riklam

سەرۆککۆمار: بگەڕێینەوە بۆ جەوهەری ئەرکی بزووتنەوەی سۆسیالیستی نێودەوڵەتی

عیراق 11:08 PM - 2025-08-28
د. لەتیف جەمال ڕەشید سەرۆککۆماری عیراق راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار

د. لەتیف جەمال ڕەشید سەرۆککۆماری عیراق

د. لەتیف جەمال ڕەشید سەرۆککۆماری عیراق و خانمی یەکەم شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەشداریان لە کۆنفرانسی هاوپەیمانی سۆسیال دیموکرات لە جیهانی عەرەبیدا کرد، کە لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، تێیدا سەرۆککۆمار رایگەیاند ئامانج و پرەنسیپەکانی هاوپەیمانییەکە ئەو بەهایانە بەرجەستە دەبێت کە چرای ژیانی سیاسیی دەگەشێنێتەوە، هاوکات لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەشدا چاوی کەوت بە وەفدی باڵای هەریەک لەوڵاتانی لیبیا و فەڵەستین.

ئەمڕۆ 28ی8ی2025 كۆنگرەی هاوپەیمانیی سۆشیال دیموكرات لە جیهانی عەرەبی بۆ رۆژی دووەم  بەردەوام بوو،کە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسان ئامادەی بوون، سەرۆککۆمار وتارێکی پێشکەش کرد کە تیایدا خۆشحاڵی خۆی بە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە لە شاری سلێمانی دەربڕی کە شارێکە گیانی نوێبووەوەی تیایە و ماڵێکە بۆ کەلەپوری دەوڵەمەند و فەرهەنگ و فیکر.

سلێمانی سیمبولی فرە ڕەنگی و داهێنانە

سەرۆک کۆمار رایگەیاند: کۆبوونەوەمان ئەمڕۆ لەسەر خاکی پاکی ئەم شارە، گرنگییەکی تایبەتی هەیە، بەهۆی ئەو سیمبولەی کە ئەم شارە نوێنەرایەتی دەکات لە فرەڕەنگی و داهێنان و گەشەسەندن.

راشیگەیاند: پێشوازی دامەزراندنی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکرات لە جیهانی عەرەبیدا دەکەم، ئەم هاوپەیمانییە ئەگەرچی لە ناوەکەیدا نوێیە، بەڵام ئامانج و بنەماکانی، ئەو بەهایانە بەرجەستە دەکەن کە هەمیشە چرای ڕێگای کاروانی سیاسیی من بوون و هەر واش دەمێننەوە.

سەرۆک مام جەلال رۆڵێکی زۆر چالاک و کاریگەری گێڕا

سەرۆککۆمار روونیشی کردەوە: لە ساڵی 2008دا، سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی وەک جێگری سەرۆکی بزووتنەوەی سۆسیال دیموکراتی نێودەوڵەتی هەڵبژێردرا، و ڕۆڵێکی زۆر چالاک و کاریگەری گێڕا، کەهەڵبژاردنی دانپێدانانێک بوو بە خەباتی ئەو – و خەباتی هەموومان – لەپێناو داهاتوویەکی باشتردا، و میراتێکی بەجێهێشتووە کە شانازی پێوە دەکەین و نەریتێکە کە بە شانازییەوە بەردەوامی پێدەدەین.

هەر لە وتارەکەیدا سەرۆککۆماری عیراق رایگەیاند: ئەو بەهایانەی کە باوەڕمان پێیانە – مافەکانی مرۆڤ، مافی چارەی خۆنووسین، و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی – زۆرجار لەلایەن زەبەلاحەکانی ئابووری و تەکنەلۆژیا و هێزە سەربازییەکانەوە پشتگوێ دەخرێن.
پێویستە ئێمە دژی ئەم واقیعە بوەستینەوە؛ کاتی ئەوە هاتووە بگەڕێینەوە بۆ جەوهەری ئەرکی بزووتنەوەی سۆسیالیستی نێودەوڵەتی، کە لەسەر بنەمای دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی ڕاستەقینە، پێکەوەژیانی ئاشتیانە، و مافەکانی مرۆڤ بۆ هەمووان دامەزراوە.

جیهان رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بووەتەوە

ئاماژەی بە ئاستەنگانەش کرد کە ئەمڕۆ رووبەڕووی جیهان بووەتەوە و رایگەیاند: نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورەی جیهانی بووەتەوە، لەوانە:زیادبوونی کەلێن لەنێوان دەوڵەمەند و هەژاراندا، ناهاوسەنگی لە گەشەی دانیشتوواندا، هەندێک وڵات گەشەیەکی گەورەی گەنجان بەخۆیانەوە دەبینن، لەکاتێکدا هەندێکی تر بەدەست کەمیی ڕێژەی لەدایکبوونەوە دەناڵێنن؛ئاڵنگارییە ژینگەییەکان، گۆڕانی کەشوهەوا و کەمئاوی و چەندین ئاڵنگاری دیکە.

عیراق هەوڵی پتەوکردنی پەیوەندییەکان دەدات

لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانیش، سەرۆککۆماری عیراق روونی کردەوە: ئێمە بە جددی کارمان کردووە بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی پتەو لەگەڵ دراوسێکان و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان، لەسەر بنەمای گفتوگۆ، دۆستایەتی و پێشکەوتنی هاوبەش، بە شێوەیەک کە سەقامگیری و گەشەسەندن بۆ هەمووان بەهێز بکات.

لە کۆتایشدا، د. لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عیراق رایگەیاند: ئەرکی بەردەممان ئاسان نییە، بەڵام پێویستە؛ بۆ ئەوەی ناوچەکەمان و جیهان ئاشتی، دادپەروەری و دیموکراسی بەدی بهێنن، دەبێت پابەندبوونی خۆمان بەو بنەما سەرەکیانەی کە بزووتنەوەی سۆسیالیستی نێودەوڵەتی لەسەری دامەزراوە نوێ بکەینەوە: دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، مافەکانی مرۆڤ، دیموکراسی و مافی چارەی خۆنووسین،عیراق لەم پرسەدا لەگەڵتاندا ڕاوەستاوە.


عیراق پشتیوانی لەگەلی لیبیا دەکات

هەر ئەمڕۆ د. لەتیف جەمال ڕەشید سەرۆککۆماری عیراق لە پەراوێزی کۆنفرانسی هاوپەیمانی سۆسیال دیموکرات لە جیهانی عەرەبیدا، لەگەڵ وەفدی لیبیا بە سەرۆکایەتی عەبدولهادی حویج وەزیری دەرەوەی لیبیا کۆبووەوە و تێیدا بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و پێشهاتی گۆرەپانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی تاوتوێ کرا.
سەرۆککۆمار پشتیوانی عیراقی بۆ گەلی لیبیای برا دووپاتکردەوە لە هەوڵەکانیان بۆ ژیانێکی ئارام و سەقامگیر و پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتوو کە ڕەنگدانەوەی ویستی گەل بێت، هیوای بەردەوامی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی لیبیا خواست.
لای خۆیەوە حویج سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و هەڵوێست و پاڵپشتییەکانی بەرامبەر گەلانی لیبیا و فەلەستین، کە توانیان بە شکۆمەندی و خۆشگوزەرانی بژین.

هەر لە دیدارەکەدا،وەفدەکە مەدالیای عومەر موختاریان بەخشییە سەرۆک کۆمار وەک ڕێزلێنانێک بۆ پشتیوانییە چەسپاوەکانی بۆ گەلانی ئازادی و دیموکراسی.

هەوڵەکان بۆ کۆتایی هاتنی نەهامەتی فەڵەستینیەکان یەکبخرێن

لە درێژەی دیدارەکانی لە پەراوێزی کۆنفرانسەکە، سەرۆککۆمار پێشوازیکرد لە وەفدێکی فەلەستینی بە سەرۆکایەتی محەمەد ئەشتیە سەرۆک وەزیرانی پێشوو .

سەرۆک کۆمار جەختی لە هاوپشتی و پشتیوانی عیراق، حکومەت و گەل، بۆ گەلی فەلەستین کردەوە، و پێویستی یەکخستنی هەوڵە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان و گرتنەبەری هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەی بەرامبەر بە دەستدرێژی و سیاسەتی کوشتن و برسی کردن دژی هاووڵاتیانی سڤیل و ژنان و منداڵان و پیر و پیاوان دووپاتکردەوە، هەروەها کاریش لەسەر گەیاندنی یارمەتییە مرۆیی و پزیشکی و خۆراکییەکان بە هاووڵاتیان بکات بە شێوەیەک کە پێداویستییەکانیان دابین بکات.
لای خۆیەوە، محەمەد ئەشتیە سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ فەخامەتی سەرۆک کۆمار دەربڕی و ستایشی هەوڵەکانی فەخامەتی و هەڵوێستی عێراقی کرد لە پشتیوانیکردنی فەلەستین و مافە ڕەواکانی گەلەکەی.

وەفدەکە قەڵغانی فەڵەستینیان بەخشییە فەخامەتی سەرۆککۆمار بۆ هەڵوێستە دیارەکانی لە پشتیوانی و پشتگیریکردنی دۆزی ڕەوای گەلی فەلەستین.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket