riklam

زانیاری ورد لەبارەی ناوەندی ئۆپراسیۆنی پێشمەرگەو بەرگری لەناوچە جێناكۆكەكان

کوردستان 04:19 PM - 2020-07-06
.

.

وەفدی پێشمەرگەو بەرگری عیراق بڕیاریانداوە دوو ناوەندی ئۆپراسیۆنی سەرەكی و چوار ناوەندی ئۆپراسیۆنی هەماهەنگی لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگەو هێزە عیراقییەكان لە كەركوك و  موسڵ و مەخمورو خانەقین پێكبهێنن و هەر یەكێكیش لەو ناوەندانە 15 ئەفسەری كوردی تێدا دەبێت و كار لەسەر پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیانەش دەكەن كە لەناوچە جێناكۆكەكاندا هەیە.

محەمەد عوسمان لێپرسراو مەڵبەندی رێكخستنی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی ئەنجامی گفتوگۆكانی وەفدی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم و وەفدی وەزارەتی بەرگری عیراق لەسەر گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك و ناوچەكانی دەوروبەری و پێكهێنانی لیژنەی هەماهەنگی بە PUKmediaی راگەیاند: پێشتر لیژنەیەكی هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتەكانی پێشمەرگەو بەرگری هەبوو، بەڵام ماوەی زیاتر لەساڵێكە كارەكانیان وەستاوە، بەڵام بەبڕیاری مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئەو لیژنەیە دەستبەكار بوەتەوەو لەبەغدا كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە.

وتیشی: لیژنەكە جگە لەوەی لەچەند رۆژی رابردودا لەبەغدا كۆبوونەتەوە، تا دوو هەفتەی داهاتوو لەهەولێر كۆبوونەوەیەكی تر دەكەن و بڕیاریشیانداوە دوو ناوەندی ئۆپراسیۆنی سەرەكی و چوار ناوەندی ئۆپراسیۆنی هەماهەنگیان هەبێت كە بەمشێوەیە دەبێت (كەركوك، موسڵ، مەخمور، خانەقین) دەبێت.

لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی راشیگەیاند: بەپێی ئەو زانیاریانەی وەفدەكەی وەزارەتی پێشمەرگەوە پێيداوم، هەر یەكێك لەو ناوەندانەی ئۆپراسیۆنەكان 15 ئەفسەر كاری تێدا دەكات، ئەوەی كەركوك لەبنكەی سەربازی كەیوان دەبێت و 15 ئەفسەری كورد تێیدا بەشدار دەبێت و كار لەسەر ئەوەدەكەن ئەو بۆشاییە ئەمنیانەی لەنێوان هەردوولا هەیە پڕی دەكەنەوە.

لەبارەی ناڕەزایی بوونی عەرەب و توركمانەكانی كەركوك لەسەر پێكهێنانەوەی ئەو ناوەندانە، وتی: حەتمەن ئەوان شتێك دەڵێن لەبەر دوو هۆكار، یەكێكیان ئەوەیە توركیا نایەوێت ئەو ناوچانە بەدەست كوردەوە بێت بۆیە توركمانەكان ناڕازی دەبن، هەروەها عەرەبەكانیش بەهۆی ئەوەیە ئەو چەند ساڵە كە داعش لەناوچەكە بووەو پێشمەرگەش لێیداون توشی كێشە بوون، بۆیە بەرژەوەندی ئەوان لەنەگەڕاونەوەی پێشمەرگەیە، بەڵام كە بڕیار درا گوێ لەوانە ناگیرێت.

محەمەد عوسمان تەئكیدی لەسەر ئەوەشكردەوە هەر بەپێی زانیاری  وەفدەكەی وەزارەتی پێشمەرگەوە، لەگفتوگۆكاندا باس لەپێكهێنانی ژووری ئۆپراسیۆنەكان كراوەو دواتریش چەند پێشنیارێك هەیە، یەكەمیان هێڵی سنوری نێوان پێشمەرگەو هێزە عیراقییەكان تێكەڵاو بكرێتەوە، دووەمیش ئەوەیە پێشمەرگەو هێزە عیراقییەكان لەشوێنی خۆیان بمێننەوەو لەنێوان هەردوولا ئۆپراسیۆنی سەربازی بكرێت، سێیەمیش نزیكخستنەوەی رەبیەكانی پێشمەرگەو هێزە عیراقییەكانە.

PUKmedia تایبەت 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket