riklam

ڕاپەڕین، مێژووی پڕ لەشانازیی مرۆڤە ئازادەکانە

بیروڕا 12:14 PM - 2026-03-06
تارا فەخرەدین PUKMEDIA

تارا فەخرەدین

بیروڕا

من ھەر بە نەفەسەکەی جارانەوە ڕاپەڕینم خۆش دەوێت. هەتاکوو ئێستاش سروودی( دەمی ڕاپەڕین) دەمھەژێنێت. گەرووم پڕ لە گریان دەکات و تینێکم دەداتێ، پێم دەڵێت: "ھاتنەدی ھیچ خەونێک مەحاڵ نییە."

لای من ھێشتا دەنگی ڕاپەڕین، ھەر جاڕی ھاتنی بەھارەکەی کوردانە، ئەو بەھارەی کە با و بۆران و کڕێوەی ھیچ زستانێک، گوڵاڵە سوورەی خوێنی شەھیدەکانی داناپۆشێت. لەسەر ترۆپکی بەرزی لوتکەی خۆڕاگری،گڕی ھاڵایساوی ناخی دایکانی جەرگسووتاو, ھەردەم موژدەی سەوزبوونەوەی ھیوای میللەتێکمان پێ دەداتەوە.

ڕاپەڕین، مێژووی پڕ لەشانازیی مرۆڤە ئازادەکانە، ئەوانەی کە ڕام نەکراون و ناچنە ناو قاڵبێکی داتاشراوەوە، ئەو کەسانەی کە چەمانەوە لە سەرلەبەری فەرھەنگیاندا بوونی نیە. ھی ئەو مرۆڤە سەنگینانەیە، کە مەحاڵە بتوانرێت نرخیان لەسەر دابنرێت و بە ھیچ دراوێکی زەمانە بکڕدرێن. 

مرۆڤگەلێک خاوەنی ڕاستەقینەی ڕاپەڕینن، کە گوێیان لە نرکەی دار و بەرد و کێو و کانی نیشتیمانە. ئەوانەی کە فرمێسکی باڵندەکان دەسڕن و بە لایەلایە خەمی خاک ڕادەژەنن. خودانی ڕاپەڕین ئەوانەن کە ھەتوانی ئازاری دێھات و شارەکانن. لانەی بێلانە و نەوای بێنەواکانن.

ئەرێ، سەرچەمەی  ڕاپەڕین ھەر سەرچەمە سازگارە زیوینییەکەی جارانە و لە بەرزایی و لەدڵی چیاکانەوە ھەڵدەقوڵێت. سووچی ئەو نیە، وا لە پێدەشتەکانی زەمەندا لێخن کراوە. ئەو بێبەرییە لە لێخنکاران بەھەموو ڕەنگەکانییەوە. ئەو لە کۆشکی مێژووی پڕلەشانازیی خۆی وەدەری ناون.

ڕاپەڕین زیندووتریین و خاوێنتریین مێژوومانە. ئەو ھێشتا لەدڵی ئێمەدا وەک چرایەک کزکز دەسووتێ و بەئاسانیی تۆمەتی خامە خیانەتکارەکان ناتوانن بیشێوێنن. ھەگییز خەنجەری ژەھراوی ھیچ ناحەزێکی کورد، ناتوانێت شکۆی ئەم مێژووە لەکەدار بکات.

PUKMEDIA 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket