riklam

بریكاری وەزارەتی تەندروستی: جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنا مەترسیدارە

کوردستان 10:58 AM - 2021-11-27

بریكاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایدەگەیەنێت: تائێستا لەعیراق و هەرێم هیچ حاڵەتێكی جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنا كە بە ئۆمیكرۆن ناسراوە تۆمارنەكراوە، هۆشداریش دەدرێت لەوەی كە بەخێراتر لەوانەی پێشتر بڵاودەبێتەوەو مەترسیش زیاتر دەبێت، دەشڵێت: وەك پێشتر لەكاتی گەڕانەوەی گەشتیاراندا رێكاری توند دەگیرێتەبەرو كەرەنتین دەكرێت.  
د.رەهێڵ فەرەیدون بریكاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم لەبارەی سەرهەڵدانی جۆری نوێی كۆرۆنا كە بە (ئۆمیكرۆن) ناسراوە، بە PUKmediaی راگەیاند: بۆ روبەڕووبنەوەی كۆرۆنا لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عیراق بەهاوكاری رێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) بەشێوەی یەك تیم كاردەكەین و هۆشداریش دەدرێت لەجۆرە نوێیەكەو ئەگەری هەیە وەك جۆرەكانی تری كۆرۆنا لەداهاتوودا تۆماربكرێت و بێتە ناومانەوە، بەڵام تائێستا لەعیراق و هەرێم هیچ حاڵەتێكی جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنا تۆمار نەكراوە.
وتیشی: هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی كۆرۆناوە بابەتی كەرەنتینكردن هەبووە، بۆیە ئێستاش بۆ جۆرە نوێیەكە بەهەمان شێوازو میكانیزمی پێشوو دەبێت و هەر گەشتیارێك لەو وڵاتانەی كە جۆرە نوێیەكەی تێدا تۆماركراوە بگەڕێتەوە كەرەنتین دەكرێت.
بریكاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم دەشڵێت: لەسەرەتای سەرهەڵدانی كۆرۆناوە تائێستا كە لەشەپۆلی سێیەمداین، هەموو جۆرەكانی كۆرۆنا لەوڵاتانی دەرەوە هاتووە نەك دراوسێ، بۆیە ئێستا جیاوازترە لەسەرەتاو ئەزمونی زیاتر لەبارەی كۆرۆناو روبەڕووبونەوەی هەیە، بۆیە بۆ هەموو ئەگەرێك رێوشوێتنی تایبەت دەگیرێتەبەر.
لەبارەی مەترسی جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنا، رایگەیاند: هەرجارێك ڤایرۆسەكە خۆی گۆڕیبێت، خێراتر بڵاوبوەتەوەو نیشانەی نوێی هێناوە، بۆیە ئەم جۆرە نوێیەش بەتەئكید خێراتر دەبێت و نیشانەی زیاتری دەبێت و مەترسی زیاتر دەبێت و لەناو هاووڵاتیاندا خێراتر بڵاودەبێتەوە، چونكە لەشەپۆلی سێیەمدا خێراتر بڵاودەبوویەوە، بەڵام كاتێك كەسێك توشی ڤایرۆسەكە دەبوو ماوەی مانەوەكەی كەمتر بوو، لەشەپۆلی دووەمدا زیاتر بوو گەیشتە 4 هەفتە، بەڵام شەپۆلی یەكەم دوو هەفتە بوو، بۆیە تائێستا نازانرێت جۆرە نوێیەكە چەند دەخایەنێت.
وتیشی: مەترسیەكە لەوەدایە هێشتا ئێمە شەپۆلی سێیەمان تێنەپەڕاندوە ئەمە ببێتە شەپۆلی چوارەم، بەڵام بۆ روبەڕووبونەوەی هەموو جۆرەكان تاكە چارەسەر وەرگرتنی ڤاكسینە كە هاووڵاتیان وەریبگرن.
د.رەهێڵ فەرەیدون راشیگەیاند: هیچ كێشەیەكی ڤاكسینمان نیەو بڕێكی زۆر هەیە، ئێستا بۆ ئەوەی زۆرترین هاووڵاتی وەریبگرێت جگە لەناوەندە تەندروستیەكان بۆ پێدانی ڤاكسینن، 45 تیمی گەڕۆكمان دروستكردوەو تەنانەت دوێنێ لەهەڵەبجە چونەتە مزگەوتەكان بۆ پێدانی ڤاكسین، ئەو ڤاكسینەشی بۆمان هاتوە 63%ی بەكارهێنراوە، واتە 37%ی ماوەو هەموو هەفتەیەكیش بەغدا بەپێی گرێبەستەكانی لەدەرەوە بۆی دێت و بۆ ئێمەش رەوانە دەكرێت.
PUKmedia گۆران وەهاب 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket