riklam

قڵیشایەوە

بیروڕا 12:24 PM - 2025-10-27
كاروان ئەنوەر

كاروان ئەنوەر

ساڵ ساڵی (1974)ە، ماڵمان لە گەڕەكی كانێسكانە (مەیانی دارەكان)، ئەوسا نەسووتابوو، ئێستا پێی دەڵێین (دارە سوتاوەكە)، من تەمەنم نۆ ساڵان بوو، ئەوانەی لە ئێمە گەورەتر بوون ئێمە و منداڵانی گەڕەكیان فێری شتێكی سەیر كردبوو، (وەرەقی ژێر ئۆتۆمبێل كە پارچە ئاسنێكی پان بوو)یان بۆ پەیدا دەكردین و دەیانوت بڕۆن لە ریزە دوكانەكانی سەروو مزگەوتی گەورە، كام دوكانە داخرابوو ئەم وەرەقە بە دەڕابەكەیدا بهێنن و رابكەن، بۆیە ئەم كارە بە ئێمە دەكرا، تا یەك هاڕەی دەڕابەكە، بەس بێت بۆ ئەوەی لە دە لاوە ببێتە تەقوتۆق و هەموو مەفرەزە و جاشەكان بیكەن بە تەقەو بقڵیشێتەوە، قڵیشانەوەش.. زاراوەیەكە خەڵكی سلێمانی بە مانای تەقوتۆقی لەپڕ بە كاری دەهێنین.

سلێمانی وەك مەیدانی شەڕ و ناوچەیەكی سەربازی رەفتاری لەگەڵ دەكرا، ئێمە لە قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی بووین، نەماندەزانی چی دەگوزەرێت، بەڵام دەمانزانی كە شۆڕشێك تەواو بوو هەرەسی هێنا و لە تیڤییەكانەوە دەمانبینی كە چۆن بڕنەوەكانیان وەك لێژنەدار دەدایەوە دەست بەعسییەكان و هەموو بە تەمەنەكان بە دیار ئەو گرتانەوە دەگریان و فرمێسكیان دەڕشت، ئێمەش بەو تەمەنەی خۆمانەوە بە دیار ئەو تەسلیمبوونەوە دادەنیشتین.

قڵیشانەوەكان، پرۆسەیەكی كوشتن و لە ناوبردنی ناپاكێك یان ئەمنێك یان سیخوڕ و خۆفرۆشێك بوون، پاشان لە ئێزگەكەی شۆڕش باس دەكران و دەوترا بە سزای گەل و شۆڕش گەیەنران، ئەم دیاردەی قڵیشانەوەیە لە ساڵی 1974ەوە تا دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی نوێش بەردەوام بوو. 

گەورەكان دەیانوت تەواو شۆرش نەما، وەك بەفر تواینەوە، كورد تا ماوە ناتوانێت شۆرش بكاتەوە!! بەڵام كە ماڵمان لە 1976 باری كردەوە بۆ هەڵەبجە، گوێم لێبوو باوكم لەگەڵ هاورێكانی و خزمەكانمان بە چپەوە باسی خولە كەشكۆڵ و شەوكەت و حامی و ئەم ناوانەیان دەكرد، كە من نزیك دەبوومەوە، باسەكەیان دەگۆڕی و كۆتاییان پێدەهێنا، هەستم دەكرد باسی شتێك دەكەن، نابێت من بزانم چییە، لە منیان دەشاردەوە.

كە تەمەنم بوو بە 11 ساڵان، رۆژێك چەند كۆپتەرێك بە نزمی بەسەر هەڵەبجەدا هاتن و بە بڵندگۆ داوایان لە خەڵكی شار كرد بڕۆن بۆ بەردەم سەربازگەی شار!!، ماڵمان لە گەڕەكی سەرا بوو، لە معەسكەرەكەی هەڵەبجەوە نزیك بووین، یەكسەر بۆ بینیني ئەو نمایشە لەگەڵ منداڵانی گەڕەك بەرەو پشتی هەڵەبجە بەڕاكردن كەوتینە رێ و وابزانم یەكەم گروپ بووین گەشتینە شوێنی نمایشەكە، پاش كەمێك، ئەو دڕندانەی بەعس بە فڕۆكەی كۆپتەر لەسەر جەستەی شەهیدێك نیشتنەوە و هوتافیان دەكێشا (هلهولە للبعث الصامد).. نمایش تەواو بوو، تەرمی شەهیدی نەناسراو رادەستی كارگوزارانی شارەوانی كرا و بوو بە دەمەتەقێ ئایا تەرمەكەی بشۆرێت یان تەرمی شەهید پیرۆزە و پێویستی بە شۆردن نییە و خۆی بەهەشتییە؟؟؟؟ رای دووەم زاڵ بوو، بە دەمە شۆفڵێك لە گۆڕستانی شەهیدان، گۆڕێكیان بۆ هەڵكەند، پێش گۆڕەوشاركردنی، كارگوزارێكی بەتەمەن گیرفان و باخەڵەكانی شەهیدەكە گەڕا، بەتەنها یەك هەڵماتی شووشەی رەشی گەورە و (100 فلس) سەد فلسییەك لە باخەڵیدا بوو، هەتا مردن ئەو مەشهەدەم لەبیر ناچێت.

منیش بەو تەمەنە منداڵییەی خۆمەوە دەمزانی كە جارێكی تر قڵیشایەوە، ئەم قڵیشانەوەیەش زوڵمی قبوڵ نەكرد و بەو سەد فلسییە تا رووخانی رژێمی بەعس بەردەوام بوو.

ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket