riklam

قوباد تاڵەبانی بۆ باڵیۆزانى وڵاتان: حکومەتی کاربەڕێکەر بووەتە خاڵێکی لاواز بۆ هەرێمی کوردستان

کوردستان 01:32 PM - 2026-06-29
وێنەیەکى کۆبوونەوەکە نوسینگەى راگەیاندنى قوباد تاڵەبانى

وێنەیەکى کۆبوونەوەکە

قوباد تاڵەبانی

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە دووەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ بەغداد لەگەڵ 15 باڵیۆزی وڵاتانی ئەوروپا لە عیراق کۆبووەوە.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (29/6/2026) بەڕێوەچوو، باس لە دۆخی ناوچەکە و بە تایبەتیش شەڕ و ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کرا، لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی هەڵوێستی هەرێمی کوردستانی روون کردەوە و رایگەیاند: سیاسەت و هەڵوێستی هەرێم لە دەستپێکی شەڕەکەوە تا ئێستا روون و ئاشکرایە و نەک تەنها نابینە بەشێک لە شەڕ و ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو بەپێی سەنگ و قورسایی خۆمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان کار دەکەین بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەمان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی ئێستای عیراق کرا. لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆکوەزیران روونیکردەوە: لە ماوەی رابردوودا هەنگاوی باش نراوە بە ئاراستەی پاراستنی سەروەری و سەربەخۆیی سیاسی عیراق. راشیگەیاند: پشتگیری لە حکومەتی نوێی عیراق دەکەن بە تایبەتیش لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا. هیواشی خواست هەموو لایەنەکان پشتگیری تەواوی حکومەت بکەن بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی و ئەم هەوڵانەشی بە هەنگاوێکی پێویست و گرنگ زانی بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا و بووژانەوە و گەشەپێدانی ئابووری.

سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستانیش قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا دۆخێکی نوێ لە ناوچەکە و لە عیراق هاتووەتە ئاراوە و هۆشداریدا لەم دۆخە نوێیەدا نابێت لایەنەکان بە هەمان شێوە و بیرکردنەوەی رابردوو مامەڵە لەگەڵ یەکتردا بکەن، چونکە دواخستنی لەوە زیاتری پێکهێنانی حکومەت زیانی قەرەبوونەکراو بە پێگەی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند: لە ئێستا حکومەتی کاربەڕێکەر بووەتە خاڵێکی لاواز بۆ هەرێمی کوردستان و ئەم حکومەتە ناتوانێت لە ئاستی هەڕەشە و دەرفەتەکانی ئەم قۆناغە نوێیەدا بێت. داواشیکرد لایەنەکانی هەرێم بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشە و ئاڵنگارییەکان بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و بە تێگەیشتنی نوێوە پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێم.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket