riklam

هێشتا سەردەم لەگەڵ سەردەمەکە ئەڕوا

بیروڕا 09:24 AM - 2026-06-19
ستران عەبدوڵڵا PUKMEDIA

ستران عەبدوڵڵا

بیروڕا

بڵاوکراوەکانی ئەمساڵی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم (٢٠٢٦) بە نموونە وەردەگرم تا بڵێم بە ڕاستی دەزگای سەردەم هێشتا لەسەر رێچکەی راست و شایانی خۆی دەڕوا کە دەزگایەکی خزمەتی هەمەلایەنەیە و هێشتا بە هەمان رۆحیەتی سەرەتاکانی دەستپێکی بەردەوامە کە دەزگایەکە بۆ هەموو بوارەکانی مەعریفە و بەشی پێداویستییەکانی کتێبخانەی کوردی لە هەمەڕەنگی ناونیشانەکانی پڕ دەکاتەوە.

بەڵێ وایە کە سەردەم ماوەیەک بە هۆی بێ دەرتانی داراییەوە کە ئەوە گرفتێکی گشتی هەموو دامودەزگا فەرهەنگییەکانی ئەمرۆمانە، تووشی پێکوتە و ڕاوەستانی کاتی هات و رەنگە ئێستاش بە تەواوی نەپەڕیبێتەوە کەناری دڵنیایی، بەڵام هێشتا بە دڵخۆشییەوە کوالیتی بەرهەمەکانی چۆنایەتی و چاکن ، فرە ناونیشان و فرەچەشنن.

چاپی کتێب و بڵاوکراوەکانی جوان و دڵنشینن ، دیزاینیان بە گوێرەی بوارەکانیان گونجاون و لەگەڵ ناوەرۆکیان یەکدەگرنەوە.

لە ئەدەب و رۆمان و وەرگێڕان تا شانۆ بە دەق و دراسەوە، بە خۆماڵی و ئەویدییەوە. بەرهەمی عێراقی و عەرەبی و فارسی وتورکی و زمانە ئیفرەنجییەکان ، بەرهەمی خۆمانی و ئەندێشەی کوردی و کرمانجی ، هی مێژوویی و شرۆڤەی ئەکادیمی و زانستی و فیکری و ئایدەلۆژی و هونەری شێوەکاری و مۆسیقا و تەسەوف و گەنجینەی ئاینداری کوردەواری و زۆری تریش. چاو تێر دەکەن و دڵ ئاوەدان .
حەزم دەکرد لێرە بەشێک لە ناوی بەرهەمەکان بنوسمەوە کە دەبووە لیستی بڵاوکراوەکانی. بەڵام زۆری و زەبەندی ،نەک زۆری و بۆری، ناونیشانەکانی بەڵگەیەکی روونە کە سەردەم وەفاداری دیدگای سەرەکی خۆیەتی کە هی هەموو پێداویستییەکانی کتێبخانەی کوردی بێت و لەهەموو بوارەکاندا بەش بدا و بەش بکات. ناونیشانە باوەکانی ئەمرۆی درێژەی هی جاران و ناونیشانە تازەکانیشی پێمان دەڵێ کێبرکێ دەکا و لەرێ لاینەداوە و لەسەر ڕێی دوا رۆژیشە. لە کایەی مینبەرەکانی کۆڕ و ناساندن و سۆشیال میدیادا قسوری ناکەن و هەوڵیان جۆراوجۆرە.

خۆ ئەگەر سونەتی دێرینی بڵاوکراوەی عەرەبی بۆ ئەوی تری هاوبەش لە جوگرافیای تائێستای وڵات ببوژێتەوە ئەوا رەنگە پردە فەرهەنگییەکە شتێک لە گرژی و دابڕانی ناجۆری سیاسیش جوبران و قەرەبوو بکاتەوە.

هیوادارم پاڵپشتی جۆراوجۆری زیمامدارانی ئمور لە بەشی حکومەتی دەڤەری خۆمان و دامەزراوە گشتییەکانمان تا سەر و زیاتر بێت و لەگەڵ هاوڕێیانی سەردەم تەگبیری هاوبەشی زیاتر و تۆکمەتر بکرێت.

گەشەکردن و لەسەرپێ مانەوەی دەزگا دێرینەکانی وەکو سەردەم کە دیمەنێکی رەسەنی بزووتنەوەی رۆشنبیری سلێمانی و کوردستانە لەدوای راپەڕینی ئازادییەوە، بەشێکی گرنگی پاراستنی مێژووی هاوچەرخ و زیندووی رەوتی فەرهەنگیمانە. تەجرەبەی سەردەم بەردەوامی و دەوڵەمەندییە بۆ یادەوریمان. قەینا هەتا دامەزراوە و دەزگای فەرهەنگی نوێباو زیاتر بێت جولەی رۆشنبیری لە کوردستان دەمەزەرد دەبێتەوە و گەشاوەیە ، بەڵام تاقیکردنەوەی سەردەم کە یادگاری پاڵپشتی کوردستانیی سەرۆک مام جەلال و یادگاری کۆششی روناکبیری داهێنەرانەی مامۆستا شێرکۆ بێکەس و هاوڕێ بە ئەزموون و گەنجەکانێتی، هی سەرمایەگوزاری دوورمەودای روناکبیرییە لە پایتەختی رۆشنبیریدا. سەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەرکەوتووە کە مەنگەنەی دەیەی رابردووی تێپەڕاند و هێشتاش تەندروست باش و هێشتاش لەبارێتی کە خزمەت بکاو رەوتی روناکبیریمان پایەدارتر بکات.
دیتن و هەڵسەنگاندنم ئەگەرچی هی رێبواری راگوزەرە، بەڵام تەماع دەکەم و گەرەکمە بانگەوازیش بێت بۆ مشتوماڵکردنی جولەی فەرهەنگی لە سلێمانی و لە کوردستانیش کە ئەمەش سەرەتا لە تۆکمەکردنی دینگەی ئەوی هەمانە دەست پێدەکات تا فراوانکردنی دەرفەتەکانی بەردەمیشمان. لە سەردەمەوە تا ئەوی پۆست سەردەمە.

سڵاوی بێ غەرەزم بۆ هەموو ئیدارە و هەڵسوڕاوانی تەلاری بەرزی سەردەم. بمێنن بە تاقەت و ورەی بەرزی روناکبیرییەوە.

PUKMEDIA







ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket