riklam

لێپرسراوی كۆمیته‌ی داقوق: هیچ ئاماده‌كارییه‌ك بۆ ریفراندۆم نه‌كراوه‌

ی.ن.ک‌‌ 02:18 PM - 2017-07-30
.

.

لێپرسراوی كۆمیته‌ی داقوقی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند، به‌ بۆچوونی من ریفراندۆم له‌ باشووری كوردستان بۆ ناوچه‌كانی كوردستانه‌ نه‌ك ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و پێویست بوو ریفراندۆم بۆ كاتێكی گونجاوتر دوابخرێت، چونكه‌ ناكرێت به‌م هه‌موو كێشه‌ و گرفته‌وه‌ باس له‌ ریفراندرۆمێكی سه‌ركه‌وتوو بكرێت.

ئیدریس حاجی عادل لێپرسراوی كۆمیته‌ی داقوقی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ لێدوانێكیدا بۆ PUKmedia راگه‌یاند: به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و درێژه‌كێشانی شه‌ڕی دژی تیرۆرستان له‌سنووری داقوق كه‌ كه‌وتوه‌ته‌ نێوان هه‌ردوو میحوه‌ری پێنج و شه‌شه‌وه‌ بارودۆخی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ رووی سه‌نگه‌رسازی و خۆراك و زۆربه‌ری پێداویستییه‌كانه‌وه‌ باشنیه‌ و ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ پێویستیان به‌ سه‌نگه‌ر لێدان بێت، ده‌بێت له‌ شوێنه‌ حكومییه‌كان یان خاوه‌ن كارگه‌كان دوای شۆفڵ و حه‌فاره‌ بكه‌ن، هه‌روه‌ها خێرخوازان ئاوی خواردنه‌وه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ دابین ده‌كه‌ن كه‌له‌ راستیدا ئه‌وه‌ ئه‌ركی حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یه‌.

 وتیشی: هه‌ماهه‌نگی زۆر باش له‌نێوان لیواكانی هێزی پێشمه‌رگه‌دا هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مه‌ڵبه‌نده‌كان په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر پته‌ویان له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی لیواكان هه‌یه‌ و له‌ هه‌ر مه‌ترسییه‌ك یه‌كتر ئاگادارده‌كه‌نه‌وه‌و رێگری ده‌كه‌ن له‌وه‌ی تیرۆرستان ده‌رفه‌تیان پێ به‌رێت.

له‌باره‌ی بوونی حه‌شدی شه‌عبی-یشه‌وه‌ له‌ سنووری داقوق وتی: له‌ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا هیچ ئاڵۆزییه‌ك له‌نێوان حه‌شد و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ یان حه‌شد و ئیداری سنووره‌كه‌ رووینه‌داوه‌و هه‌ماهه‌نگی یه‌كین بۆ له‌ناوبردنی تیرۆرستان.

ئیدریس حاجی عادل ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: زۆری جموجوڵی تیرۆرستان له‌ناوچه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ هێزێكی زۆری داعش له‌ناوچه‌كه‌ بوونی هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت له‌ ئێستادا كه‌ موسڵ-یان له‌ ده‌ستداوه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و چه‌ند كرده‌وه‌ تیرۆرستییه‌ش كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا به‌رامبه‌ر به‌ هاووڵاتیان كرا له‌و سنوره‌ كه‌مته‌رخه‌مییه‌ نه‌ك هاوكاری كردنی تیرۆرستان و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و رووداوانه‌ لیژنه‌یه‌كی بۆ چۆنێتی ئه‌نجامدانی ئه‌و كردوه‌ تیرۆرستییانه‌ پێكهێنانه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌ستیپێكردوه‌، چونكه‌ ناكرێت چه‌ند چه‌كدارێتی تیرۆرستان بێ ئه‌وه‌ی هیچ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ بكه‌ن بێنه‌ سنووری پێشمه‌رگه‌وه‌و كاری تیرۆرستی ئه‌نجامبده‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنی خۆیان، بۆیه‌ به‌ بۆچوونی من  ده‌بێت فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌و ناوچانه‌ چاوكراوه‌تر و وریاتربن به‌رامبه‌ر مه‌رامی پیسی تیرۆستان.

له‌باره‌ی ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ له‌سنووری داقوق و ناوچه‌ كوردستانییه‌كان لێپرسراوی كۆمیته‌ی داقوقی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ روونبكاته‌وه‌  كه‌ ئایا ریفراندۆم بۆ كوردستانه‌ یان بۆ كوردستانییه‌، چونكه‌ له‌ئێستادا كوردستانی باشوور بووه‌ به‌ دوو به‌شه‌وه‌ به‌شێكیان ناوچه‌كانی كوردستانه‌ وه‌ك هه‌رولێر و دهۆك و سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌، هه‌روه‌ها به‌شه‌كه‌ی تریشی كوردستانییه‌ وه‌ك ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌له‌ كوردستان دابڕێندراون و كورد و توركمان و كلدوئاشوری تێدا نیشته‌جێن، بۆیه‌ ده‌بێت حكومه‌ت ئه‌وه‌ یه‌كلابكاته‌وه‌ كه‌ ریفراندۆمه‌كه‌ بۆ كوێیه‌، هه‌روه‌ها به‌ بۆچوونی من ئه‌و ریفراندۆمه‌ بۆ ناوچه‌كانی كوردستانه‌، نه‌ك كوردستانییه‌كان، چونكه‌ له‌م سنووره‌ هیچ ئاماده‌كاری بۆ ریفراندۆم نه‌كراوه‌و به‌شێكی زۆری ئه‌و ناوچانه‌ی كوردستانین توركمان و كلدوئاشووری و هیتری تێدا نیشته‌جێن و هیچ وته‌یه‌كیش له‌باره‌ی ریفراندۆمه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وان نه‌وتراوه‌.

وتیشی: ریفراندۆم مافێكی ره‌وای گه‌لی كورده‌، به‌ڵام ئه‌نجامدانی ریفراندۆم به‌ماوه‌یه‌كی وا كه‌م ناتوانرێت سه‌ركه‌وتووبێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیشتا ناوخۆی كوردستان و لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ رێكنه‌كه‌وتوون، بۆیه‌ به‌ بۆچوونی من ده‌كرا ریفراندۆم هه‌ڵبگیرێت بۆ كاتێكی گونجاوتر تا كاره‌كه‌ سه‌نگ و قورسایی زیاتری هه‌بێت و به‌هه‌موان په‌یامێك بده‌ن به‌گوێی دنیاداو داوای مافی ره‌وای خۆمان بكه‌ین.

PUKmedia ئا / دیار ستار

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket