riklam

هاوسەنگی و بوژانەوە بۆ؟

بیروڕا 04:49 PM - 2026-07-07
ڕێبوارستار

ڕێبوارستار

هاوسەنگی و بوژاندنەوە، كە پرۆژەو جوڵەی سیاسی یەکێتیە، دروستکردنی هاوسەنگیە لەناو سیستەمی سیاسی و دەسەڵاتدا و نەهێشتنی نایەکسانیە لە حوکمڕانیدا. ئەمەش سەرەتای گێڕانەوەی هاوسەنگیی هێزە لە کوردستان و قۆناغێکە بۆ هێنانەکایەی حکومەتێکی خزمەتگوزار و دادپەروەر، کە حکومەتی خەڵک بێت و هی هەموولایەک بێت. ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەو نادادپەروەری و نایەکسانی و جیاکارییانە بهێندرێت، کە لە ڕابردوودا لە سیستمی حوکمڕانیدا لەلایەن لایەنێکی دیاریکراوەوە پەیڕەو دەکرا، کە حوکمڕانیی بەلاڕێدا دەبرد و بەرژەوەندیی بنەماڵە و حزبایەتیی تاکلایەنەی سەپاندبوو. ئەم پرۆژەیە، کە هاوپەیمانێتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نەوەی نوێیە، دەیەوێت حکومەت بخاتە خزمەتی خەڵکەوە.

لە ئەنجامی پەیڕەوکردنی حوکمی تاکڕەوی، خۆسەپێنی لە دەسەڵات، قۆرغکردنی جومگە ئەساسییەکانی حوکمڕانی و پشتگوێخستنی بەرژەوەندییە گشتییەکان، دۆخێکی نادادپەروەری دروست بووە کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و سەقامگیریی هەرێم هەبووە. لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک هێزێک کە بە دروشمی ژیان، خۆشگوزەرانی و پێکەوەژیان دروست بووە، لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێ، کە وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن لە گۆڕەپانی سیاسی دەرکەوت و متمانەی بەشێک لە شەقامی بەدەستهێنا، هەوڵی هاوبەش دەدەن بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگیی هێز، باشکردنی شێوازی حوکمڕانی لە هەرێم و بەهێزکردنی پێگەی کوردستان لە بەغدا، بۆ ئەوەی بە یەکگرتوویی بەرگری لە مافە دەستوورییەکان بکەن.

ئامانجی ستراتیژیی ئەم ڕێککەوتنە سیاسییە ئەوەیە کە حکومەتی داهاتوو، حکومەتێکی خزمەتگوزار و هی هەموو خەڵکی کوردستان بێت، حکومەتێک کە ئەرکی سەرشانی باشکردنی گوزەرانی هاوڵاتیان و دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بێت. ئەم ڕێککەوتنە هەوڵێکە بۆ کۆتاییهێنان بەو قەیرانە دارایی و سیاسی و ئابوورییانەی کە بەهۆی نادادپەروەری و خۆسەپێنییەوە دروست بوون و ژیانی خەڵکیان سەخت کردووە. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بە خوێنی هەزاران قارەمان و تێکۆشەر و گیانباز دروست بووە، بۆیە تاکڕەوی و عینادیی سیاسی ئەم ئەزموونە دەخاتە بەردەم مەترسییەکی گەورە؛ لەبەر ئەمەش، ستراتیژ و ئایدیای یەکێتی لەم قۆناغەدا ئەوەیە کە هەموومان پێکەوە کار بۆ یەکخستنی ماڵی کوردی و یەک هەڵوێستیی نیشتمانی بکەین.

لە کۆتاییدا، پێکەوەژیان، برایەتیی نێوان لایەنەکان و ڕێزگرتن لە فرەیی سیاسی، ئامانجی سەرەکیی ئەم هاوپەیمانێتییەیە. هەردوو لایەن هاوڕان لەسەر ئەوەی کە دەرگای هاوپەیمانێتییەکەیان کراوەیە بۆ هەموو ئەو هێز و لایەنە نیشتمانییانەی کە دەیانەوێت بەشداری لە چاکسازی و بونیادنانی حکومەتێکی شەراکەتی ڕاستەقینەدا بکەن. ئامانجی کۆتایی ئەوەیە کە کوردستان لە قۆناغی قۆرغکاری و تاکڕەوی دەربهێنین و بەرەو قۆناغێکی نوێی حوکمڕانی هەنگاو بنێین کە تێیدا دادپەروەری، شەفافییەت و خزمەتکردنی خەڵک، بنەمای سەرەکیی کارکردن بێت.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket