riklam

دروستكردنی باڵەخانەیەكی نوێ بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە راگەیەندرا

کوردستان 12:15 PM - 2026-07-22
كۆنگرەی رۆژنامەوانی د. رەوا جەمال عەبدول PUKMEDIA

كۆنگرەی رۆژنامەوانی د. رەوا جەمال عەبدول

سلێمانی

دروستكردنی باڵەخانەیەكی نوێ لەسەنتەری ژیانەوە بۆ چارەسەری شێرپەنجە بەتیشك راگەیەندراو پڕۆژەكەش لەڕێگەی بەخشینی داهاتی كۆنسێرتێكی هونەرمەند د. رەوا جەمال عەبدول-ەوە جێبەجێ دەكرێت.

ئەمڕۆ 22ی 7ی 2026، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، هونەرمەند د. رەوا جەمال عەبدول، رایگەیاند: دەمەوێت بۆ جاری چوارەم داهاتی كۆنسێرتەكەم كە رۆژی 23ی 10ی 2025 لەلایەن رێكخراوی كوردستان بۆ هاریكاریی تووشبووانی شێرپەنجەو بەسپۆنسەری میدیایی دەزگای میدیایی كوردسات بەڕێوەچوو، پێشكەش بە نەخۆشخانەی هیواو سەنتەری ژیانەوە بكەم.

هاوكات دكتۆر بەمۆ نەقشبەندی، بەڕێوەبەری سەنتەری ژیانەوە بۆ چارەسەری شێرپەنجە بەتیشك، رایگەیاند: بەداخەوە لەسەنتەرەكەمان كەموكوڕی و نەبوونی شوێنی مانەوەی نەخۆش هەیە، بۆیە بڕیارماندا، بەو بڕە داهاتەی كە لەكۆنسێرتەكەی د. رەوا جەمال، لەلایەن رێكخراوی كوردستان بۆ هاریكاریی تووشبووانی شێرپەنجە، كۆكراوەتەوە، لەسەر زەوی سەنتەری ژیانەوە، باڵەخانەیەكی نوێ دروستبكەین بۆ ئەو نەخۆشانەی لەكاتی وەرگرتنی چارەسەردا پێویستیان بەمانەوە هەیە، بەمەش بارگرانی لەسەر نەخۆش و كەسوكاریان كەمدەبێتەوە.

راشیگەیاند: داهاتی كۆنسێرتەكە نزیكەی 41 ملیۆن دینارە، هاوكات  رێكخراوی كوردستان بڕێكی دیكە پارەیان لەسەرمایەداران كۆكردووەتەوەو بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكەش داوا لەخێرخوازان و سەرمایەداران دەكەین هاوكارمانبن.

بەڕێوەبەری سەنتەری ژیانەوە بۆ چارەسەری شێرپەنجە بەتیشك ئەوەشی خستەڕوو: رۆژانە نزیكەی 120 توشبووی شێرپەنجە لەسەنتەرەكە چارەسەر وەردەگرن و تەنها لە شەش مانگی ئەمساڵدا سێ هەزار توشبووی شێرپەنجە بۆ چارەسەر سەردانیان كردووین.

وتیشی: قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم بەڵێنی پێداوین، ئامێرە لەكاركەوتووەكانی سەنتەرەكەمان بۆ چاك بكرێتەوەو ئامێرو كەلوپەلی نوێش بۆ سەنتەرەكەمان دابین بكات.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket