riklam

بافڵ تاڵه‌بانی: خزمه‌تكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌ ئه‌ركی خۆمان ده‌زانین

کوردستان 08:07 PM - 2021-09-22

بافڵ تاڵه‌بانی، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ قه‌ڵاچوالان به‌ ئاماده‌بوونی شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، جێگری سه‌رۆكی ھه‌رێمی كوردستان و مسته‌فا چاوڕه‌ش، فه‌رمانده‌ی ھێزه‌كانی حه‌فتا و مه‌حمود سه‌نگاوی، سه‌رپه‌رشتیاری ھێزه‌كانی حه‌فتا و عه‌بدوڵا كانی به‌ردی، لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنی پێشمه‌رگه‌ و ھیوا عه‌بدوڵا، لێپرسراوی میحوه‌ری چواری كه‌ركوكی ھێزی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ ئامرلیواكانی ھێزی پێشمه‌رگه‌ كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بافڵ تاڵه‌بانی باسی له‌ گرنگی و رۆڵی فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه‌ كرد و وتی: ئێوه‌ پارێزه‌ر و خاوه‌نی یه‌كێتین و ئێمه‌ مێژووی پڕ له‌ خه‌بات و شانازی ئێوه‌ له‌ یادناكه‌ین. له‌ هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وامین بۆ پێداچوونه‌وه‌ و رێكخستنه‌وه‌ی یه‌كه‌كان و به‌ره‌وپێشچوونی توانا سه‌ربازییه‌كان. خزمه‌تكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و دابینكردنی ژیانێكی شایسته‌ به‌ ئه‌ركی خۆمان ده‌زانین و له‌داهاتووشدا گۆڕانكارییه‌كان ده‌بینن. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا وه‌رگرتنی ئابوونه‌ی حیزبی له‌ناو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ قه‌ده‌غه‌كرا، بافڵ تاڵه‌بانی وتی ده‌بێت هه‌مووان خزمه‌تی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانمان بكه‌ین و له‌ ئاست رۆڵ و قوربانیدانیان بین.

له‌درێژه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بافڵ تاڵه‌بانی باسی له‌ هه‌وڵه‌كانی رێكخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كرد و رایگه‌یاند، یه‌كێتی په‌رۆشی دروستكردنی هێزێكی نیشتمانییه‌ كه‌ به‌رگری له‌ خاكی كوردستان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی بكات. به‌پشتیوانی هاوپه‌یمانان و دۆسته‌كانمان ئه‌م پرۆسه‌ نیشتمانییه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ین و هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ینه‌ هێزێكی پڕچه‌ك و پۆڵایین به‌شێوه‌یه‌ك له‌ئاست ته‌حه‌ددییه‌كان بێت و پارێزه‌ری سه‌قامگیری و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان بێت.

ھه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ھاوسه‌رۆك سه‌باره‌ت به‌چاكسازییه‌كان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی یاساشكێنان رایگه‌یاند، ده‌بێت ھێزی پێشمه‌رگه‌ وه‌ك ھه‌میشه‌ سه‌رمه‌شقی گۆڕانكاری بن و پارێزه‌ری جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی دادگا بن. له‌مه‌ودوا رێگه‌نادرێت هیچ كه‌سێك به‌ناوی پیرۆزی پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌ستدرێژی بكاته‌ سه‌ر موڵكی گشتی و یاساشكێنی بكات. ھه‌ركه‌سێكیش له‌ هه‌ر پله‌ و به‌رپرسیارێتییه‌كدا بێت به‌توندترین شێوه‌ رووبه‌ڕووی ده‌بینه‌وه‌ و راپێچی به‌رده‌م دادگای ده‌كه‌ین. كه‌دڵنیام ھێزی پیرۆزی پێشمه‌رگه‌ وه‌ك ھه‌میشه‌ پشتیوانی سه‌رخستنی ئه‌م پرۆسه‌ نیشتمانییه‌ ده‌بێت.
PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket