riklam

نی رووچی: پەرە بەپەیوەندییەكانمان لەگەڵ یەكێتی دەدەین

جیهان 03:12 PM - 2022-11-30
نی رووچی كونسوڵی گشتی كۆماری گەلیی چین لە هەولێر

نی رووچی كونسوڵی گشتی كۆماری گەلیی چین لە هەولێر

كونسوڵی گشتی كۆماری گەلیی چین لەهەولێر لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی كۆمۆنیستی چین و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوەدەكات:" ئامادەین پەرەی زیاتر بە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ یەكێتی بدەین، چونكە نەریتێكی مێژووییەو سەرۆك مام جەلال دامەزرێنەرێتی و دەیپارێزین.

نی رووچی كونسوڵی گشتی كۆماری گەلیی چین لەهەولێر لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی كوردستانی نوێ كە لەژمارە 8804  بڵاوكراوەتەوە دەڵێت:" پارتی  كۆمۆنیستی چین و یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان ئاڵوگۆڕی دۆستانە وەك نەریتێكی مێژوویی دەپارێزن، مام جەلال تاڵەبانی، دامەزرێنەر و سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان،  یەكەم ســەرۆك كۆماری عیراق بوو كە سەردانی چینی كرد لە دوای  دامــەزرانــدنــی پەیوەندی دیپلۆماسی نــێــوان هـــەردوو  وڵات، بەشدارییەكی گەورەی لەئاڵوگۆڕ و هەماهەنگی نێوان هــەردوولادا دەستیپێكرد".

" پارتی  كۆمۆنیستی چین  ئامادەیە پەرەی زیاتر بە پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بدات و ئاڵوگۆڕی پارتەكان لە نێوان یەكتردا پتەوتر بكات و پێكەوە كار بكەن، بۆ  بەرەنگاربوونەوەی  هەموو جۆرە ئاستەنگێكی جیهانی" كونسوڵی گشتی كۆماری گەلیی چین لە هەولێر وای وت.

نی رووچی دەشڵێت:"پارتی كۆمۆنیستی چین،پابەندە بە پراكتیزەكردنی خواست و ئەركی رەسەنی پارت و پەیامەكەی، ئاڵوگۆڕی ئەزموون لە حوكمڕانی حزب و دەوڵەت لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان لە  سەرانسەری  جیهان، كاركردن لەگەڵیان بۆ پێشخستنی شارستانییەتی مرۆیی و پێشكەوتن پێكەوە،  لەنێو ئەو  حزبانەشدا  یەكێتی  نیشتیمانی كوردستانە".

پێتشر باڵیۆز د.محه‌مه‌د سابیر دیپلۆماتكار و باڵیۆزی پێشووی عیراق له‌ چین له‌چاوپێكه‌وتنێكی PUKMEDIA وتی:"پێویسته‌ یه‌كێتی پرسی كردنه‌وه‌ی بیرۆی یه‌كێتی له‌ په‌كین زیندووبكاته‌وه‌ و بناغه‌كه‌ی دانراوه‌و حكومه‌تی چین رازییه‌ یه‌كێتی بیرۆی له‌و وڵاته‌ هه‌بێت، ئه‌ویش له‌رێگه‌ی نوسینگه‌ی بازرگانیه‌وه‌یه‌و نوێنه‌ری یه‌كێتیی كاره‌كان به‌ڕێوه‌ببات".

باڵیۆزی پێشووی عیراق له‌ چین ده‌ڵێت: "یه‌كێتی یه‌كه‌مین حزب بوو له‌سه‌ر ئاستی عیراق و هه‌رێمی كوردستان كه‌ په‌یوه‌ندی دێرین و مێژوویی له‌گه‌ڵ حزبی كۆمۆنیست و حكومه‌تی چین دا هه‌بوو، سه‌رۆك مام جه‌لالیش ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی دروستكردوه‌" و داواده‌كات: "هه‌ڤاڵ بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ توندوتۆڵتر بكات و سه‌ردانی كۆماری گه‌لی چین بكات و گه‌وره‌به‌رپرسانی حزبی كۆمۆنیستی چین ببینێت".

"حزبی كۆمۆنیستی چین، ساڵانه‌ بودجه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ یه‌كێتیی نیشتمانیی داناوه‌ بۆ سه‌ردانی وه‌فدێكی باڵای سیاسی و وه‌فدێكی كادرانی راگه‌یاندن و پێویسته‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ رێكبخرێته‌وه‌، چونكه‌ مام جه‌لال وته‌نی "چین گرنگه‌"". باڵیۆز د. محه‌مه‌د وایوت.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket