riklam

وتەبێژی یەکێتی: تەنها یەک لایەن نایەوێت هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت

کوردستان 02:16 PM - 2024-05-08
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەرێگای مەکتەبی هەڵبژاردنیەوە تانە لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی کۆمسیاران لەلای دەستەی دادوەری کۆمسیۆن دەدات و وتەبێژی یەکێتیش دەڵێت: "دادگای فیدراڵی پەلەی کرد لە دەرکردنی فەرمانی وەلائی بۆ بڕگەی 2 لە ماددەی 2، بەڵکو دەبوو رەچاوی تێچووی هەڵبژاردن و بارودۆخی هەرێمی کوردستانی بکردایە، هاوکات تەنها یەک لایەن لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا نییە لەو وادەیەی کە سەرۆکی هەرێم دیاریکردووە".

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "هەرچەندە دادگای فیدراڵی لەبارەی ئەو سکاڵایەی کە ئاڕاستەی کرابوو لەسەر بڕگەی 2 لە ماددەی 2، فەرمانە وەلائییەکەی پەلەی پێوەدیارە  و پێدەچێت پێشتر ئەو فەرمانە ئامادەکرابێت و چاوەڕوانی سکاڵابێت، بەڵام وەک یەکێتی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی رێزلێگیراوە لامان و بە هیچ شێوەیەک وەک هەندێک لایەن ناویان نازڕێنین".

"تانەکەی یەکێتی بۆ بڕیارەکەی کۆمسیارانە کە بڕیاری داوە ئامادەکارییەکانی دارایی و هونەری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەڵپەسێرێت، چونکە پێمان وایە لە فەرمانە وەلائیەکەی دادگای فیدراڵیدا بڕیار نەدراوە هیچ پڕۆسەیەکی هەڵبژاردن رابگیرێت، بەڵکو دادگا داوای کردووە پێداچوونەوە بۆ ژمارەی کوسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، هاوکات یەکێتی پێی وایە دواخستنی هەڵبژاردن پێگەی هەرێمی کوردستان لاواز دەکات"، سەعدی ئەحمەد پیرە وادەڵێت.

وتەبێژی یەکێتی راشیگەیاند: "ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمسیۆن و لایەنەکانەوە دەیان ملیۆن دۆلاری تێچووە، لەم روانگەیەشەوە پێویست بوو دادگای فیدراڵی وردتر خوێندنەوەی بۆ بارودۆخی هەرێم و تێچووی ماددی پڕۆسەکە بکردایە، ئەوکات بڕیاری بدایە، هاوکات پێویستە ئەوەش بخەینەڕوو کە تەنها یەک لایەن نایەوێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و سەرجەم لایەنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەڵبژاردندان".

لەبارەی کورسی پێکهاتەکانیشەوە وتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوەدا: "پێکهاتەکان خۆیان بەرپرسیاربوو لە نەمانی کورسییەکانیان، چونکە لە رابردوودا بینیمان ئەوانەی بەناوی پێکهاتەکانەوە لە پەرلەمان بوون، بووبوونە پاشکۆی حزبێکی دیاریکراو و لەبەرژەوەندی ئەو حزبە بڕیاریان دەدا".

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket