riklam

کۆنفرانسی ئامادەکاری بۆ دیداری یەکێتی لەکەرکوک بەڕێوەچوو

کوردستان 11:00 AM - 2025-03-26
کۆنفرانسی ئامادەکاری بۆ دیداری یەکێتی PUKMEDIA

کۆنفرانسی ئامادەکاری بۆ دیداری یەکێتی

دیداری یەکێتی

ئەمڕۆ 26-3-2025 هەشتەمین کۆنفرانسی ئامادەکاری دووەمین دیداری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکەرکوک بەئامادەبوونی بەشێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و میوانانی کەرکوک و سەڵاحەدین و خورماتوو، لەسەرجەم سێکتەرەکان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسە گرنگەکان و سیاسەتی یەکێتی بەڕێوەچوو.

یەکێتی خۆی بۆ قۆناغی نوێ ئامادە دەکات

دوای ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان کۆنفرانسەکە دەستیپێکرد و مەلا کەریم شکور ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرین-ی یەکێتی وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند:"لەگەڵ ئەو کێشانەی لەناوچەکە هەیە، یەکێتی هەمیشە دەستپێشخەر بووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و خۆی بۆ قۆناغی نوێ ئامادەکردووە، بۆیە گرنگە پەند لەهەڵەکانی رابردوومان وەربگرین و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدەین".

وتیشی:" ئەرکی هەموومانە شانبدەینەبەر کێشەکان و هەوڵی چارەسەرکردنیان بدەین و پەنجە بخەینە سەر برینەکان، لەپێناو جێبەجێکردنی ئەو دیدگا روونەی کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ناوچەکە هەیەتی".

ئەرکمانە خزمەتی زیاتری پێکهاتەکانی کەرکوک بکەین

 ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەكێتیی نشتمانیی كوردستان وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند:"هەمیشە یەکێتی هەوڵیداوە پێگەی کورد لەناوچە جێناکۆکەکان بەهێزتر بکات، بۆ ئەمەش پێویستمان بەپشتیوانی هەموو لایەکە، هەر ئەمەش وایکرد لەهەڵبژاردنەکانی رابردوودا دەنگی زۆرینەی شارەکە بەدەستبهێنین و بە ئیستحقاقی خۆمان پارێزگارێکی کوردی یەکێتی بۆ کەرکوک دابنێین".

وتیشی:" لەسەر رێبازەکەی سەرۆک مام جەلال ئەرکمانە خزمەتی سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکوک بکەین، چونکە هەموومان دەزانین، کە یەکێتی و کەرکوک دووانەیەکی لێک دانەبڕاون، بۆیە گرنگە رێکخستنەکانمان لە کەرکوک و خورماتوو بەهێزتر بکەین و خۆمان ئامادەبکەین بۆ گۆڕانکاری گەورە لەناو رێکخستن و ئۆرگانەکانماندا ئەمە جگە لەوەی ئەرکی پاراستنی دەستکەوتەکانمان لەسەر شانە".

ئاسۆ مامەند راشیگەیاند:"جێی خۆیەتی پاش ئەو وادە کەمەی، کە رێبوار تەها ئەرکی پارێزگاری شارەکەی وەرگرتووە دەستخۆشی لێبکەین، چونکە هەنگاوی باشی ناوە بۆ خزمەتی کەرکوکییەکان، ئێمەش وەک یەکێتی هەمیشە پشتیوانی ئەو و هەڤاڵەکانی دیکەمان دەبین لەپارێزگای کەرکوک، چونکە شارەکە هی هەموو پێکهاتەکانە و لەئێستادا یەکێتی وەک برا گەورەیەک خزمەتیان دەکات".

سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەكێتیی نشتمانیی كوردستان جەختیشیکردەوە:" دیداری کەرکوک تایبەتمەندی خۆی هەیە و پاراستنی شکۆ و هەوڵەکانی یەکێتی لەم سنورە ئەرکی هەموومانە و پێویستە هەوڵی زیاتر بدەین، کە دەنگی زیاترمان لەم ناوچەیە هەبێت و بگەڕێینەوە بۆ جێبەجێکردنی خواست و داواکارییەکانی خەڵک و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بدەین، چونکە خەڵکی کەرکوک و خورماتوو خزمەتی زیاتریان دەوێت و لەهەموو تەحەدییەکاندا پشتیوانی یەکێتی بوون".

بەبێ جیاوازی خزمەتگوزاری پێشکەشی گەڕەکەکانی کەرکوک دەکرێت

هاوکات رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند:"دیداری یەکێتی قۆناغێکی نوێی خۆگونجاندنە لەگەڵ واقعی ئێستای هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکە و گوێگرتنە لەهەڤاڵان و گەنجانمان لەپێناو خزمەتی زیاتری وڵاتمان".

راشیگەیاند:"پێم باشە لەم دیدارەدا بەشێک لەهەوڵ و کاروچالاکییەکانی ماوەی رابردوومان وەک پارێزگاری شارەکە بخەمەڕوو، کە خۆی لەبەردەوامبوونی خزمەتگوزارییەکانمان بۆ هاوڵاتیان دەبینێتەوە".

پارێزگاری کەرکوک وتیشی:" قیرتاوکردن و راکێشانی ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆ لەشەقام و گەڕەکەکان بەردەوامی هەیە و بەهیچ شێوەیەک جیاوازی ناکەین لەنێوان گەڕەکەکاندا، هەروەها بەردەوامین لەڕووناککردنەوەی شەقامەکان، ئەمە جگە لەوەی لەهەوڵداین وێستگەیەکی کارەبای 1000 مێگاوات بۆ شارەکە دابینبکەین، هەورەها هەوڵەکانمان بۆ سوود وەرگرتن لە وزەی خۆر بەردەوامە".

راشیگەیاند:" سەوزکردنی شارەکە ئامانجێکی دیکەمانە و دەمانەوێت لەگەڵ فراوانکردنی شەقامەکان سەوزایی شارەکە زیاتر بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانم بڵێم خەڵکی کەرکوک ئەو شاهێدییەمان بۆ دەدەن کە ئێستای کەرکوک لەگەڵ رابردوودا لەڕووی پاکوخاوێنییەوە جیاوازی زۆری هەیە و رۆژانە هەزار و 350 کرێکار بە شەو و رۆژ کاردەکەن بۆ پاککردنەوەی شارەکە، هەروەها بە ئەرکی خۆمان زانییوە کە پەیوەندییمان لەگەڵ حزب و لایەن و پێکهاتەکان باشبکەین، لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتیان ، جێی خۆیەتی سوپاسی ئاسایش و دژەتیرۆری سلێمانی بکەم کە هەمیشە پشتیوانمان بوون بۆ بەدەستهێنانی ئارامیی زیاتر لەشارەکە".

یەکێتی هەوڵی راستکردنەوەی رێڕەی حکومڕانی دەدات

دواتر وتاری لیژنەی باڵای دیدار لەلایەن ستران عەبدوڵڵاوە پێشکەشکراو رایگەیاند:" لە 50 ساڵی تەمەنیدا هەمیشە یەکێتی ئەرکی خزمەتکردن بووە، کەبێگومان ئەم خزمەتکردنی بۆ ناوچە جێناکۆکەکان و کەرکوک زیاتر بووە و بەردەوام هەوڵیداوە هەموکات حکومڕانییەکی راستەقینە پێشکەشبکات".

راشیگەیاند:" یەکێتی لەکوردستان هەوڵی راستکردنەوەی حکومڕانی و شەراکەتی راستەقینە لەحکومەت دەدات، لەعیراقیش بەبەشداری کورد و جیبەجێکردنی ماددەی 140 و بڕیاردان لەپرسە گرنگەکان بۆ بەهێزکردنی پێگەی کورد کاردەکات، هەروەها لە باکور و رۆژئاوای کوردستانیش بە بەرپاکردنی ئاشتی هەوڵی زامنکردنی مافەکانمان دەدات، بۆیە ئەرکی بووژانەوەی لەسەرشانە و لە 50 ساڵی کامڵبوونیدا یەکێتی دەبێت بەهێزتر بێت و کلتوری یەکێتی بچێنێت".


PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket