riklam

لەسەر بانگهێشتی سەرۆك كۆماری ئێران، عەلی زەیدی لە تارانە

عیراق 01:50 PM - 2026-07-23
عەلی زەیدی گەیشتە تاران ميدياكان

عەلی زەیدی گەیشتە تاران

عيراق

ئەمڕۆ 23ی 7ی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، گەیشتە تاران و بڕیارە لەگەڵ لێپرسراوانی ئەو وڵاتە كۆببێتەوە، میدیای رەسمی عیراق-یش سەردانەكە بەسەربەخۆیی عیراق و كرانەوەی بەڕووی دەرەوەدا ناو دەبات، میدیای ئێرانیش باس لەوە دەكات هەر رەخنەیەك لەئێرانەوە لەسەر سەردانەكەی زەیدی بۆ ئەمریكا هەبووبێت، رەسمیی نەبووەو كەسی بووە.

عیراق بەرەو كرانەوەی دەرەكی


پێشتر ئاژانسی هەواڵی عیراقی بڵاویكردەوە، زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەگەڵ ژمارەیەك لە لێپرسراوە پلە باڵاكانی ئەو وڵاتە سەردانی ئێران دەكات و چەندین دیدار و گفتوگۆی بە بایەخ ئەنجام دەدات.

بە پێی زانیارییەكانی ئەو ئاژانسە عیراقییە، یەكێك لە تەوەرەكانی نێوان وەفدی عیراق و لێپرسراوانی ئێران، پرسی ئەمنی و سنوورەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە لە كاتی ئەو ئاڵۆزییانەدا لەناوچەكەدا هەیە كە تێیدا ئێران لایەنی سەرەكیی جەنگە گەورەكەیە. بەپێی هەواڵی میدیاكانی عیراق، سەرۆك وەزیران لەو سەردانەیدا بە لایەنی ئێرانی رادەگەیەنێت، عیراق هێزو پێگەی خۆی گەڕاندووەتەوە و نەبووەتە بەشێك لە ململانێی ناوچەكە، هەروەك چۆن بەرهەڵستیی دەستوەردان لە ناكۆكیی وڵاتان دەكات و رێز لە بەڵێنە نێودەوڵەتییەكانی دەگرێت، چونكە حكومەتی عیراق بەرەو كراوەیی دەرەكی دەجووڵێت بەپشتبەستن بە بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی خۆی.

دۆسێی گاز

هاوكات حەیدەر عەبوودی وتەبێژی حكومەتی عیراق رایگەیاند: سەرۆك وەزیرانی عیراق سەردانی ئێران دەكات و دۆسێی گاز لەسەر مێزی گفتوگۆی هەردوولایان دەبێت. 

پێش سەردانەكە،  لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتەبێژی حكومەتی عیراق رایگەیاند: عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران، لەسەر بانگهێشتی رەسمیی سەرۆكی ئێران و لەگەڵ وەفدێكی وەزاری سەردانی ئێران دەكات، سەردانەكە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنە لەنێوان هەردوو وڵاتدا و دۆسێی گاز یەكێكە لەو تەوەرانەی لەسەر مێزی گفتوگۆی هەردوولا دەبێت بەجۆرێك لەگەڵ بەرژەوەندیی عیراق یەكبگرێتەوە.

زەیدی: هێرشی سەربازی نەكرێتەسەر ئێران

لە دیدارێكیدا لەگەڵ گۆڤاری (دی ئەتلانتیك)ی ئەمریكی، سەرۆك وەزیرانی عیراق داوای ئەوەی لە دۆناڵد ترەمپ كردووە كە هێرشی سەربازیی نەكاتەسەر ئێران. رەنگە پەیوەندییەكانی عەلی زەیدی هاوسەنگ بێت لەگەڵ ئێران و ئەمریكییەكانیش، بۆیە زەیدی نایەوێت هیچ جۆرە جەنگێك لەنێوان هەردوولادا هەبێت و باس لەوە دەكات «پێویستە عیراق لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا، خاڵی بەیەكگەیەنەر بێت، نەك گۆڕەپانی دژایەتی و ململانێ و بەرەداری و بەشێك بێت لەو جەنگە».

زەیدی لە درێژەی قسەكانیدا وتوویەتی: جەنگ و داخستنی گەرووی هورمز زیانی گەورەیان بە ئابووریی عیراق گەیاندووە، داواشی لە وەبەرهێنەران كرد كە سەیری عیراق بكەن وەك دەرفەتێكی وەبەرهێنانی بەڵێندەر نەك وەك بەشێك لەو جوگرافیایەی كە جەنگی تێدایە. 
ئەو گۆڤارە كە وەك بەشێك لە لێكدانەوەی خۆی باسی دەكات، رەنگە زەیدی بیەوێت لینكێك بۆ نێوەندگیریی بدۆزێتەوە لەگەڵ ئێران و ئەمریكا و پشتیوانیی عیراق بۆ هەر دانوستان و هەنگاوێكی ئاشتیی نیشانبدات.

پەیوەندیی دراوسێیەتی

رۆژنامەی (الصباح) بڵاویكردەوە، سەردانەكەی زەیدی بۆ ئێران، بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی عیراقە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هاوبەشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان. باسی لەوەش كرد، ئەو سەردانە لە پێداویستییەكانی پەیوەندیی دراوسێ و بەرژەوەندی هاوبەشەوە سەرچاوە دەگرێت و گفتوگۆكان باس لە كۆمەڵێك پرسی دوولایەنە دەكەن، جگە لە پێشهاتەكانی ناوچەكە و هەوڵدان بۆ كەمكردنەوەی گرژی و بەرزكردنەوەی ئاسایش و سەقامگیریی.
زەیدی دەیەوێت رۆڵی عیراق بۆ لایەنی ئێرانی روون بكاتەوە، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییە هاوسەنگەكانی لەگەڵ لایەنە جیاوازەكان و ئەو متمانەیەی كە بەدەستی دەهێنێت و توانای بەشداریكردنیشی لە پشتیوانیكردنی گفتوگۆ و كەمكردنەوەی گرژییەكانی ناوچەكە، بەمەش خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە دەكات.

كەمكردنەوەی رەخنەی ئێران

رۆژنامەی (الشرق الاوسگ) باس لەوە دەكات، سەردانەكەی زەیدی بۆ تاران، لە نێوان رەخنەكانی ئێران لە زەیدی و دیپلۆماسییەتی ئێران هەنگاوی ناوە، بۆ ئەوەی بە رواڵەت كاریگەریی ئەو رەخنانە كەم بكاتەوە. لەو بارەیەوە رۆژنامەكە ئاماژە بۆ بۆچوونی عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران دەكات لەبارەی ئەو رەخنانەی ئاراستەی زەیدی كراون و وتوویەتی «رەخنەكانی لایەنی ئێرانی لە زەیدی، شەخسی و نارەسمی بووە و زیان بە پەیوەندییە ستراتیژییەكانی نێوان هەردوو وڵات ناگەیەنێت».

رۆژنامەكە دەنووسێت، سەركەوتنی حكومەتەكەی زەیدی لە هەڵوەشاندنەوە و چەكداماڵینی هەندێك هێزی چەكداری عیراقیدایە كە ئەوەش تەنها لە رێگەی لێكتێگەیشتن لەگەڵ تاران دێتە ئاراوە، بە لەبەرچاوگرتنی كۆنتڕۆڵ و كاریگەرییەكەی بەسەر زۆربەی ئەو گروپە چەكدارانەوە.

رەخنەكان لە زەیدی رەسمی نەبوون


بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵدەریی ئێران، سەردانەكەی زەیدی بایەخی مێژوویی هەیە و عیراق و ئێران لە زۆر لایەن و گۆشەی جیاوازەوە نزیكن لەیەكترەوە و ئەوە هەنگاوێكی گرنگ و مێژووییە و دووپاتكردنەوەی برایەتیی نێوان گەلی هەردوو وڵاتە.
ئەو ئاژانسە ئێرانییە باس لەوە دەكات، سەردانەكەی زەیدی لەسەر داوای سەرۆك كۆماری ئیسلامیی ئێرانە و وەك نیەتپاكییەكی نێوان لێپرسراوانی ئێران دەبینرێت بۆ عیراق.

ئاماژەی بەوە كردووە، پەیوەندیی نێوان ئێران و عیراق لەهەر كات و ساتێكدا، پەیوەندییەكی گرنگ و لەمێژینەیە و هیچ رەخنەیەك و هێرشكردنەسەر سەرۆك وەزیرانی عیراق (عەلی زەیدی) گوزارشت لە دەوڵەت و سیاسەتی حكومەتی ئێران ناكات و تاران ئامادەیە پێشوازیی فراوان و لە ئاستی باڵادا لە سەرۆك وەزیرانی عیراق بكات.
تارماییەك بەرەو تاران


بەپێی ئاژانسەكانی هەواڵ، تەواوی لایەنەكانی وەك ئەمنی، سنوور، گرووپە چەكدارەكان، گازو جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریكا، لەسەردانەكەی زەیدیدا باس دەكرێن، بەڵام ئەوەی تائێستا هیچ بوونێكی نییە و تەنیا وەك تارماییەك باس دەكرێت ئەوەیە، رەنگە زەیدی قسەیەكی دۆناڵد ترەمپ و ئەمریكییەكانی پێبێت بۆ ئێرانییەكان و بیەوێت عیراق بكاتە خاڵی نێوەندگیریی ئەو دوو وڵاتە.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، بەیاوەریی وەفدێكی باڵاو لەسەر بانگهێشتنامەی رەسمیی سەرۆك كۆماری ئێران، گەیشتە تاران.

PUKMEDIA كوردستانی نوێ
ئامادەكردنی.. ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket