riklam

مەگەر یەک بە یەک ئێسک و پروسکەکان جیابکرێنەوە!

بیروڕا 10:23 AM - 2024-12-28
عەبدولواحێد محەمەد      PUKMEDIA

عەبدولواحێد محەمەد

لە ٢٣ گۆڕی بە کۆمەڵ، لە پارێزگای موسەننا، ١٦ گۆڕ بەوەی دوایی کە لە رۆژی ٢٢مانگ، بە ئامادەبوونی خانمی یەکەمی عێراق و راوێژکارانی سەرۆک کۆمار و چەند ئەندام پەرلەمانێک و پارێزگاری موسننا و ژمارەیەک کەسایەتی هەڵدرایەوە، هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە و گۆڕەکانی پێشوتر، هەر یەکە و بۆ خۆی کارەساتێکمان بۆ دەگێڕێتەوە، باوەڕ ناکەم وێنەی لە سەرتاسەری جیهان  هەبووبێت،بەڕاستی ئەوەی بینرا، هیچ وشە و رستیەک شک نابەم پێیەوە بتوانم تێڕوانینی خۆم دەربارەی ئەو دیمەنە جەرگبڕە و پڕ لە کارەساتە دەرببڕم، چونکە تەواوی گۆڕەکە، منداڵ و ژن بوون هەموشیان بەرلە زیندە بە چاڵ کردن، پێیانەوە دیارە، فیشەک بەسەریانەوە  نراوە، ئاشکرایە ئەوەی تاوانە  نەیانبووە تەنها کوردبوون نەبێت، بێگومان ئەوانەی بڕیاری ئەو شێوە کۆمەڵکوژیانەیان داوە، ئەکید مرۆڤ نەبوون، لە دڕندە دڕندەتر بوون، چونکە دڕندەش یاسای خۆی هەیە، پێیەوە دەژیت، بۆ نمونە شێر ئەگەر برسی نەبێت راو ناکات هەروەها ئەوانیتریش هەر یەکە بە خەسڵەتی خۆی، لەوبارەیەوە پارێزگاری موسەننا لە وتەیەکدا وتی،  ئەوانە هەمویان غافڵکوژ کراون، بە بەڵگەی ئەوەی زۆربەیان کەلوپەل و پێویستیە تایبتیەکانی خۆیان پێبووە، وەکو بازن و دەستەوانە و جوانکاری منداڵانە هەروەها شوشەی دەرمانی چارەسەری پیرو پەککەوتەکان لەگەڵ ئاوێنەی بچوک کە کچان و وژنانی گەنج بۆ دیدەنی جوانی  خۆیان بە کاری دێنن، هەندێکیشیان قەلەم و رەشکەرەوە و قەلەم دادەریشیان هەڵگرتوە، لەگەڵ جزدان و هەندێک پارەی وردەش ، ئای لەو کارەساتە دوای ٣٤ ساڵ، دەبینی دایکێک منداڵە شیرەخۆرەکەی بە دەستەکانیەوە بەسەر سینگیەوە نوساندووە، دڵنیام بۆ ئەوەی بووە بیپارێزێ لە جوانەمەرگکردن، بە دەستی ئەو دەعبا و جانەوەرانە، بەڕاستی وێناکە وەکو ئەوە دێتەبەرچاو کە تازە قەومابێت، ئەوەندە سەرنجڕاکیش و کارەساتبارە، لە درێژەی وتەکانی،  پارێزگار وتی، پرسە دەنێرم بۆ خێزان و کەسوکاریان خۆشمان هەر پرسەدارین.

 

ئەوەی ئاماژەمان پێدا بەشێک بوو لە وتەکانی موهەنەد عەتابی، پارێزگاری موسەننا، پێویستە بوترێ ئەو گۆڕەکە  شازدە مەتر درێژ و دوو مەتر پانە، تا ئێستا نەزانراوە چەند کەسی تێدا لە گۆڕنراوە، چونکە تاوانەکە ئەوەندە نامرۆڤانە و بەربەریانە ئەنجامدراوە مەگەر یەک بە یەک ئێسکوبرسەکەکان جیابکرێنەوە ئینجا بزانرێت چەندن.

 

جێی وەبیر هێنانەوەیە تاوانی ئەنفال ئەوەندە گەورەیە، گۆڕەکانیش ئەوەندە زۆرن، یەک شت بۆمان ساغ دەکاتەوە ئەویش هەڵگێڕ و وەگێڕ کردنی هەموو بیابانی رۆژئاوا و باشوری عێراقە ، ئەکید ئەوەش زەمەن و ئیمکانیات و دڵسۆزی بەرپرسەکانی دەوێت کە تا ئێستا زۆرمان نەبینیوە، دیاری حکومەتی عێراقیش بەرپرسی یەکەمە زوو یان درەنگ دەبێت ئۆباڵەکە هەڵبگرێت.


ئەوەی راستی بێت من لە خستنەڕو و وەسفکردنی ئەو گۆڕە بە کۆمەڵە و ئەوانیتر کە لە مێژودا ئەگەر هۆلۆکۆستی جولەکەکان و کۆمەڵکوژی خەڵکی بۆسنە و هێرزۆگۆڤینیا لە لایەن سربیەکانەوە نەبێت، دەنا مەرگ بارانی بەو شێوەیە نەبووە، خۆ دیارە لەم وڵاتەی ئێمە، تەنها ئەنفال نەکراوە ، کیمابان هەبووە ، بەندیخانە و قەساب خانەی بە ئاشکرا و بە دزیەوە هەبووە،  لێ لەگەڵ ئەوانە هەموی، مخابن رۆژانە دەبینین و دەبیستین بە هۆی هەڵسوکەوتی هەندێ بەرپرسی نابەرپرس، نادادپەروەری، نەبوونی  خزمەتگوزاری بە پێی پێویست ، جیاکاری لە نێوان شارەکان تەنانەت لە نێوان تاکەکانیش بە پێی رەگەز و وەلائی حیزبی، دزینی سەروەت و سامانی گشتی و برسیکردنی بە ئەنقەست،لەبەرچاوان بە گەورە و بچوکیانەوە گیرفان پڕکردن، هەندێ خەڵک خۆزگە بە زەمەنی گۆڕبە گۆڕ بخوازن، نەک بە دزی بەلکو لە راگەیاندەنەکانیش بە ئاشکرا بیڵێن ، من دڵنیام لە ناخیانەوە نیە و باوەڕیشیان پێی نیە، بەلکو لە رکی ئەو واقیعەی ئێستایە کە بە ئەنقەست لە لایەن کەسانێکەوە بۆ بەرژەوەندی تایبەت و کەسی دروستکراوە،  بۆیە وادەڵێن، پێشدەچێت رۆژ لە دوای رۆژ لایەن ساغتر بێتەوە ئەوەی رۆژانە لە بارەی نیشتمان پەروەری و  نان و پیاز خواردن بە کوردایەتی و فرمێسک هەڵڕشتن بۆ گوڕەبەکۆمەڵەکان و کیمیابانکراوەکان و گۆڕبزرەکان هیچی راست نیە، پێچەوانەی ئەوەیە، ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع هەیە، ترسم لەوە هەیە ئەوەی لە رقی ئەم واقیعە جاروبارە بە جۆریک لەشەرمەوە دەوترێت، رو لە هەڵکشانی زیاتر و  ئەستورتر بێت،  ئیتر ئەوەی بنبىڕێ بێتە سەربەڕێ، بۆیە دەبێت فریای ئەم بارودۆخە بکەون و چیتر بە دروشمی سواوە و فرمێسکی تیمساحی، هەوڵی هەڵخەڵەتاندن نەدەن، ئەگەر نا  رۆژێک دێت بورکان ئاسا دەتەقێتەوە و تەڕو وشک بەیەکەوە دەسوتێت، ئۆباڵەکەش لە ملی ئەوانە دەشەتێنرێ کە ئەو واقیعەیان دروستکردووە ، بێگومان گۆڕ ون دەکرێن، لە لایەن خوای گەورەشەوە جێگەیان دۆزەخ دەبێت.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket