riklam

رێگەچارەکە تەنها یەکێتییە

بیروڕا 05:19 PM - 2025-10-27
 ئەرسەلان مەحمود

ئەرسەلان مەحمود

دەنگدەری ناڕازیی لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردووی پەڕلەمانی عیراقدا، بە ئومێدی ئەوە بوو دەنگی بگاتە بەغداد. چاوەڕوانی ئەوە بوو نوێنەرایەتییەکەی لە پایتەخت بەهێز و بوێر بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی هەرێم و مافە یاسایی و دەستورییەکانی خەڵک بکات. بەڵام دوای تێپەڕاندنی چەندان خول، چاوەڕوانییەکەی بوو بە هەستێکی تاڵ بوو بە نائومێدی. پرسیارەکە ئاسایی و ڕوونە: باشە بۆچی هێشتا دەنگی کورد، دەنگی هەرێم و دەنگی کوردستان لە دامەزراوە فیدراڵییەکاندا دەنگێکی لاواز و شەرمنە؟ لە کاتێکدایە کورد لە بونیادنانەوەی عیراقی نوێدا ڕۆڵێکی پێشەنگ و یەکلاکەرەوەی بینیووە.

ئێستا هەڵبژاردنێکی نوێ لە ئاسۆدایە، هەمووان و تایبەت دەنگی ناڕازیی ئەگەر دەخوازن کاریگەری ڕاستەوخۆ و ڕاستەقینەیان لەسەر بڕیارەکان هەبێت، کاتیەتی باشتر و بەرپرسیارانەتر بیر لەم ڕاستییە بکەنەوە. کورد پێویستە ورد و ستراتیژی بیر لە چۆنیەتی بەهێزکردنی نوێنەرایەتییەکەی بکاتەوە لە بەغداد. بە تەجروبە دەرکەوت دەمەوەر پارتە سەفەقاتچی و لیستە بزنسکارەکان لە ئاستی ئەو نوێنەرایەتیکردنەدا نین، دەنگدان بەم جۆرە پارت و لیستانە لە ڕاستیدا تۆڵەکردنەوە بوو لە کورد بوون خۆی و پێگەی کورد لە بەغدا و لەسەر ئاستی ناوچەکە بەگشتی. ئەمە بۆچی و لەپای چی؟ پێویستە هەموومان بە جیددی بیری لێبکەینەوە.

دۆخی ئێستای هەرێم و عیراق و ناوچەکە تابلۆیەکی زۆر سەرنجڕاکێشە. ئامارە فەرمییەکان دەڵێن زیاتر لە شەش ملیۆن کەس لە هەرێم دەژین، ئەمە نزیکەی حەڤدە لە سەدی دانیشتوانی عیراق دەکات. بەڵام کاتێک چاو بە دامەزراوە گرنگەکانی فیدراڵیدا دەخشێنین، ڕێژەی نوێنەرایەتی کوردی بە ئاشکرا لەم ژمارەیە کەمتر دەردەکەوێت. لە وەزارەتەکاندا، لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکاندا، لە ئەنجومەنەکاندا، نوێنەرایەتی کورد، دەنگی کورد، هێزی کورد، هاوتای لانیکەم قەبارە مرۆیی و دۆسییە سیاسییەکەی خۆی نییە.

سەرنجەکە لێرەدا تەنها سەرنجی ژمارەیی و ڕێژەیی نییە، بە هێندەی ئەوەی کوالیتییە لە نوێنەرایەتییەکەدا. لە ساڵانی ڕابردوودا چەندینجار بڕیاری گرنگ لە بەغدادەوە دەرچوون و کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیانی خەڵکی کوردستان و پێگەی هەرێم هەبوو، بەڵام بێ گفتوگۆیەکی پێویست لەگەڵ نوێنەرانی هەرێم. دابەشکردنی بودجە، سیاسەتی وزە، پرۆژە گەورەکانی ژێرخان، کەیسی مووچە، هەموو ئەمانە ڕاستەوخۆ چەندە ژیانی خەڵکیان خستە ژێر بارێکی قورسەوە، هەزار هێندەش بەرژەوەندی کوردستانیان هاویشتە ژێر بەرداشی هەڕەشەوە.

هەندێک دەڵێن کێشەکە لە خودی نوێنەرەکانە و پێویستە چالاکتر و بەهێزتر بن بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندی هەرێم. ئەمەش ڕاستییەکی دیارە و پێویستە دانی پێدا بنرێت. نوێنەرانی کورد لە بەغداد نابێت تەنها ناوبن لەسەر لیستێک، بەڵکوو پێویستە دەنگی بەهێزبن و بتوانن لەسەر مێزی گفتوگۆ ڕۆڵی کاریگەر بگێڕن. ئەمە پێویستی بە کەسانێکی لێهاتوو، زانا، پسپۆر لە یاسا و سیستمی فیدراڵی و خاوەن پەیوەندی بەهێز هەیە لەگەڵ دامەزراوە جیاکان، هەر کەس دەزانێ ئەوەی تا ئێستا کراوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردویەتی و ئەوەی نەشکراوە بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەکراوە بۆ نەکراوە.

ئەمڕۆ، کۆمەڵانی خەڵک و خەڵکانی ناڕازیی بە تایبەت، دەبێت دانبەوەدا بنێن بەهێزکردنی نوێنەرایەتی یەکێتی لە بەغداد ئەرکە ستراتیژییەکەیە و پێویستی بە پشتیوانی فراوانی جەماەەری هەیە. بەهێزتر کردنی یەکێتی لە بەغداد، بەهێزکردنی کارتی فشاری ئیقلمی و بزنسکاری موزەییەف و پڕکردنەوەی جێگەیەک، بۆشاییەک نییە لە بۆشاییدا بەڵکوو بەهێزکردنی دەنگی تۆ و هێزی تۆ و بونیادی تیمێکی تواناداری سیستماتیکییە بۆ بەرگریکردن و بەدواداچوونی پرسەکانی کورد و کوردستان لە بەغداد.

نابێت ئەوە لەبیر بکەین، نوێنەرایەتی کاریگەر پێویستی بە یەکگرتوویی جڤاکی هەیە. دەنگدان بە یەکێتی دەنگدانە بەو یەکڕیزییە نیشتمانییە، بە پێچەوانەوە، ئەوە دەنگەی، ئەو گروپەی، ئەو خێڵ و عەشیرەت و ئەو پێکهاتەیەی دەنگی کورد و کوردستان لاواز دەکات، دەرفەت بۆ ئەو لایەن و لیستە دروستدەکات سوود لەم دابەشبوونە وەردەگرێت.

ڕێگەچارەکە چییە؟ بە دڵنیاییەوە، یەکێتییە. بۆچی؟ چونکە ئەزموونەکە سەلماندویەتی، چونکە ئامانجی نوێنەرایەتییەکەی ڕوون دیاری کردون، چونکە تەنها یەکێتییە دەتوانێ گرێکوێرە و دەرووزە داخراوەکان بکاتەوە. لەم هەڵبژاردنە نوێیەدا، دەنگدەران دەرفەتێکی نوێیان هەیە، دەرفەتی سەوزکردنی سندوقەکانی دەنگدان. کێ دەتوانێت دەنگەکان بە ئامانەت بگەیەنێتە بە بەغداد، کێ خاوەنی ئەو هێز و توانا ڕەسەنەیە، مەعلومە یەکێتییە.


دەنگدەران بەگشتی و دەنگدەرانی ناڕازی بە تایبەت، هێشتا دەرفەتی ئەوەیان هەیە ئەم جارەیان جیاواز بێت، شایستەی ئەوەن نوێنەرانێکیان هەبێت بە ڕاستی دەنگیان بگەیەنێ و بە حەق وڵامیان بداتەوە، نەک تەنها وێنەیەک لەسەر دیوار. کاتی هاتووە بیر لە ستراتیژی نوێ بکەینەوە، یەکگرتوو بین و بە هێزەوە بەرگری لە شوێنی خۆمان لە عیراقی فیدراڵیدا بکەین. دەنگی کوردستان شایستەی دانگدانەوەیە لە بەغداد، لە ناوچەکەدا، دەنگی دوو دوو دوو'ی یەکیتی، ئیکۆی تۆیە.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket