riklam

هێرشە درۆنیەكەی كۆرمۆر كاردانەوەی نێودەوڵەتی لێدەكەوێتەوە

کوردستان 10:11 AM - 2024-04-27
کێڵگەی کۆرمۆر PUKMEDIA

کێڵگەی کۆرمۆر

هێرشە درۆنیەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ، كاردانەوەی نێودەوڵەتی و دیپلۆماسیی لێدەكەوێتەوە و هەریەك لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و باڵیۆزخانەی ئەمریكا بەجیا و نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان بەتوندی ئیدانەی دەكەن: "لێكۆڵینەوە بكرێت وتاوانباران بەسزا بگەیەندرێن".


ئێواری رۆژی هه‌ینی 26/4/2024 له‌ رێی فڕۆكه‌ی بێفڕ‌ۆكه‌وانه‌وه‌ هێرشكرایه‌ سه‌ر كێلگه‌ی غازی كۆرمۆر و جگه‌ له‌ زیانه‌ ماددیه‌كان و پچڕ‌انی كاره‌بای هاووڵاتیان، چوار كارمه‌ندیش كه‌ خه‌ڵكی یه‌مه‌نن، كوژران و ژماره‌یه‌كیش برینداربوون.

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئیدانەی دەکات


وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئیدانه‌ی هێرشه‌ درۆنیه‌كه‌ی سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر ده‌كات و پشتیوانی واشنتۆنی بۆ سه‌قامگیریی و ئۆقره‌یی له‌ هه‌رێم و عیراق دووپاتده‌كاته‌وه‌.

 

ئه‌مڕ‌ۆ 27/4/2024  ماتیۆ میله‌ر وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا به‌توندی ئیدانه‌ی ئه‌و په‌لاماره‌ ده‌كات و ده‌ڵێت:" ئه‌مریكا "به‌ توندی ئیدانه‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر ژێرخانی وزه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ئه‌م هێرشانه‌ پێشێلكردنی سه‌روه‌ری عیراقه‌، بۆیه‌ هانی ده‌سه‌ڵاتداران ده‌ده‌ین كه‌لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ن و هێرشبه‌ره‌كان بدرێنه‌ دادگا". 

باڵیۆزی ئەمریکا: تاوانباران بدرێنە دادگا


ئه‌لینا رۆمۆنسكی باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عیراق له‌ تۆڕ‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس له‌په‌یامێكیدا به‌توندی ئیدانه‌ی په‌لاماره‌كه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت:"به‌توندی ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر ده‌كه‌ین كه‌ بووه‌ هۆی زیانگه‌یاندن به‌ژێرخانی وزه‌ی هه‌رێمی كوردستان و چه‌ندین قوربانی لێكه‌وته‌وه‌".

 

" داوا له‌حكومه‌تی عیراق ده‌كه‌ین لێكۆڵینه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی بكه‌ن له‌و هێرشه‌ و تاوانباران بدرێنه‌ دادگا تا به‌سزای یاسایی خۆیان بگه‌ن و ئه‌مریكاش به‌رده‌وامده‌بێت له‌كاركردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ پشتیوانی له‌ئاسایش و سه‌قامگیری و سه‌روه‌ری عیراق." باڵیۆزی ئه‌مریكا واده‌ڵێت.

 

هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش لەبارەی هێرشەکەوە دەڵێت: "ئێمە بە توندی ئیدانەی هێرشە کوشندەکەی سەر کێڵگەی غازی مەدەنی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستانی عیراق دەکەین، ئەم کردەوانە بە توندی هەڕەشە لە سەقامگیری عیراق و خۆشگوزەرانی گەلەکەی دەکەن".

 

بەریتانیا: هێرشەکەی کۆرمۆر قبوڵنەکراوە

هەر ئەمڕۆ 27-4-2024 ستێفن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق لە پەیامێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی X  ئیدانەی توندی هێرشە درۆنیەكە دەكات و دەڵێت: "ئەمە هەوڵێكی قبوڵنەكراوە بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسی و ئابوورییەكان لە ڕێگەی توندوتیژیەوە".

"هێرشی سەر كێڵگەی غازی کۆرمۆر شەرمەزار دەكەین و دەبێت لێپرسینەوە لەگەڵ ئەنجامدەرانی ئەو پەلامارەدا بكرێت". باڵیۆزی بەریتانیا وادەڵێت.

 

فەرەنسا: سەرکۆنەی هێرشەکەی کۆرمۆر دەکەین

لە بەیاننامەیەکدا فەرەنسا بەتوندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکات و رایدەگەیەنێت:" پاڵپشتیمان دووپاتدەکەینەوە بۆ حکومەتەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان".

 

باڵیۆزی یه‌كێتیی ئه‌وروپا: زیاتر هاوکاری عیراق و هەرێم دەبین

 

باڵیۆزی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ عیراق له‌باره‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر، رایگه‌یاند:"یەکێتی ئەوروپا زیاتر هاوکاری عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت لەسەر ئاسایش و سەقامگیری و چاکسازی".

تۆماس سیله‌ر، باڵیۆزی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ عیراق له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی "X" له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر، نوسیویه‌تی: "ئەم هێرشانە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عیراق دەکەنە ئامانج، تەنها یەک کاریگەری هەیە ئەویش یەکێتی ئەوروپا زیاتر هاوکاری عیراق و هەرێمی کوردستانی عیراق دەبێت لەسەر ئاسایش و سەقامگیری و چاکسازی".

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، "پرسە و سەرەخۆشیمان بۆ کەسوکاری قوربانیانی هێرشی کێڵگەی غازی كورمۆر، بەهیوای زو چاکبونەوە بۆ بریندارەکان".

 

یۆنامی: بكه‌رانی هێرشه‌كه‌ دادگایی بکرێن

له‌ كاردانه‌وه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا جگه‌ له‌ئیدانه‌ و سه‌ره‌خۆشی له‌ كه‌سوكاری قورباینییه‌كان، " داوا ده‌كرێت لێكۆڵینه‌وه‌ بكرێت و سزای تاوانباران بدرێت".

 

نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش له‌عیراق ئیدانه‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر ده‌كات و ڕ‌ایده‌گه‌یه‌نێت:"پێشوازیی له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ ده‌ستگیركردنی بكه‌رانی هێرشه‌كه‌ و دادگاییكردنیان ده‌كه‌ین".


نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق- یۆنامی له‌ تۆڕ‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێكس له‌ په‌یامێكدا هه‌ڵوێستی خۆی له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ راگه‌یاندو به‌توندی ئیدانه‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر كێڵگه‌ی كۆرمۆر ده‌كات .

 

"داوا ده‌كه‌ین لێكۆینه‌وه‌ بۆ ده‌ستنیشانكردن و ده‌ستگیركردنی بكه‌رانی هێرشه‌كه‌ ئەنجامبدرێت و دادگایی بكرێت" نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان واده‌ڵێت.


هێرشە درۆنییەکی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە دوێنێ هەینی 26-4-2024 ئەنجامدرا، دووەم هێرشە کەلە ئەمساڵدا کراوەتە سەر ئەو کێڵگەیە و زیانی ماددی و گیانی لێکەوتۆتەوە، پێشتریش رۆژی 25-1-2024 هێرشێکی موشەکی کرایە سەر کێڵگەکە و زیانی ماددی زۆری بە کێڵگەکە گەیاند.

 

كێڵگه‌ی كۆرمۆر كه‌ له‌ساڵی 2007 ه‌وه‌ له‌سنووری شاردێی قادر كه‌ره‌م دامه‌زراوه‌ و كۆمپانیای دانه‌غاز به‌رهه‌مهێنانی تێدا ده‌كات، به‌ پێدانی غاز به‌ وێستگه‌كانی كاره‌بای چه‌مچه‌ماڵ و هه‌ولێر 67%ی كاره‌بای هه‌رێمی كوردستان دابینده‌كات.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket