riklam

مام جەلال و وەفاداریی

بیروڕا 03:34 PM - 2025-10-22
ماکۆک شێخ محەمەد

ماکۆک شێخ محەمەد

یەکێکی تر لە خەسڵەتە گەشەکانی مام جەلال وەفاداریی و لە بیر نەکردنی برادەر و تێکۆشەرەکانی سەر گۆڕەپانی خەبات و ژیان بوو.
ئەو لە قووڵایی دڵودەروونییەوە بڕوای بەوە هەبوو کە ئینسان بەوەوە جوانە کە بە ئەمەک بێ ، ئەو وەفادارییەش نەبەستێتەوە بە هەڵچوون و داچوون و جیاوازیی و ململانێکانی رۆژگارەوە . هەر لەبەر ئەوەش بووە کە سەرۆک مام جەلال لەو بارەیەوە وێنەی کەم بووەو لە سەر ئاستی کوردستانیی و عیراقی و ئیقلیمی و جیهانیش دا ، رابەر و سەرۆکێکی خۆشەویست و رێزلێگیراو بووە.

لەو بارەیەشەوە هەزاران نموونە هەن ، کە من رووناکی دەخەمە سەر یەکێکیان ، بۆ ئەوەی بزانین مام چ مەعدەنێکی درەوشاوە بووە لە ناو کان و کارگەکانی تێکۆشان دا !!
رۆژێکیان بانگی کردم و ووتی : سبەینێ هیچ کۆبوونەوەیەکم دیاری نەکردووە و تەرخانم کردووە بۆ پێشوازی و بینینی یەکێک لە برادەر و تێکۆشەرە دێرینەکانی کوردستان . بۆیە بەیانی چەند ئۆتۆمبیلێکی جوان لە گەڵ خۆت بەرەو بڕۆ بۆ هەولێر و لە خزمەت مامۆستا عەزیز محەمەد دا بە بۆ دەباشان . 
منیش وەک مام ئەمری کردبوو بەیانی زوو رۆیشتم بۆ هەولێر ، کە گەیشتمە ئەوێ دیار بوو مامۆستاش خۆی ئامادە کردبوو ، لە ناو کتێبخانە دەوڵەمەندەکەی چاوەڕێی ئێمەی دەکرد . 
زۆر رێزی لێگرتین و ، پاشان بەرەو سلێمانی بەرێکەوتین . 

لە رێگا مامۆستا عەزیز محەمەد بە هێمنی چووەو ناو باسکردنی دۆخی کوردستان و دنیای سیاسەت و رووناکبیرییەوە ، گفتوگۆیەکی زۆر بە تام و جوانمان کرد ، بەراستی مامۆستا هەر وەک پێشبینیم دەکرد تێکۆشەرێکی گەورە و پاک و وورد بوو ، سیاسەتمەدارێکی بە ئەزموون و خەمخۆری کوردستان بوو . 
لە قسەکانی دا بۆم دەرکەوت کە زۆر سەرسامە بە رۆڵی گەورەی مام لە سەرگۆرەپانەکەدا وهەمیشە دەیگووت : مام جەلال سەرکردەو سیاسییەکی دەگمەن و ناوازە و خۆشەویستە و ، کوردستان و عیراق و دنیاش پێویستیان بە دەوری مام جەلالە . داوای لە من کرد کە ئێمەی هاوکاران چەندی پێمان دەکرێ لە خزمەتی مام دابین و ئەوەشی بە گەورەترین شانازی بۆ ئێمە لە قەڵەم دا . 

هەر لە ناو قسەکان دا ئاماژەیەکی مامۆستا زۆر سەرنجی راکێشام کاتێک ووتی : کاکە گیان راستە ئێمە لە کوردستان بیناو ئەپارتمانی گەورەمان بەرز کردووەتەوە و هەندێ پرۆژەو شتمان کردووە ، بەڵام بوارێکمان فەرامۆش کردووە کە زیانی زۆری لێداوین ئەویش بینای ئینسانە ، دروستکردنی کەسایەتییەکی کوردیی رەسەن و پێشکەوتنخوازە .
مامۆستا کەسایەتییەکی پاکی هەبوو ، خاوەن عیززەت نەفسێکی زۆر بەرز بوو ، من لەو سەردانە بۆم دەرکەوت کە کوڕێکی هەیە و هیچ هەوڵێکی بۆ نەداوە تا لە یەکێک لە جەمگەکانی کوردستان ئیشێکی بۆ بدۆزێتەوە!!

کە لەو بارەیەوە پرسیارم لێکرد ، ئەو ووتی : باشە ئەوە من توانیم بە هۆی پەیوەندیی و پێگەی خۆمەوە شتێک بکەم بۆ کەسوکارەکەم ، ئەی کوڕە فەقیر لە دەرگای کێ بدات !!
گەیشتینە سلێمانی و لە دەباشان مام جەلال وەک پیشەی هەمیشەیی لە بەردەم دەرگای ماڵەوە چاوەڕێی دەکرد و کاتێ مامۆستای بینی بەوپەڕی شەوق و زەوقەوە پێشوازی لێکرد و زۆر بەگەرمی بەخێری هێناو ووتی : هیوادارم لە رێگا زۆر ماندوو نەبووبی . 

مامۆستا عەزیزیش وەڵامی دایەوەو ووتی: بە پێچەوانەوە مام جەلال نەمزانی رێگاکە چۆن تەواو بوو ! ! لە گەڵ برادەرەکەی تۆدا بۆخۆمان چووبووینە ناو دنیای سیاسەت و رۆشنبیریی و دۆخی گشتییەوە . 

مامیش هەستی بە ئاسوودەیی کردو بە خۆشحاڵییەوە ووتی : کەواتە پلانەکەم سەریگرتووەو زانیومە ( کێ ) بنێرم تا لە خزمەتی ( کێ ) دا بێ . 
ئیتر مام و مامۆستا لە سەر نانی نیوەڕۆ باسی زۆر شتیان کرد، بیرەوەرییەکانی رۆژانی سەختی تێکۆشان ، بایەخی تەبایی نێوان لایەنەکان ، چۆنیەتی پاراستن و گەشەپێدانی دەستکەوتەکان لە کوردستان و عیراق دا . 

دەرفەتێکی باش بوو بۆ ئەوەی ئینسان لە حیکمەتەکانی مام  جوانتر تێبگا ، کە چۆن لەزەتی لەوە دەبینی کە بە برادەر و هاوڕێ و هەڤاڵەکانی خۆی شاد دەبووەوە و رێزی لە خەبات و تێکۆشانیان دەناو پێزانینی خۆی بۆ ماندووبوون و رۆڵیان دەردەبڕی !!

دوای تەواو بوونی دانیشتنەکەو لە کاتی خواحافیزیی دا مامۆستا عەزیز محەمەد رووی لە مام جەلال کرد و ووتی : 
مام جەلال داواکارییەکم لە جەنابت هەیە کە دەبێ بۆم جێبەجێ بکەی ، مامیش بە سەرسووڕمانەوە ووتی : هەرچییەک بڵێی بە چاوان .
مامۆستاش ووتی : مام جەلال ئێستا تۆ تەنیا موڵکی خۆت نیت ، بەڵکو موڵکی هەموو کوردستان و عیراق و ناوچەکەو دنیاشی ، هەمووان پێویستیان بە تۆیە ، تکایە ئاگات لە خۆت و تەندروستی خۆت بێت .

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket