riklam

ئاوی گلدراوەی عیراق بۆ 34 ملیار مەتر سێجا بەرز دەبێتەوە

عیراق 06:52 PM - 2026-07-12
بەنداوی موسڵ AP

بەنداوی موسڵ

وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عیراق ڕایدەگەیەنێت بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە، ئاوی گلدراوەی وڵاتەکە لە 5 ملیار مەتر سێجاوە بۆ 34 ملیار مەتر سێجا بەرز بووەتەوە، داواش دەکات هەموان هاوکار بن بۆ پاراستنی ئەم ئاستە.

موسەنا تەمیمی، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو، ڕایگەیاند: دۆخی ئاو لە کۆتایی ساڵی 2025 و سەرەتای ساڵی 2026 زۆر سەخت بوو، عیراق تەنیا 5 ملیار مەتر سێجا ئاوی گلدراوەی هەبوو، کە ئەمەش نزمترین ئاستی گلدراوەی ئاوییە لە ساڵی 1933وە تۆمار کرابێت.
دەشڵێت: ئێستا بەهۆی زۆریی بارانبارینەوە، ئەو ڕێژەیە بۆ 34 ملیار مەتر سێجا زیادی کردووە.

وەزیری سەرچاوەکانی ئاو ئاماژەی بەوەش کرد : سەرەڕای ئەم زیادبوونە، هێشتا ئەم قەبارەیە کەمترە لە نیوەی ئەو ڕێژەیەی لە ساڵی 2021دا هەبوو، کاتێک ئاوی  گلدراوە گەیشتبووە 60 ملیار مەتر سێجا.
جەختیشی لە گرنگیی هاوکاریی هەمووان کردەوە بۆ پاراستنی ئەم یەدەگە ئاوییە بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ.

لە بارەی  گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەری لەسەر عیراق، موسەنا تەمیمی، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو، دووپاتی کردەوە:عیراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین زیانی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە بەرکەوتووە، ئەمە جگە لەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆیی، کەرتی ئاو و سیاسەتە ئاوییەکان پێشتر گرنگییەکی ئەوتۆیان پێنەدرابوو.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، تەمیمی ئاماژەی بە کۆنبوونی پڕۆژە ئاوییەکانی عیراق کرد بەراورد بە پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیا لە وڵاتانی دراوسێدا و ڕایگەیاند: وڵاتانی سەرچاوەی ئاو (وڵاتانی دراوسێ) داوا لە عیراق دەکەن سیاسەتێکی نوێی ئاویی بگرێتەبەر کە هاوتەریب بێت لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییانەی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە هاتوونەتە ئاراوە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket