riklam

تەندروستی:هێرشكردنە سەر نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەكان رابگیرێت

کوردستان 03:46 PM - 2020-06-21
.

.

وەزارەتی تەندروستی لەسەر هێرشكردنە سەر راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: لەماوەی ئەم هەفتەیەدا بۆ سێیەمین جار هێرشكراوەتە سەر نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەكان، سەرەڕای هەڕەشەو سوكایەتیكردن بەپزیشكان و كارمەندانی تەندروستی، داواش  لە وەزارەتی ناوخۆو دامودەزگاكانی ئەمنی دەكات هەموو هەوڵێكی خۆیان بدەن بۆ پاراستنی گیانی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی.

 

ڕاگەیاندراوێك لە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان...

هەروەك هەموو لایەك ئاگادارن ماوەی چەندین مانگە پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەرانی تەندروستی خۆنەویستانە بەبێ گوێدانە ماندوویی لە بەرامبەر مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە خزمەتكردن و شەونخوونی بەردەوامن، وەك سەربازی وون چاونەترسانە بوونەتە قەڵغانی پاراستن و چارەسەركردنی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان بە گشتی و لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە بەتایبەتی. جگەلەوەی لەپاڵ ئەو هەموو خزمەت و ماندووبوونەدا، چەندین حاڵەتی تووشبووی ئەم پەتایەش لە نێویاندا تۆماركراوە.

بەڵام بەداخەوە، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا بۆ سێ یەمین جار هێرشكراوەتە سەر نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەكان، سەرەڕای هەڕەشەو سوكایەتیكردن بەپزیشكان و كارمەندانی تەندروستی كە دواترینیان دوێنێ شەو بوو.

لێرەوە بۆ رای گشتی رایدەگەیەنین كە نەخۆشخانەكان و دامەزراوە تەندروستییەكان موڵكی گشتین و شوێنێكی پیرۆزن، چونكە رۆژانە بەهەوڵ و ماندووبوونی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی چەندین كەس دووبارە ژیانیان بۆ دەگەڕێتەوە و دەگەڕێنەوە ناو خێزانەكانیان. 

بۆ ئەم مەبەستە داوا لە وەزارەتی ناوەخۆ و دامودەزگاكانی ئەمنی لە پۆلیس و ئاسایش دەكەین كە هەموو هەوڵێكی خۆیان بدەن بۆ پاراستنی گیانی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی هەر جۆرە رووداوێكی لەم جۆرەو وەرگرتنی رێكاری یاسایی بەرامبەر ئەو هێرشە ناڕەوایانە كە بەناحەق دەكرێتە سەر پزیشكان و كارمەندان و فەرمانبەرانی نەخۆشخانەو دامەزراوە تەندروستییەكان.

لەكۆتاییدا داوا لە هاووڵاتییان دەكەین كە خۆیان بە دوور بگرن لە هەڵچوون و هەموو كارێكی ناشارستانی و نایاسایی و لەگەڵ ئەوپەڕی سوپاس و دەستخۆشی داوا لە پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی دەكەین ئارامی زیاترو رۆحی مرۆڤ دۆستانە بنوێنن و هاووڵاتییان دڵنیادەكەینەوە كە پزیشكان و كارمەندان لە روانگەی هەستكردن بە ئەرك و بەرپرسیاریەتی و فریشتە ئاسا لە خەمخۆری و بەرژەوەندی هاوڵاتیان دان كەئەمەش سەروەتێكی گرنگی نیشتیمانییە لە هەرێمی كوردستان.

وەزارەتی تەندروستی

حكومەتی هەرێمی كوردستان

٢١ حوزەیران ٢٠٢٠

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket