riklam

سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا دەستبەکاردەبێت

جیهان 11:13 AM - 2026-07-20
ئەندی بێرنهام ABC News

ئەندی بێرنهام

بەریتانیا جیهانى

ئەندی بێرنهام بە رەسمی دوای راسپاردنی لەلایەن پاشا چارلزی سێیەمەوە بووە سەرۆکوەزیرانی نوێی شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا) و بێرنهام بەڵێنیدا شێوازی بەڕێوەبردنی بەریتانیا بگۆڕێت و چاکسازى بکات.

بێرنهام کە تەمەنی 56 ساڵە، جێگەی کیرستارمەر دەگرێتەوە کە دوای دابەزینی پشتیوانییە جەماوەری و حزبییەکانی دەستی لەکارکێشایەوە و ئەم ئاڵوگۆڕەی دەسەڵات بێرنهام دەکاتە حەوتەمین سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە ماوەی یەک دەیەدا، کە ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ سەردەمێکی درێژخایەن لە ناسەقامگیریی سیاسی لە وڵاتەکەدا.

پارێزگاری پێشووی مانچستەری گەورە، کە بەهۆی داواکارییە بەردەوامەکانی بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بەسەر ناوچەکاندا بە "پاشای باکوور" ناسرابوو، رایگەیاند: کە کابینەکەی سەرنج دەخاتە سەر کەمکردنەوەی گوشارەکان لەسەر ئەو خێزانانەی رووبەڕووی تێچووی بەرزی ژیان بوونەتەوە، هاوکات لەگەڵ باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.

بێرنهام بەردەوام داوای کردووە کە دەبێت دەسەڵات و وەبەرهێنان بە شێوەیەکی یەکسانتر بەسەر تەواوی شانشینی یەکگرتوودا دابەشبکرێت و ئاماژەی بەوە کردووە کە دەسەڵاتدارانى ناوچەکان دەبێت کۆنتڕۆڵی زیاتریان بەسەر کەرتەکانی گواستنەوە، نیشتەجێبوون، گەشەپێدانی ئابووری و خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا هەبێت.

پێشبینی دەکرێت حکومەتەکەی گەشەی ئابووری بکاتە ئەولەویەت و لە هەمان کاتدا دیسپلینی دارایی بپارێزێت، ئەگەرچی بڕیارە سەرەکییەکان لەسەر باج، خەرجییە گشتییەکان و سیاسەتی وزە لە هەفتەکانی داهاتوودا دەکەونە ژێر چاودێرییەکی وردەوە.

ئەو ئاڵنگارییانەى رووبەڕووی سەرۆکوەزیرانی نوێ دەبنەوە بریتین لە خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری، گوشار لەسەر دارایی گشتی و نیگەرانییەکانە لەسەر ئاستی کۆمپانیا سەرەکییەکانی خزمەتگوزاری.

هاوکات بێرنهام ئاماژەی بەوەش کردووە کە چاکسازیی دەستووری و دابەشکردنی دەسەڵاتی زیاتر تەوەرەی سەرەکیی بەرنامەکەی دەبن، بە مەبەستی کەمکردنەوەی جیاوازییە ناوچەیییەکان و هاندانی وەبەرهێنان لە دەرەوەی لەندەن و باشووری رۆژهەڵات و چاوەڕوان دەکرێت دەستنیشانکردنی وەزیرە باڵاکان ئاڕاستەی کارنامەی ناوخۆیی و ئابووریی ئیدارە نوێیەکە دیاری بکات.

بەبێ رکابەر بێرنهام هەڵبژێردرا، وەک رێبەری حزبی دەسەڵاتداری کرێکاران، کە ئەمەش رێگەی پێدا ببێتە سەرۆکی حکومەت بەبێ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی.

هەڵبژاردنی گشتیی داهاتووی بەریتانیا بڕیارە تا ساڵی 2029 بەڕێوەبچێت، ئەگەرچی سەرۆکوەزیران دەسەڵاتی ئەوەی هەیە لەوە پێشتر داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات.

PUKMEDIA 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket