riklam

سەرۆك بافڵ، قسەی یەكلایی كەرەوەی بۆ هەڵبژاردن كرد

بیروڕا 01:37 PM - 2025-10-19
بارزان شێخ عوسمان

بارزان شێخ عوسمان

رۆژی شەممە 19ی ئۆكتۆبەر/تشرینی یەكەمی 2025 لە رێوڕەسمی ناساندنی كاندیداكانی  بازنەكانی ( هەولێر، سلێمانی، كەركوك،  دهۆك و دیالە)ی لیستی 222ی  یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا،   كە لە سلێمانی بەڕێوەچوو، سەرۆك بافڵ جلال تاڵەبانی سەرۆكی (ی،ن،ك)،  وتەیەكی پێشكەش كرد،  تیایدا  پێچەوانەی لایەنەكانی تر  كە زۆربەیان بانگەشەكەیان  تەنیا بە ریتم و ستایلێكە كە خویان پێوە گرتووە!،  سەرۆك بافڵ  تەنیا ئەو ناسنامە و نەریتە سیاسییە راست و دروستانەی بیر هێنایەوە كە حزبە تێكۆشەرەكەمانی  پێ ناسراوە،   بە راشكاویی  ئەو راستییەی خستەڕوو كە ئەوە (ی،ن،ك)ە،   جێی متمانەی بەشی زۆری دەنگدەرانە كە دەتوانێت لە خەباتی پەرلەمانییدا مافەدەستوریی و بڕیار لێدراوە قانونییەكانی گەلی كوردستان لە عیراقی فیدراڵدا جێبەجێ بكرێت، هاوكاتیش داكۆكیكاری مافە دەستورییەكانی پێكهاتەكانی تری عیراق بێت .

سەرۆك بافڵ تاڵەبانی  لە وتارەكەیدا،  ئەو راستییەی رونكردەوە بۆ دەنگدەران كە ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقە واتە بۆ شەڕی پەرلەمانیی، دەستووریی و قانونیی گەلەكەمانە لە بەغداد،  بۆیە  هەم پێویستیی بە یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكانە (كە ی ن ك هەوێنەكەیەتی)،   هەم دەبێت كاندیدا  سەركەوتوەكانی لیستی (دودودو) زۆر بە جدیی و دڵسۆزانە ئەو متمانەیەی دەنگدەرەكانیان بپارێزن كە پێیان بەخشیون . 

وتەكەی سەرۆك بافڵ زۆر بابەتییانە و واقیعیانە بوو،  بەوەی (ی،ن،ك) ی وەك هێزێكی بێ مونافیس  خستە بەردەم ئامادەبووان و دەنگدەران،  ئەوەش پێشینە و پاشخانێكی مێژویی هەیە  كە هەرلەسەرەتای دامەزراندنیدا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت،    (ی،ن،ك)  سەرباری هەردوو خەمی كوردستانیی و عیراقیی، خەمی ناوچەییشی  خستووەتە ئەستۆی خۆی . وەك چۆن لە سەردەمی ئۆپۆزیسیۆندا   هێزە كوردستانیی و عیراقییەكان گرێ كوێرەكانی خەباتیان لای (ی،ن،ك) دەكردەوە،  وەك چۆن لە كۆنگرە بەرفراوانەكانی،  بەیروت 1991،  ڤێننا 1992 سەڵاحەدین 1993،  نیویۆرك 1999، لەندەن2002، سەڵاحەدین2003،ناسریە2003،  هەر پرس و راوێژ  بە (ی،ن،ك)  دەكرا و بە هەماهەنگیی هێزە رەسەنە كوردستانییەكان،  پلان و بەرنامەی (ی،ن،ك)  دەكرایە كارنامەی خەباتی ئەو سەردەمە،  لە دوای روخاندنی رژێمی دیكتاتۆرییش  هەر   (ی،ن،ك)  لە بەغداد و هەولێر و سلێمانی  بزوێنەر و بنیاتنەری عیراقی دوای دیكتاتۆریی بو، دیارە داینەمۆی ئەو هەڵسوڕاندن و بزێوییەی (ی،ن،ك)  لە نێو جەرگەی هەردو خەباتی سەردەمی ئۆپۆزیسیۆن و سەردەمی دوای گوڕانی رژێمی دیكتاتۆریی، سەرۆك مامجەلالی مەزن بو، كە  لە شاخ و مەكتەبەكانی دەرەوەی ی ن ك لە سەردەمی ئۆپۆزیسیۆندا  و لەدوای سەردەمی دیكتاتۆرییشدا ماڵەكەی و بارەگاكەی لە بەغداد و سلێمانی و هەولێریش  ببونە پێگەی سەرەكیی كۆبونەوەكان و بڕیارەكان هەر لەوێوە دەردەچون بۆ ئایندەی عیراق .

كەواتە كاتێك سەرۆك بافڵ تاڵەبانی رایدەگەیەنێت، ئێمە مونافیسمان نییە، پشت بەو راستییە مێژوییانە دەبەستێت كە ئەمڕۆش سەرباری ماڵئاوایی سەرۆك مام جەلال،  بەڵام بە فیكر و ئەزمونەكەی ئەو،  كێشەی هەنوكەییەكانی پەیوەست بە شیكردنەوەی دەستور چارەسەر دەكرێن و  (ی،ن،ك)  دەبێتە كارەكتەری سەرەكیه چارەسەرەكان .،  مەسەلەی دوبارە ناردنە دەرەوەی نەوت یەكێكە لەو كێشە پڕ گرێ و گۆڵانەی  بە تەدەخولی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی  یەكلایی كرایەوە .

سەرۆك بافڵ لە تەنیشت پەیامە كوردستانییەكەی (ی،ن،ك) دا،  پەیامە عیراقیەكەشی خستە رو كە نوێنەرەكانی لیستی 222 وەك چۆن داكۆكیی لە مافی دەنگدەرەكانیان دەكەن، ئەوهاش داكۆكیی لە مافی پێكهاتە نەتەوەیی،ئاینیی، مەزهەبییەكانی تری وەك شیعە، سونە،توركمان، ئاسوریی، كریستیانی،  سائیبە،  ئێزدیی  و زەردەشتییەكانیش دەكەن،  بەشداریی كارا دەكەن لە قانون داناندا لەبەرژەوەندیی ئەوانیشدا بە هەمان شێوەی گەلی كوردستان .

سەرۆك بافڵ وەك چۆن دووپاتیكردەوە كە لیستی 222 هێزی دەنگدەرانێتی لە بەغداد، ئەوهاش دەبێتە هێزی پێكهاتەكانی تری عیراق .

لە میانەی وتارەكەیدا سەرۆكی (ی،ن،ك)،  پێویستیی یەكڕیزییشی فەرامۆش نەكرد،  كە ئەو یەكڕیزییە پێویستە و پێگەی كوردستان بەهێزتر دەكات .

لەوتەكەیدا سەرۆك بافڵ جلال تاڵەبانی دوپاتیكردەوە، ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی عیراقە،  بۆیە دەبێت بانگەشەكان لە ئاست عیراق و مافە دەستورییەكانمان بێت لە عیراقی فیدراڵدا،  بەوەش هوشیارییەكی گرنگی گەیاند بە دەنگدەران كە دەبێت  بە باشیی و وریانە پەیامەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، جیا بكەنەوە لە پەیامی لۆكاڵیی .


هەربۆیە دەبێت دەنگدەرانی بازنەكان لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی تری دەرەوەی كوردستانیش (ناوچەكانی بازنەی مادەی 140 ی دەستوریی)  پەی بەو راستییە ببەن  ئەوە كێ یە كە بەراستیی، شێلگیرانە و بێ هیچ بەرژەوەندییەكی  حزبیی،  خەبات و شەڕی پەرلەمانیی كردوە و دەكات لە پێناوی زامنكردنی مافە دەستورییەكانمان،  هەر لەو روانگەیەشەوە بو،  روی كردە كاندیداكان كاتێك پێی راگەیاندن كە “نابێت كەمتەرخەم بن یا بەرژەوەندیی خۆیان لامەبەست بێت، دەنا لێیان قبوڵ ناكات” !. ئەوەش خەسڵەتێكی گرنگ و دیارە بۆ سەركردەی حزبەكەمان كە چەندە پەرۆشی  خزمەت كردنی كۆمەڵانی خەڵكە  لەرێی پەرلەمانی عیراقەوە . خەسڵەت و پەرۆشییەك كە سەرۆك مام جەلال بەردی بناغەكەی داناوە ئێمەش لە سەرۆكەكەمانەوە تا ئەندام و لایەنگر و دۆستەكانی (ی،ن،ك) یش  كردومانەتە نەریتێك و پێوەی پابەندین . بۆیە  بە دڵنیاییەوە هەمووان  ئێمەی یەكێتییەكان بێ جیاوازیی،  كەسانی دیمكراتخواز، كوردپەروەر  هەر دەنگمان بۆ لیستی 222ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و كاندیدەكانێتی .

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket