هەرێمی کوردستان لە دووڕيیانی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا
بیروڕا 09:50 PM - 2026-06-24
تایبەت
د. یوسف گۆران
ئاشکرایە هەرێمی کوردستان 34 ساڵە وەک یەکەمین ئەزمونی حوکمڕانی کوردستانی سەربەخۆی دوای بڕانەوەی شەڕی سارد لەلایەن دوو هێزی سەرەکی (یەکێتی و پارتی) دامەزرا. ئەم هەرێمە هەر لە سەرەتاوە لەژێر چەتری سیاسی- ئەمنی ڕۆژئاواو قوربانی گەلی کوردستان لە ناوچەکەدا پارێزراو بووە. بەڵام دوای تێپەڕبونی ٣٤ ساڵ بەسەر ئەم ئەزمونە و گۆڕانکاری گەورە لە ناوەوەو دەرەوەی هەرێم و عێراق و جیهان ڕوی داوەو لە ئێستادا بوونی هەرێمەکەمان بەم شێوەیەی ئێستا کەوتۆتە بەر پرسیاری جددی ناوخۆیی و دەرەکی.
گۆڕانی ژینگەی ئیقلیمی و جیهانی
لە کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردوو کاتێک هەرێمەکەمان دروست بوو شەپۆلێکی جیهانی بۆ هاوکایکردنی میللەتانی ژێردەست بەرپاببوو، هەستکردنی ڕۆژئاوا بە سەرکەوتن لە شەڕی سارددا مەیلی هاوکاریکردنی دیموکراسی لە سیاسەتی نێودەوڵەتی بەهێزکردبوو، بەم شێوەیە پرۆسەی ئاشتی فەلەستین و هاوکاری تەیموری ڕۆژئاواو وڵاتانی یوغسلاڤیای پێشوو سۆماڵیملاندو باشوری سودان کەوتنە بەر ئەو شەپۆلە جیهانیە، کوردستانیش سەرباری گوشارەی وڵاتانی ناوچەکە توانی سود لەم ژینگە جیهانیيە نوێیە وەرگرێت و دەسەڵاتی نیمچە سەربەخۆیی دروست بکات. بەم شێوە چەتری پاراستنی ڕۆژئاوا هەرێمی لە مەترسییەکانی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە پاراست. تا ئاستێکی زۆریش لە دوای ڕوخانی سەددامیش (٢٠٠٣) بەردەوام بوو و بە تایبەت کاتێک هەڕەشەی داعش بەردەرگای هەرێمەکەمانی گرت و ڕۆژئاواش هاوکاری هێزی پێشمەرگەی کرد لە بەرپەرچدانەوە و دورخستنەوەی ئەم مەترسيیە ڕاستەقینەیە.
لەئێستادا وا دەرناکەوێت بە هۆکاری جیاواز ڕۆژئاوا نە حەزو نە توانای گێڕانی ڕۆڵی جارانی نیيە، لەلایەکەوە ئەوروپاییەکان کەپێشتر هاوکارێکی سەرەکی هەرێم بوون سەرقاڵی خۆڕێکخستنەوەن بۆ ئەو مەترسیانە لە دوای شەڕی ئۆکرانیا لەسەر ئەوروپا دروست بووە. ئەمریکاش کە هاوکاری سەرەکی هەرێم بووە دۆکترنی (عقیدە) سیاسی و ستراتیجی گۆڕانی بەسەردا هاتووە و کەمتر چاوی لەسەر هەرێم و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. بەم پێیە کوردستان ئیتر وەکو جاران ناتوانی پشت بە هاوکاری هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکان ببەستێت و ڕەنگە زیاتر لە جاران پێویستی بە داڕشتنی سیاسی- ئەمنی نوێ بێت بۆ پاراستن و بەردەوامی هەرێمەکان.
دەرکەوتنی هێزی ئیقليمی گەورە
لە ٣٤ ساڵی تەمەنی هەرێمەکەماندا سەرباری بوونی بەهێز وڵاتانی ئیقلیمی (بەتایبەت ئێران و تورکیا) لە هاوکێشە ناوخۆییەکانی هەرێم بەڵام هیچ کات، بەهۆی ئامادەیی بەهێزی ئەمریکا و هاوپەیمانان- ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان نەبووە. ئەم ڕاستیە بەتایبەتی لەدوای ڕوخانی سەددام بەدیکرا کە گەلی کوردستان ئازادانە بەبێ بوونی گوشاری ڕاستەقینە شێوەی پەیوەندی خۆی لەگەڵ عيراقی نوێدا دیاريی کرد.
بەڵام لە دوو دەیەی ڕابردوودا، بەتایبەت دوای کشانەوەی رەسمی یەکەمی ئەمریکا (2010) هێزە ئیقلیمييەکان ڕۆڵی بەرچاویان لە ناوچەکە گێڕاو ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەریان لەسەر دۆخی جیۆپۆلەتیکی هەرێمەکەمان کرد. ئێران و تورکیا بەهۆی دەرکەوتنیان وەک هێزێکی ئیقلیمی توانادار ڕۆڵی گرنگیان لە عيراق و سوریا و لوبنان و زۆر وڵاتانی تر گێڕا، بێگومان کورستانیش کەوتە ژێر ئەم کاریگەرییە.
نەخوێندنەوەی دروستی گۆڕانکارییە ئیقلیمی و جیهانيیەکان. هەرێمەکەمانی بەرەو هەڵەیەکی ستراتیجی وەک ریفراندۆم برد کە سەرەنجام پێگەی هەرێمی لە ناوچەکە لاوازکرد.
لە لایەکی ترەوە دوای ٧ی ئۆکتۆبەری 2023 ئیسرائیل ئاڕاستەی ستراتیجی بەرەو ڕۆژهەڵات و وڵاتانی زیاتر چڕ کردەوە و بەشێوەیەک بووە هۆی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دۆکتری ستراتیجی و ئەمنی، بەم شێوەیە سێ وڵاتی ئیقلیمی زلهێز لە ناوچەکە دەرکەوتن و پێکدادانی ڕاستەوخۆ (ئێران- ئیسرائیل) و ناڕاستەوخۆ (تورکیا- ئیسرائیل) لەنێوانیاندا روویدا، ئەم دۆخە نوێیە کە دوای کشانەوەی لەسەرخۆی ڕۆژئاوا لە ناوچەکە دروست بووە، پێدەچێت بۆ چەندین ساڵی تر هاوکێشەی سیاسی و پەیوەندییەکان لە ناوچەکەو لە کوردستانیش دیاريی بکات.
پێویستی گۆڕانکاری لە هەرێمی کوردستان
وەک دەبینن ناوچەکەمان لە گۆڕانکاری جیۆپولەتیکی بەرچاودایە، ئەم گۆڕانکارییە ناوخۆی وڵاتانی ناوچەکەشی وەک ئێران و تورکیا و سوریاو عيراق لوبنان و ئیسرائیلیش گرتۆتەوە. لەم دۆخەدا ئایا کوردستان وەک هەرێم ئەتوانێ وەکو جاران خۆی بەڕێوە ببات وەک ئەوەی هیچ ڕوی نەدابێت؟ ئایا ئەم دۆخە نوێیە هەڕەشەیە یان دەرفەتە بۆ هەرێمەکەمان؟ ئەگەر ئەو شێوە کلاسیکەی بەڕێوەبردنە بمێنێتەوە کوردستان و هەرێمەکەمان پارێزراو دەبن؟.
لەڕووی سیاسیيەوە هەرێم هیچ کات لە پاش یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارە لە ساڵی 2006 وەک ئێستا دابەش و جەمسەرگیر نەبووە. ئەو گیانە هاوکاری و هەماهەنگيیەی لە دوای 2003 وە لەلایەن سەرۆک مام جەلال و کاک مەسعود هەبوو، ئێستا لەنزمترین ئاستدایە، کابینەی نۆیەم بەئاشکرا شکستی حکومەتی لەئیدارەدانی کوردستان وەک یەك قەوارەی یەكگرتوو هەروەها مامەڵەی ناوچە جوگرافی و دانیشتوانەكەی بە شێوەیەكی یەكسان و دادپەروەرانە نیشان دا. لە لایەكی ترەوە پەراوێزخستنی جوگرافی و سیاسی ئابوری درزی گەورەی خستە نێو دامودەزگاكانی حكومەت و بە شێوەیەكی پراكتیكی دابەش كرد. سەرەنجام هەرێمەكەمان لەبری ئەوەی لەم دۆخە ناسكەی ناوچەكە بەهێز و یەكگرتوو بێت ئەوەندەی تر لاواز بووە تەنانەت بۆ یەكەمین جار قسە لەسەر ئایندەی خودی هەرێم لە دەرەوەی هەرێمەکان دەكرێت!! لە ڕاستیشدا بوونی مەیلی هەژمونكردن و پاوانخوازی لەلایەك و هەوڵی خۆڕاپسكاندن و قبوڵنەكردنی دەسەڵاتی سەپێندراو لەلایەکی ترەوە هەرێمەكەی خستۆتە بەردەم ئایندەیەكی مەترسیدار.
دیدێك بۆ ئایندە
ئاشكراشە بونی قەیرانی ناوخۆیی هەمەلایەن خەسڵەتێكی دیاری زۆربەی سیستمە سیاسی و حوكمڕانییەكانە، بەڵكو یەكێكە لە خەسڵەتە بەردەوامەكانی. ئەوەی لێرە جیاوازە ئەوەیە كە نەتەوەكان لە كاتی قەیراندا دانی پێدا دەنێن و هەوڵی چارەسەركردنی بنەڕەتی دەدەن. ئەوەی لە هەرێم هەیە تەنها قەیرانی حوكمڕانی یان كابینەیەك نيیە بەڵكو قەیرانی شێوەی حوكمڕانی و دەسەڵاتی دامودەزگاكانی دەوڵەت و فۆڕمی پەیوەندی لەگەڵ خەڵكە. بۆیە چارەسەریش دەبێ بەو ئاڕاستەیە بێت.
لەمێژوودا چەند نمونەی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دەوڵەت و دەسەڵاتەكانی هەیە بەبێ ئەوەی ناچار ببن دەوڵەتەكە بخەنە ژێر مەترسییەوە. كۆماری پێنجەمی سەردەم دیگول، كۆماری ڤایماری ئەڵمانیا و كۆماری توركیا پاش هاتنی ئەردۆگان چەند نمونەیەكن لە گۆڕانكاری ناوخۆیی قوڵی دەوڵەت. هەرێمەكەمان بۆ رێگە گرتن لە مەترسی دووبەرەكی و جەمسەرگیری زیاتر پێویستی بەسەر لەنوێ دروستكردنەوەی هەیە وەك (هەرێمێكی نوێ – یان دووەم) كە سەرلەنوێ لە دایك ببێتەو دەکرێ ئەم بنەمایانە ببنە خاڵی سەرەکی:
1- نزیك كردنەوەی دەسەڵات لە خەڵك بۆ زیاتر خزمەتكردنی، ئەویش لەڕیی بەهێزكردنی حكومەتە خۆجێییەكان و گواستنەوەی بەشی هەرە زۆری دەسەڵاتە خزمەتگوزاريیەكان بۆ پارێزگاكان وئیدارە سەربەخۆكان قۆرخ نەكردنیان و نەهێشتنەوەیان لە پایتەخت.
2- دانانی یەك بەرنامە و یەك دید بۆ پەیوەندییە دەرەكییەكانمان چ لەگەڵ عيراق چ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی سەرجەم خەڵكی كوردستان و گەشەسەندنە ئابوری و سیاسیيەکەی.
3- داڕشتنەوەی دۆكترنی سەربازی و ئەمنی لەسەر بنەمای دۆخی نوێمان بە رێکخستن و یەكخستنی هێزە ئەمنی و سەربازییەكان و دروستكردنی پەیوندی بەهێز لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی و سوود وەرگرتن لە دەستوری عيراق و پێگەی كورد لە بەغداد و لە هاوپەیمانەكانمان چ لە عيراق و چ لە دەرەوە بۆ پاراستنی هەرێمەكەمان.
4- داڕشتنی بەرنامەیەكی نیشتمانی بۆ گەشەسەندنی ئابوری – كلتوری هاوسەنگ و یەكگرتو كە ئامانجی گەشەپێدانی هەمەلایەن و هەمەچەشنی ئابوری بێت، لەلایەكی تر كلتور و زمان و مێژوو كوردستان ڕۆڵی سەرەكی ببینێ لە یەكخستنی گیان و ناسنامەی نەتەوەیمان و دژ بەو سیاسەتە كلتورییە مەترسیدارەی ئێستا كە هەڕەشە بە یەكگرتویی ناسنامەی نەتەوەییمان دەكات.
لەكۆتاییدا لەم دۆخە ئاڵۆز و پڕ گۆڕانكارییانەی ئێستای ناوچەكە كورد و هەرێمەكەمان دەخاتە بەردەم دووڕیانەوە، یان وەكو ساڵانی 1992،2006 ژیرانە هەڵسوكەوت دەكەن دەرفەتێك لە ناوچەكە بۆ بە هێزكردن و گەشەسەندنی هەرێمەكەمان دەدۆزنەوە، یان هەرێمەكەمان بەشێوەی 2017 روبەڕوی لاوازی و بێ كاریگەر و دوبەرەكی زیاتر و مەترسیدارتر دەبێتەوە کە ئەنجامەکەی شکستی گەورەترین ئەزمونی بەڕێوەبردنی کورد دەبێت لە سەردەمی هاوچەرخدا.
*ئەندامی مەکتەبی سیاسی ی.ن.ک و لێپرسراوی گشتی مەڵبەندی دیراسات
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
مووچەی خانەنشینی کرێکاران زیاد دەکرێت
08:36 PM - 2026-06-25 -
تەندروستی سلێمانی بەشێکی نوێی بۆ نەشتەرگەری قەڵەوی و زیندەپاڵ کردەوە
05:51 PM - 2026-06-25 -
بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.9 پلە ژاپۆنی هەژاند
04:14 PM - 2026-06-25 -
سالار مەحمود لەپەرلەمانی نەرویج پرسی رەوەندی کوردی و کاری هاوبەش تاوتوێ دەکات
01:05 PM - 2026-06-25
ئەمانەش ببینە
باڵیۆزی رووسیا بۆ سەرۆک بافڵ: یەکێتی سیاسەتێکی حەکیمانە و هاوسەنگ پەیڕەو دەکات
05:04 PM - 2026-06-25
وەزارەتی نەوت: دەنگۆی کشانەوەی عیراق لە ئۆپێک دوورە لەڕاستییەوە
03:34 PM - 2026-06-25
دەرگای پێشكەشكردن بۆ دبلۆمی باڵا، ماستەرو دكتۆرا دەكرێتەوە
03:24 PM - 2026-06-25
هۆكارەكانی پشت بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارو دابەزینی نرخی دینار چین؟
01:37 PM - 2026-06-25
زۆرترین خوێنراو
-
ئیمزای یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی نێوان واشنتۆن و تاران
بیروڕا 11:27 AM - 2026-06-25 -
كێ مافی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی هەرێمی كوردستانی هەیە؟
بیروڕا 11:17 AM - 2026-06-25 -
ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لە بەرژەوەندی ترەمپ بڕیاریدا
جیهان 10:43 AM - 2026-06-25 -
هەرێمی کوردستان و یەکێتی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی نوێدا
بیروڕا 10:31 AM - 2026-06-25 -
کەشناسی: پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە
کوردستان 10:16 AM - 2026-06-25 -
پۆلیس: ئاگاداری پارەی ساختەبن لە بازاڕدا
کوردستان 10:02 AM - 2026-06-25 -
بومەلەرزەکەی فەنزوێلا مەترسی تسۆنامی هەیە
جیهان 09:14 AM - 2026-06-25 -
هەرێمی کوردستان لە دووڕيیانی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا
بیروڕا 09:50 PM - 2026-06-24







دابەزێنە

