riklam

یەکێتیی نیشتمانی... لە بەڵێنەوە بۆ کردار

بیروڕا 09:50 AM - 2025-10-29
سۆران داوودی

سۆران داوودی

قسەکردن لەسەر کەرکووک لەلایەن سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی تەنها قسەیەکی سیاسیی دووبارە و كاتي نییە، بەڵکو بەرجەستەکردنی دیدێکی قووڵ و چەسپاوە کە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (ی.ن.ک)ەوە هەڵیگرتوەو باوەڕی پێی هەبووە هەڵوێستێک لەسەر بنەمای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە هاوڵاتی لەسەر بنەمای بەڕێوەبردنی فرەیی، نەک وەبەرهێنانى سیاسیی نەک قورخکردنی مرۆڤەکان .

ئەو دەستپێشخەرییە سیاسییەی یەکێتی دوو ساڵ لەمەوبەر لە کەرکووک ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی دروشمە تەسکەکاندا  قەتیس نەماوەتەوە، بەڵکو ئێستا  پڕۆژەیەکی ئاوەدانی و جێگیرکردنی ئاسایش و پێکەوەژیانی ڕاستەقینەیە لەنێوان پێکهاتەکانی پارێزگاکەدا، کە چەندین ساڵە لە فەرامۆش کراون و  سیاسەتی جیاکارییان لەدژ پەیڕەو کراوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە وتارەکەیدا لە کەرکووک ڕوونی کردەوە کە هێزی یەکێتیی نیشتمانی تەنها  ژمارەی کورسی یان دەنگەکان نییە، بەڵکو ئەو توانایەیە کە بە یەک چاو سەیری هەمووان دەکات.

ئەم بنەمایە متمانە لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکووکی  زیاتر چەسپاندوە ، بەتایبەتی کاتێک ڕێبوار طه بە ڕۆحێکی خزمەتگوزاری و بەرپرسیارێتییەوە ئیدارەی پارێزگاکەی گرتەدەست، بەبێ جیاوازی لەنێوان کوردو عەرەب و تورکمان و ئاشوری یان کاکەیی.

ئامانجەکە لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە گشتیان هەست بکەن کەرکووک ماڵی هاوبەشی هەموانە و ئیدارەیەکی دادپەروەر لە پلەی یەکەمدا  دەبێت ئیدارەیەکی بە راستگۆ بێت لەگەڵ هەموان.

لە کاتێکدا هەندێک هەوڵی دووبارەکردنەوەی گوتاری دابەشبوون و توندوتیژی دەدەن، هەڵوێستەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕوون وئاشکرا بوو، کاتێک جەختی کردەوە کە ڕزگارکردنی کەرکووک بەهێز نابێت، بەڵکو بە دیموکراسی و یەکڕیزی و یەکگرتن دەبێت.

بەو تێگەیشتنە نوێ و سەردەمییانە سەرۆک جەلال بافڵ تاڵەبانی سنورەکانی نێوان ئەوەی کە کارو بنیات دەنێت  لەگەڵ ئەوەی کە دروشمی بەتاڵ بەرز دەکاتەوە جیاکردەوە ،  ئوانەی کە تەنها بەڵێنی  بێئەنجام وناکۆکییان بە هاوڵاتیانی کەرکووک بەخشیوە.

یەکێتی  نیشتمتنی سەلماندوویەتی کە گۆڕانکاری پێویستی بە چەک نییە، بەڵکو پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسی و نیەتێکی ڕاستگۆیانە و بەرنامەیەکە کە پشتی بە پێکەوەژیانی نێوان سەرجەم پێکهاتە و نەتەوەکانی کەرکووک بەبەستێت.

سیاسەتی یەکێتی لە کەرکووک لە چوارچێوەی چەپکە گوڵ و ئەو دیدە دەستوورییە نەچووەتە دەرەوە کە سەرۆک مام جەلال بانگەشەی بۆ دەکرد، کە خۆی لە جێبەجێکردنی ماددەی 140 و زامنکردنی مافی هاوڵاتیبوون بۆ هەموان دەبینێتەوە.

ئەوەی ئەمڕۆ ڕێبازی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جیا دەکاتەوە، جێبەجێکردنی بیرو بۆچوونەکانیەتی لە واقیعی کاری مەیدانیدا  کە تیایدا وەبەرهێنان و کۆمپانیاکان ڕوو لە کەرکووک دەکەن لە سایەی ژینگەیەکی ئارام و هێمن دا.

پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ خەڵکی کەرکووک تەنها خۆی بە  هەڵمەتی هەڵبژاردندا نەبەستەوە، بەڵکو پەیمانێکی نوێ بوو لەنێوان سەرکردایەتی و هاوڵاتیاندا. ئەو تەنها گوتارەکەی ئاراستەی  کوردی شارەکە  نەکرد، بەڵکو قسەکانی ئاڕاستەی عەرەب و تورکمان و کریستیان و کاکەییەکانیش بوو کاتێک  کە بەدڵنیاییەوە  ووتی ڕێز لە ناسنامە و تایبەتمەندیتان دەگرین و بەڵێن دەدەین داکۆکیتان لێ بکەین، چونکە یەکێتیی نیشتمانی هێزتانە لە بەغداد"

گرنگترین ئەو خاڵانەی بافڵ تاڵەبانی جەختی لێ کردەوە،  پاراستنی مافی خوێندنە بە زمانی دایک، پاراستنی ئەم مافە بۆ بەرگریکردن لە ناوەڕۆکی ناسنامەی کوردی بە  پێویستییەکی  گرنگی دانا، و ئاماژەی بەوەدا کە یەکێتیی نیشتمانی لە بەغداد وەک لە کەرکووک، گەرەنتی ئەم بنەمایە دەکات.

سووربوون لەسەر خوێندن بە زمانی دایک تەنها داواکارییەکی نەتەوەیی نییە، بەڵکو پێوەرێکە بۆ دادپەروەری و کەرامەتی نیشتمانی.

ناوەڕۆکی وتارەکە دەکرێت لە یەک ڕستەدا کورت بکرێتەوە: "ئێمە هێزی تۆین لە بەغداد".

ئەم ڕستەیە دروشم نییە، بەڵکو هەڵوێستێکی سیاسییە کە کاردەکات  بۆ گۆڕینی متمانەی خەڵکی کەرکووک بۆ هێزێکی کاریگەر لە ناوەندی بڕیاردانی عێراقیدا.

کەرکووک کە دوێنێ وەک گۆڕەپانی ململانێ و بەرمیلە بارووتێک سەیر دەکرا کە ئامادەیە بۆ تەقینەوە، ئەمڕۆ بووەتە نموونەیەکی نوێ بۆ یەکێتییەکی سیاسی و ئابووری، بەهۆی ڕێبازی یەکێتیی نیشتمانییەوە کە باوەڕی وایە سیاسەتی ڕاستەقینە لە خزمەتکردنی هاوڵاتیانەوە دەست پێدەکات و بە دابینکردنی دادپەروەری بۆی کۆتایی دێت.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket