riklam

لە چوارچێوەی دۆسیەى گەندەڵی عەدنان جومەیلی دەست بەسەر 9 باڵەخانە و 3 کارگە و 7 بارهەڵگردا گیرا

عیراق 12:24 PM - 2026-07-13
وێنەى موڵکە دەستبەسەرداگیراوەکان راگەیاندنى دادگا

وێنەى موڵکە دەستبەسەرداگیراوەکان

ئابووری عیراق

لە چوارچێوەی دۆسیەی گەندەڵی عەدنان جومەیلی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن لە نەینەوا دەستبەسەر 9 باڵەخانەی بازرگانی و سێ کارگەدا گیرا، کە بەهایان بە بڕى 69 ملیار دینار دەخەمڵێنرێت و دەست بەسەر 7 بارهەڵگری نوێشدا گیراوە کە بەهای هەر دانەیەکیان دەگاتە 200 هەزار دۆلار.

ئەمڕۆ دووشەممە 13ی تەمووزی 2026، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق رایگەیاند: دادگای لێکۆڵینەوەی نەینەوا بڕیاری داوە دەست بەسەر 9 باڵەخانەی بازرگانی و سێ کارگەی بەرهەمهێنانی ئاردا بگرێت، کە بەهایان بە بڕى 69 ملیار دینار دەخەمڵێنرێت و ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی کەیسی عەدنان جومەیلی بریکاری دەستبەسەرکراوی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن و ئەو لایەنانەی تێوەگلاون لەگەڵیدا لە تاوانەکانی سپیکردنەوەی پارە و گەندەڵی دارایی دەرچووە.

زانیارییەکان ئاماژە بەوەش دەکەن: دەست بەسەر 7 بارهەڵگری نوێشدا گیراوە کە بەهای هەر دانەیەکیان دەگاتە 200 هەزار دۆلار، هاوکات دادگاکە لە بەیاننامەیەکدا روونکردنەوەی زیاتری داوە و رایگەیاندووە: بەهای ئەو باڵەخانە بازرگانییانەی کە دەکەونە ناوەڕاستى شاری نەینەوا بە نزیکەی 45 ملیار دینار دەخەمڵێندرێت و بەهای کارگەکانی ئارد بە 24 ملیار دینار مەزەندە دەکرێت و ئاماژەى بەوەشداوە: تۆمەتبارە هەڵاتووەکان بۆ بەلاڕێدا بردنی لێکۆڵینەوەکان ئەم موڵکانەیان بە ناوی ئەو کرێکارانەوە تۆمارکردووە کە لەلای خۆیان کاریان کردووە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: لەبەر ئەوەی ئەم باڵەخانە بازرگانى و کارگانە بەرهەمهێنەرن و قازانجی بەردەوامیان هەیە، بڕیاردراوە پاسەوانیان بۆ دابنرێت بۆ بەڕێوەبردن و پاراستنیان، بە شێوازێک کە کارەکانیان بەردەوام بێت و گەرەنتی وەرگرتنی تەواوی داهاتە داراییەکانیان مسۆگەر بکرێت.

لە کۆتاییدا، دادگا جەختی لەسەر بەردەوامیی رێکارە یاساییەکان و راوەدوونانى تۆمەتبارە هەڵاتووەکان کردەوە تا یەکلاییکردنەوەی کۆتایی کەیسەکە، ئەمەش وەک بەشێک لە زنجیرە رێکارەکان بۆ شوێنپێهەڵگرتنی سەروەت و سامانە گوماناوییەکان، وشککردنی سەرچاوەکانی دەستکەوتی نایاسایی و پاراستنی ماڵی گشتی.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە 30ی ئایار ى2026 عەدنان جومەیلی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عیراق بۆ کاروباری پاڵاوتن، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا و زۆرینەی ئەو تۆمەتە گەندەڵییانەی ئاراستەی کراون پەیوەندیدارن بە گرێبەستەکانی کەرتی پاڵاوگە حکومی و تایبەتەکان.

PUKMEDIA 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket