riklam

سبەینێ خۆرگیران لەهەرێم رودەدات

کوردستان 12:50 PM - 2020-06-20
.

.

کەشناسی هەرێم رودانی خۆرگیرانی نیمچەیی بۆ سبەینێ لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکی دەست PUKmedia کەوتوە ئەوەی راگەیاندوە: پێوانە فەلەكییەكان لە زووەوە ئاماژەیان بە روودانی خۆرگیرانێكی ئەڵقەیی كردووە كە لە رۆژی یەكشەممە 2020.6.21 دا روودەدات، سبەینێ لەهەرێمی کوردستانیش رودەدات.

ئەو وڵاتانەی وەكو کوردستان خۆرگیرانی نیمچەیی دەبینن زۆرن، بەڵام ئەوانەی لەسەر رێڕەوی ئێمەن بریتین لە: (نەیجەرو چادو باشوری لیبیاو میسرو فەلەستین و ئوردن و لوبنان و سوریاو هەرێمی كوردستان و باكووری ئێران و توركمانستان و ئوزبەكیستان و باشووری كازاخستان و مەنگۆلیاو باكووری رۆژهەڵاتی چین و هەردوو كۆریای باكوورو باشوورو ژاپۆن).

سەبارەت بە داتای خۆرگیران لە هەرێمی كوردستان ئەوا بەم شێوەیە دەبێت:

* دەستپێكی دیاردەكە لەنێو هەرێمی كوردستان لە سەعات 07:34:52 ی بەیانی دیسكی مانگ لە بەشی خوارووی لای راستی دیسكی خۆرەوە دێتە پێشەوە و لەوێوە خۆرگیرانی نیمچەیی دەست پێدەكات.

* سەعات 08:38:47 ی بەیانی خۆرگیرانەكە دەگاتە بەرزترین ئاستی كە %36.86 ی دیسكی خۆر دەكەوێتە دواوەی دیسكی مانگ و لە پیش چاومان ئەو بەەر تاریك دادێت.

* سەعات 09:50:24 دیسكی مانگ بە تەواوی لە پێش دیسكی خۆر لادەچێ و كۆتایی بەو دیاردەیە دێت بە نیسبەت هەرێمی كوردستان.

* كەواتە دیاردەی خۆرگیران لە هەرێمی كوردستان لە دەستپێك تا كۆتایی 2 سەعات و 15 دەقیقە و 32 چركە.

* لێرەدا بە پێویستی دەزانين كەوا هۆشداریی بدەينە هاوڵاتیانی ئازیز كەوا بەهیچ شێوەیەك هەوڵ نەدەن راستەوخۆ لە رێگەی (تلسكۆب و دووربین و كامێرا) لەهەر كات و ساتێك و لەژێر هەر بارێكدا سەیری خۆرنەكەن، چونكە دەستبەجێ زیانی راستەوخۆ بەچاو دەگەیەنێ و دەبێتە هۆی خوانەخواستە كوێربوونی كاتی یان هەمیشەیی یان دەبێتە هۆی حاڵەتی لەدەستدانی توانای بینینی رەنگەكان، بەڵكو پێویستە فلتەری تایبەت بە خۆر بەكار بهێنرێت و یان چاویلگەی خۆرگیران، كە بە داخەوە ئەم دوو بابەتە لە هەرێمی كوردستاندا دەستناكەون!، هەروەها بەكارهێنانی مۆبایلی بەستراوە لەگەڵ دووربین یان تلیسكۆب دەبێتە هۆی سووتاندنی كامێرای مۆبایل یان پێگەیاندنی زیانێكی گەورە، ئەگەر هاتوو فلتەر بەكار نەهێنرێت.

خۆرگیرانی ئەڵقەیی كاتێك روودەدات كە مانگ لە خاڵێكی دوورە لەگەڵ زەویدا، بۆیە كاتێك دێتە پێش دیسكی خۆر، ئەوا بە تەواوی نایگرێت، بەڵكو ئەڵقەیەكی باریكی بریقەدار لە دەوری دیسكی تاریكی مانگدا دەبینرێ كە بەڕاستی مایەی سەرسامی و سەرنجڕاكێشانی دەبێت، بەڵام بەداخەوە، هەموو ئەو ناوچانەی كە خۆرگیرانەكە بە شێوەیەكی گشتی دەیانگرێتەوە بۆیان ناڕەخسێت كەوا ئەم خۆرگیرانە لەشێوەی ئەڵقەیی ببینن، هۆكارەكەش شوێنكەوتەی جوگرافی كەسەكەیە، چونكە ئەگەر بە مەودایەكی بەرچاو بۆ باكوور یان باشووری ئەو ناوچانە بڕۆین كە خۆرگیرانی ئەڵقەیی تیایدا روو دەدات ئەوا بێ گومان گۆشەی دیمەنەكە دەگۆِرێ، ئیدی دیسكی مانگ بە پێی شوێنكەوتەی تۆ یان لە كاتی جووڵەكردنت بەرزو نزم دەبێتەوە بەرامبەر بە دیسكی خۆر لەپێش چاوی ئێمە ئاسماندا، بەمەش دیمەنی خۆرگیرانە ئەڵقەییەكە دەگۆڕێ بۆ خۆرگرانی نیمچەیی، بە شێوەیەك هەرچەندە بەرەو ناوچەی گیرانی ئەڵقەییدا بچین ئەوا رێژەی گیرانی دیسكی خۆر بەهۆی مانگەوە زیاتر دەبێ و لێی دوور بكەوینەوە ئەوا رێژەی گیرانەكەكەمتر دەبێ تا وایلێدێت هیچ خۆرگیرانێك نابینی و نامێنێت.

PUKmedia بەشی راگەیاندنی کەشناسی هەرێم

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket