارێك و ئەخلاقێكی جیاوازن، كەچی دایكەكان لە هەر شوێنێكی ئەم دنیایەدا بن، ھەڵگری ھەر ئایین و باوەڕێک بن، پیر بن یان گەنج، رەش یان سپی، خوێندەوار و نەخوێندەوار، ژن بن یان بێوەژن هەر دایكن.
دەمەوێت بڵێم زۆر گوناهە كە لە هەندێک نووسین و ئەدەبیاتی میللەتاندا بە ئێمەشەوە، نیشتمان بە دایك دەشوبهێنن، من بە گوناهێكی زۆر گەورەی تێدەگەم، دایكەكان هەرگیز زوڵم لە رۆڵەكانیان ناكەن، بەڵام نیشتمانەكان زۆر ئازاری رۆڵە و نەوە و نەتەوەی خۆیان دەدەن، ژورەکانی سێدارە و ئەشکەنجە و بەندیخانە و کێبڵ و کارەبای ھەیئە و شوعبەکان، ھەموویان فیدا و لەبەر خاتری نیشتمان بوون، بەڵام لەوەتەی مرۆڤ لەسەر زەوی ھەیە، لە رۆژگاری سێوەکەی ئادەمەوە تا ئەمڕۆ، دایکێکم نەبینی زەبرێک لە رۆڵەیەکی خۆی بووەشێنێت، دڵی بشكێنێت، ئازاری جەستە و ناخی بدات، خۆ دایكەكانیش مرۆڤن، مرۆڤەكانیش فریشتە نین و هێزی شەڕیان تێدایە، دەی كەواتە دایك مرۆڤێكی ئاسایی نییە!!
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال تێکۆشەرێکی دێرین بەسەردەکەنەوە
02:58 PM - 2025-12-15 -
پۆلیسی ئوسترالیا: تهقهكهرهكان باوك و كوڕن
02:46 PM - 2025-12-15 -
سەرۆککۆمار: مافی هەموو پێکهاتەکان لە عیراق پارێزراوە
02:31 PM - 2025-12-15 -
ئەمڕۆ تەرمى مامۆستا ئاڤێستا بەخاکدەسپێردرێت
11:46 AM - 2025-12-15
ئەمانەش ببینە
سودانی داوای پێداچونەووە بە داهاتی نانەوتی هەرێم دەکات
07:31 PM - 2025-12-15
قوباد تاڵەبانی: هاوکاری خێرای دامودەزگاکانی گەرمیان دەکەین
05:02 PM - 2025-12-15
رێبوار تەها: زیانلێکەوتووانی گوندەکانی کەرکوک قەرەبوو دەکەینەوە
04:10 PM - 2025-12-15
سبەینێ هاوکاری دارایی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە دابەشدەکرێت
03:40 PM - 2025-12-15
زۆرترین خوێنراو
-
سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال تێکۆشەرێکی دێرین بەسەردەکەنەوە
ی ن ک 02:58 PM - 2025-12-15 -
پۆلیسی ئوسترالیا: تهقهكهرهكان باوك و كوڕن
جیهان 02:46 PM - 2025-12-15 -
سەرۆککۆمار: مافی هەموو پێکهاتەکان لە عیراق پارێزراوە
عیراق 02:31 PM - 2025-12-15 -
ئەمڕۆ تەرمى مامۆستا ئاڤێستا بەخاکدەسپێردرێت
کوردستان 11:46 AM - 2025-12-15 -
ناوی کاندیدە سەرکەوتووەکانی یەکێتی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران
کوردستان 11:19 AM - 2025-12-15 -
بەنداوەکانى گەرمیان سەرڕێژ دەکەن و بەنداوەکانى دیکە ئاو گلدەدەنەوە
کوردستان 11:04 AM - 2025-12-15 -
دایكەكان
بیروڕا 10:53 AM - 2025-12-15 -
بەفربارین دەستپێدەکات
کوردستان 10:30 AM - 2025-12-15







دابەزێنە

