riklam

مام جەلال و نازی پێکهاتەکان

بیروڕا 02:56 PM - 2025-10-26
ماکۆک شێخ محەمەد

ماکۆک شێخ محەمەد

مام جەلال بە بیرو باوەڕێکی پتەوەوە رێزی لە خواست و پێگەی پێکهاتەکان دەگرت و پشتیوانی داخوازییە رەواکانیان بوو .
ئەو پێی وابوو کە باخچەی کوردستان بە هەموو گوڵەکانەوە جوانەو ئەو فرە رەنگییە سەرچاوەی هێز و داهێنانە ، نەک پێچەوانەکەی .

لە هەموو شوێنەکان ( بەغداد ، سلێمانی ، هەولێر ، کەرکوک ) کاتێ چاوی بە کەسایەتی و وەفدی پێکهاتەکان دەکەوت ، وەک خۆی ووتەنی ، دڵودەروونی دەکرایەوە، هەموو جارەکان کە ئەو وەفدانە دەهاتن ، ستافەکەی رادەسپارد کە لە رووی پێشوازیی و میواندارییەوە زۆر بە ووریاییەوە رێزیان بگرن ، تەنانەت هەندێ جار بە منیشی دەگوت ؛ لە رووماڵکردنی هەواڵەکە دا بە حورمەتەوە ناویان بهێنم و گرنگی تایبەت بەو کەسایەتییە کریستیان و تورکمانی و ئێزدی و شەبەک و ئەرمەن وکاکەییانە بدەم .

جارێکیان (رەخنەی هێندێ کەسی خۆمان !!) م  پێراگەیاند کە بۆچی  لە کۆبوونەوە و دانیشتنەکان دا زیاتر داواکارییەکانی ئەوان جێبەجێ دەکات ، لە وەڵام دا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو رەخنەیە لە جێی خۆیدا نییە ، چونکە :
گرنگیدانی ئێمە بە پێکهاتەکانی کوردستان و عیراق جگە لەوەی هەڵقوڵاوی بیرو باوەڕەکانمانە ، لە هەمان کاتیشدا دەبێ ئەوانە هەست بە بوون و پێگەی خۆیان بکەن و لە ژێر حوکمڕانی ئێمەدا کەرامەتیان پارێزراو بێ .
هەروەها دەیوت : بۆ دنیای دەرەوەش ، گرنگیدانی ئێمە بە پێکهاتەکان وەک ئەوە وایە باڵێۆزێکمان هەبێ لە سەرتاسەری جیهان سپۆنسەرمان بکات و رووی گەش و مرۆڤدۆستانەمان بۆ هەموو ووڵاتانی دەستڕۆیشتوو روونبکاتەوە .

بەڵێ ، نەمامی گرنگیدان بە پێکهاتە بەرێزەکان مام جەلال چاندی ، بەڵام ئەمڕۆ لایەن و خەڵکانی دیکە لە ژێر سێبەرەکەی دا پاڵیان لێداوەتەوە و وەبەرهێنانی سیاسیی لەبەر دەکەن و لە بەردەم دنیادا دەستکەوتی سیاسیی و ئابووریی و دبلۆماسی لێ دەچننەوە ! !
هەر لەبەر ئەو روئیاو بۆچوونە دروستانەش بوو کە مام جەلال لە کاتی سەرۆکایەتییەکەیدا لە عیراق ، شيعەو سوننەو سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی کریستیان و تورکمان و ئەوانیتر ، بە چاوی رێزەوە سەیری کەسایەتی کاریزمایی مام جەلالیان دەکرد .

ئەوان مام جەلالیان بە مەرجەع و سەرۆکی خۆیان دەزانی و بگرە بە دیدێکی باوکانەوە لێیان دەڕوانی ، ئەوان کاتێ لە گەڵ مام دادەنیشتن بەوپەڕی راشکاویی و ئازادییەوە قسەی دڵی خۆیان دەکرد ، چونکە دەیانزانی لە بەرامبەریشدا سەرۆکێک هەیە باوکانە گوێیان لێدەگرێ و داواکارییەکانیان بۆ جێبەجێ دەکات .

بۆیە ئەو کەسایەتی و پێکهاتانە کاتێ کە لە نزیک مام جەلال و لە دیداری ئەودا بوون ، هەردەم خۆیان بە براوە دەزانی و بە روحیەتێکی پڕ لە ئەمان و دڵنیاییەوە دەردەچوون و هەستیان دەکرد کە لە ژێر چەترێکدان کە پڕە لەخۆشەویستی و موحیببەت و دانایی و قەدرزانین .
دیارە بەرێز سەماحەتی سیستانیش مەرجەعی باڵای شیعەکان کە باسی سەرۆک مام جەلال دەکات و کەسایەتییەکەی دەنرخێنێ ، لە خۆوە نییە کە وەک (صمام الامان ) ی عیراق پێناسەی کردووە.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket