riklam

عیماد ئەحمەد بۆ نێچیرڤان بارزانی: خەڵاتی راستەقینەت متمانەیە لە دڵی خەڵکدا

کوردستان 10:15 AM - 2026-07-09
عیماد ئەحمەد و نێچیرڤان بارزانی PUKMEDIA

عیماد ئەحمەد و نێچیرڤان بارزانی

لێپرسراوی مەکتەبی ڕاگەیاندن و هۆشیاری یەکێتی، پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی دەکات و دەڵێت: پیرۆزە پیاوی میانڕەوی، متمانە و دووربینی، ئەم خەڵاتە ڕێزلێنانە لە پیاوێک کە ساڵانێکە بە دڵسۆزی، میانڕەوی، ئارامی، دووربینی و توانای دروستکردنی متمانە، لە قۆناغە هەستیارەکانی مێژووی هەرێمی کوردستاندا ڕۆڵێکی دیار و کاریگەری هەبووە.

عیماد ئەحمەد، لێپرسراوی مەكتەبی ڕاگەیاندن و هۆشیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکی پیرۆزبایدا بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: پیرۆزبایی بۆ کاک نێچیرڤان بارزانی؛ پیاوی میانڕەوی، متمانە و دووربینی، بە بۆنەی بەخشینی یەکێک لە خەڵاتە بەرز و بەڕێزەکانی ئیتالیا بە کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم پێشکەشی بەڕێزی دەکەم.

وتیشی: ئەم خەڵاتە بۆ من تەنها ڕێزلێنان لە سەرۆکێک نییە، بەڵکو ڕێزلێنانە لە پیاوێک کە ساڵانێکە بە دڵسۆزی، میانڕەوی، ئارامی، دووربینی و توانای دروستکردنی متمانە، لە قۆناغە هەستیارەکانی مێژووی هەرێمی کوردستاندا ڕۆڵێکی دیار و کاریگەری هەبووە.

ئەوەش دەڵێت: کاتێک بیر لەو ڕۆژانە دەکەمەوە کە لە کابینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا پێکەوە کارمان دەکرد، وێنەی پیاوێکم لەبەرچاوە کە لە بڕیارداندا ئازا و متمانەبەخۆ بوو، لە مامەڵەدا میانڕەو و خۆشڕەفتار، لە هاوڕێیەتیدا دۆست و ڕەفیق، و لە خوێندنەوەی ڕووداوەکاندا دووربین و وردبین بوو.

عیماد ئەحمەد ئاماژەی بەوەشداوە: هەندێک پۆست و پلە بە تێپەڕبوونی کات کۆتایی دێن، بەڵام ئەوەی لە یادەوەریی مرۆڤەکاندا دەمێنێتەوە، شێوازی مامەڵە، ڕێزگرتن لە مرۆڤ و توانای پاراستنی دۆستایەتی لە ناو جیاوازییەکاندا دایە. کاک نێچیرڤان لەو کەسانەیە کە دەتوانێت لەگەڵ جیاوازییەکاندا گفتوگۆ بکات و لە ناو قەیراندا، دەرگای هیوا و چارەسەر کراوە بهێڵێتەوە.

لەکۆتایشدا نوسیویەتی: لە دڵەوە پیرۆزبایی لە کاک نێچیرڤان بارزانی دەکەم و هیوادارم ئەم ڕێزلێنانە نێودەوڵەتییە ببێتە هاندەرێکی زیاتر بۆ بەردەوامبوون لە خزمەت بە ئاشتی، پێکەوەژیان، گفتوگۆ و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان، پیرۆز بێت، کاک نێچیرڤان؛ هەندێک خەڵات بە سنگەوە هەڵدەواسرێن، بەڵام خەڵاتی ڕاستەقینەی ئەو متمانەیەیە کە مرۆڤ لە دڵی خەڵکدا بەجێی دەهێڵێت.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket