پەیام و پیرۆزباییەکان بۆ ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردی
کوردستان 08:46 PM - 2025-04-21
PUKMEDIA
ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردی
پەیامی پیرۆزباییەکان بۆ 127هەمین ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردی.
مەکتەبی سیاسی: پانتایی ئازادی بۆ رۆژنامەنوسان فراوان بکرێت
لە یادی سەدو بیست و حەوت ساڵەی رۆژنامەگەری كوردیدا، گەرمترین پیرۆزبایی لە رۆژنامەنوسانی كورد و لە کایەی میدیایی کوردستان دەكەین كە توانیویانە لێبڕاوانە گەشە بەو بوارە بدەن.
ئەگەر چی كاروانی رۆژنامەگەریی كوردیی لە سایەی داگیركەراندا چەندین ساڵی سەختی لە هەرەشەی داخستن و راوەستان بینیوە، بەڵام لە پاش راپەرینی ساڵی 1991 وە دەتوانرێت بوترێت رۆژنامەگەریی كوردیی جۆرێك لە بەرفراوانبوونی ئازادییەكانی بە خۆوەبینی و خۆشبەختانە تا ئێستاش بەردەوامە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەر لەسەردەمی خەباتی شاخەوە گرنگییەكی بەرچاوی بە دابینكردنی ئازادی بۆ رۆژنامەگەریی و روناكبیری داوەو دروشمی (نان و ئازادی) پڕاو پڕ جێبەجێكردووە، هەر بۆیە لە پاش راپەرینەوە لەسەر هەمان دیدی سەرۆك مام جەلال، گشت هەوڵێكی خستۆتە گەڕ بۆ بەرفراوانكردنی ئازادییەكانی رۆژنامەگەری و یەكەمین رۆژنامەو دامەزراوی میدیایی ئەهلی و سەربەخۆ لە ناوچەكانی دەسەڵاتی یەكێتیدا دەرفەتیان بۆ رەخسا و لێرەوە كاروانی رۆژنامەگەری كوردیی بێ وچان پێشدەکەوێت.
هەر لەم یادەدا جارێكی تر پشتیوانی خۆمان بۆ رۆژنامەنوسانی وردبین و راستبێژ و پشت بەستوو بە سەرچاوەی هەواڵ دووپاتدەكەینەوە، بە جۆرێكی وەها كە لە سەرتاسەری كوردستاندا پانتایی ئازادییان بۆ فراوانتر بكرێت و کایەی ئازادی سیاسیی و رۆژنامەگەری بێ بەربەست و کەیسی نارەواو هەڵبەستراو هەرگیز تەنگ نەکرێتەوە.
میللەتەکەمان شایانی ئازادی زیاترە و ئازادی و دیموکراسیش پایەی سەرەکی شانازیمانە بە ئەزموونەکەمان لە سەرتاسەری جیهاندا
جارێکی تر پیرۆزە
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
پەیامی رەفعەت عەبدوڵا بۆیادی رۆژنامەگەری کوردی
لەساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردی و(١٢٧)سالەی دەرچونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی لەقاهیرەی پایتەختی میسرلەسەردەستی میقداد مەتحەت بەدرخان
بەگەرمی پیرۆزبای ئەم یادە پڕشکۆیە لەتەواوی ڕۆژنامە نوسان و ڕاگەیاندن کاران ومیدیاکارانی کورد دەکەم ،ئومێد دەکەم لەم یادەدا هەموومافەکانی رۆژنامەنوسان وڕاگەیاندنکاران بێتەدی دەستخۆشی لەتەواوی رۆژنامەنوسانیش دەکەم کەرۆڵی گەورەیان هەبوە لەگەیاندنی ئێش وئازارەکانی گەلەکەمان و راستگۆیانەو بەرپرسانە مامەڵەلیان لەگەڵ دۆخ وپێشهاتەناوخۆی ودەرەکیەکان کردوە ،بێگومان زەمینەی ئازادی لە چوارچێوەی ئیتیکی ڕۆژنامەوانیدا هۆکارێکی گرنگە بۆ گەشەی کاری ڕۆژنامەوانیتان، لەم روەشەوە ئێمە وەک یەکێتی پشتیوانتانین.
درود بۆگیانی پاکی هەموو ئەورۆژنامەنوس وراگەیاندکارانەی لەژیاندانەماون
جارێکی تر پیرۆزە ئەم یادە
رەفعەت عەبدوڵا حەمەرەش
وەزیری رۆشنبیری: لەیادی رۆژنامەگەریدا پشتیوانی ئازادی رادەربڕینین
* یادی 127 ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی پیرۆز بێت
* با یادی 127 ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی هاندەرمان بێت بۆ پابەندبوون بە بنەما ئیتیکییەکان و پشتیوانی لە ئازادی ڕادەربڕین
ڕۆژنامەنووسانی کوردستان
میدیاکارانی ئازیز
یادی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە هەموو لایەک پیرۆز دەکەم، بە تایبەت ئەو قەڵەمە سەنگین و ڕۆژنامەنووسە ژن و پیاوانەی ژیانیان تەرخان کردووە بۆ گەیاندنی ڕاستیی، گواستنەوەی وێنەکان، پیشاندانی واقیع وەک خۆی بە بێ ڕتووش و دەستکاریکردن، لەو پێناوەشدا قوربانیان داوە.
بە درێژایی قۆناغەکانی پێشکەوتن و گەشەکردنی مێژووی کاروانی ڕۆژنامەگەری کوردی، بەردەوام پۆلێک لە مەشخەڵ هەڵگرانی ڕووناکی و دەنگی بەرزی داد و یەکسانی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی وەک ڕابەر و چاوساغی کۆمەڵگە خەباتیان کردووە بۆ بەدیهێنانی خواست و ئامانجە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانمان.
لەم ڕۆژە پیرۆزەدا یادی هەموو ئەو قەڵەم، دەنگ و شۆڕەسوارانەی وشە و کاروانی ڕۆژنامەگەری کوردی دەکەینەوە، کە لە ئاست بەرپرسیارێتی وشەدا ژیان، تەمەنیان تەرخان کرد بۆ خزمەتی کاروانەکە.
بەڕێزان..
ئێستا ئێمە لە هەلومەرج و سەردەمێکی نوێی تەکنیک و پێشکەوتنی ئەلیکترۆنی و بەردەستبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانین و یادی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی دەکەینەوە، هەر بۆیە پێویستە وەک چۆن میقداد مەدحەت بەدرخانی نەمر، لە ئاست بەرزی وشەدا دەستپێکی بزاوتی ڕۆژنامەوانی کوردی بە ناوی "کوردستان" دەست پێ کرد، ئێمەش لە ئاست ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی قۆناغی ئێستای بزاوتەکەدا بین، گوتار و ناوەڕۆکی پەیامی ڕاگەیاندنمان بخەینە خزمەتی کوردستان چ وەک نیشتمان و چ وەک کۆمەڵگە، ئەمەش بە پابەندبوونی هەموو لایەک بە بنەما پیشەیی و ئیتیکییەکانی کاری ڕۆژنامەوانی دەبێت.
ئەم یادە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان جەژنی وشە و دەستپێکی تێکۆشانی مەدەنیانەی ڕووناکبیر، نووسەر و ڕۆژنامەنووسانی کوردە، لە پێناو بنیاتنانی داهاتوویەکی گەش بۆ نیشتمان و بەدیهێنانی ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان، چونکە ئەوی ڕۆژێ، ڕووناکبیرێکی وەک میقداد مەدحەت بەدرخان، بە تەنیا وەک ڕووناکبیرێکی کورد شۆڕشێکی مەزنی وشەی لە بەرامبەر ستەم و چەوساندنەوە و داگیرکاری عوسمانییەکان دەست پێ کرد.
مایەی شانازیمانە، کە لە ماوەی کارکردنمان لە پۆستی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، هەمیشە پشتیوانی دەنگی ڕەوا، ماف و ئازادییەکانی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەنووسی بووین. شانازی ئەوەمان پێ بڕاوە لە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەی بەردەوامدا بین لەگەڵ ڕۆژنامەنووس، ڕێکخراو و ناوەندە پیشەییەکانی ئەو بوارە و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، لە پێناو بژاری هەڵە و کەموکوڕییەکان و ڕاستەڕێ کردنی کاروانی ڕۆژنامەنووسیمان.
جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەینەوە، کە ئێمە پشتیوان، هاوکار و سەرخەری دەنگی ئازادانەی ژنان و پیاوانی ڕۆژنامەنووسی کوردستانین بێ هەڵاواردن و جیاوازی. هەروەها وەک داکۆکیکارێک لە ئازادی مافی ڕادەربڕین و هەموو ئەو مافانە دەمێنینەوە، کە لە پەیماننامە و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بۆ مرۆڤ بە گشتیی و ڕۆژنامەنووسان بە تایبەتی دەستەبەر کراون. هەوڵی دڵسۆزانەشمان بۆ ڕێکخستنی چوارچێوەی میدیایی لە پێناو ڕەخساندنی ژینگەیەکی باشتر بووە بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستاندا.
دووبارە پیرۆز بێت یادی ڕۆژنامەگەری کوردی.
دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی سەرقافڵەی کاروانی ڕۆژنامەگەری کوردی، میقداد مەدحەت بەدرخان و هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە پێناو گەیاندنی ڕاستی، چەسپاندنی داد، ڕووبەڕووبوونەوەی قۆرغکاری، گەندەڵی، ستەم و نادادی گیانی خۆیان بەخت کردووە.
حەمەی حەمەسەعید
وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان
مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری: هەماهەنگی ئەهلی قەڵەم و میدیاکارانین
لەیادی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و ١٢٧ ساڵەی دەرچوواندنی یەکەمین رۆژنامەی کوردی ( کوردستان ) لەسەر دەستی میقداد مەدحەت بەدرخان ،لە قاهیرەی پایتەختی مسر، لەدڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە رۆژنامەنووسان و راگەیاندنکارانی کورد دەکەین کە پیشەییانەو لێبڕاوانە لەخزمەتکردن بە رەوتی رۆژنامەگەری و فراوانکردنی پانتایی ئازادی رادەربڕین و ئازادی نووسین خزمەتیان کردوەو بەردەوام لە
کارکردن .
ئێمە لە مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری لەسەر هەمان بیروباوەڕ و رێبازی کوردایەتی سەرۆک مام جەلال و پابەندن بە بنەماکانی پیشەیانەی راگەیاندن و دیموکراسی ، پشتیوانی و هەماهەنگی ئەهلی قەڵەم و نووسین و میدیاکارانین و وەک هەمیشە لەگەڵیان دەبین بۆ نەهێشتی ئاستەنگەکانی بەردەم کاری رۆژنامەوانی و هەموو هەوڵێک دەدەین تا یاسای کاری رۆژنامەگەری و مافی بەدەستخستنی زانیاری باشتر جێبەجێ بکرێت یان هەمواربکرێتەوە بە ویستی رۆژنامەنووسانی ئازاو ئازاد و پێشخستنی ئەزموونەکەمان
یادی رۆژنامەگەریی كوردی لەكاتێكدایە، كە راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە روماڵی هەواڵ و رووداوەكاندا، بە سەنگینی و بەرپرسانە مامەڵە دەكات و لە بازنەی گوتارێكی شێنەیی كوردانە و نیشتمانیانە پەیامەكانی ئاراستە دەكات و ئەرکی راستەقینەی خۆی بێ گوێدانە هەموو ئەو مەرامانەی راگەیاندن لەئەرکە راستەقینەکەی دوردەخاتەوە ،! راستگۆیانە و بەرپرسیارانە زانیارییەکان وەک خۆی دەگەیەنین و لەدوایین بڕیاریشمان بۆ خۆلادان لە بڵاوكردنەوەی هەواڵەكانی مەرگ و مردن نیشانەی ئەوپەڕی بەرپرسیاریەتی كۆمەڵایەتی و ئاكارییە.
رۆژی رۆژنامەگەری لە رۆژنامەنووسانی کوردستان پیرۆزبێت ، هیوادارین هەموولایەکمان هاوکاربین ، بۆ یەکخستنی هەوڵەکانمان بۆ رەخساندنی زەمینەی لەبارتر بۆ ئازادی رۆژنامەگەری سەنگین و بەرپرسیار .
مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال دوو پێشمەرگەی شۆڕشی نوێ بەسەردەکەنەوە
03:24 PM - 2026-06-05 -
رۆژی جیهانیی ژینگە بەرز رادەگیرێت
10:18 AM - 2026-06-05 -
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 3 ملیار دینارە
08:55 AM - 2026-06-05 -
ڤاكسینی رووسی و هیوایەك بۆ نەخۆشی شێرپەنجە
09:47 PM - 2026-06-04
ئەمانەش ببینە
بەڕێوەبەری کۆڕبەندی دێلفی: سلێمانی بۆ ئێمە زۆر گرنگەو سوپاسی قوباد تاڵەبانی دەکەین
12:34 PM - 2026-06-05
بۆ دەربازبوون لە قەیرانی هورمز، عیراق پەنا بۆ هەرێم و سووریا دەبات
12:05 PM - 2026-06-05
سەرۆک بافڵ: حکومەتی داهاتوو هاوسەنگی و شەراکەتی تێدا پارێزراو بێت
11:52 PM - 2026-06-04
قوباد تاڵەبانی سوپاسی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات بۆ خزمەتیان لە هەرێم و عیراق
09:09 PM - 2026-06-04
زۆرترین خوێنراو
-
80 ملیۆن دۆلار بۆ دوو پرۆژەی سلێمانی و دهۆک خەرجدەکرێت
کوردستان 08:43 PM - 2026-06-05 -
سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال دوو پێشمەرگەی شۆڕشی نوێ بەسەردەکەنەوە
ی ن ک 03:24 PM - 2026-06-05 -
بەڕێوەبەری کۆڕبەندی دێلفی: سلێمانی بۆ ئێمە زۆر گرنگەو سوپاسی قوباد تاڵەبانی دەکەین
کوردستان 12:34 PM - 2026-06-05 -
بۆ دەربازبوون لە قەیرانی هورمز، عیراق پەنا بۆ هەرێم و سووریا دەبات
عیراق 12:05 PM - 2026-06-05 -
رۆژی جیهانیی ژینگە بەرز رادەگیرێت
جیهان 10:18 AM - 2026-06-05 -
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 3 ملیار دینارە
کوردستان 08:55 AM - 2026-06-05



.jpg)

.jpg)
.jpg)
دابەزێنە

