riklam

سەرۆک بافڵ: خواستی یەکێتی گەشەپێدانی پەیوەندییەکانە لەگەڵ ئێران

کوردستان 10:54 PM - 2024-06-14
سەرۆک بافڵ و عەلی باقری PUKMEDIA

سەرۆک بافڵ و عەلی باقری

سەرۆک بافڵ

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و وەفدێکی باڵای یاوەری.

 

لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، دۆخی سیاسی، ئابووری و ئەمنیی هەرێمی کوردستان، عیراق و ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە هەماهەنگیی و کاری هاوبەش کرایەوە لە پێناو پاراستنی سەقامگیری و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا.

 

هەر لە کۆبوونەوەکەدا بەردەوامیی هەماهەنگی و دیالۆگی جدیی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ بەئامانجی چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور دووپاتکرایەوە بەشێوەیەک دادپەروەری و هاوبەشیی راستەقینە رەچاوبکرێت.

 

لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە گرنگیی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران بەتایبەت لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد کە مێژوویەکی دێرینی هەیە، خواستی یەکێتیشی بۆ گەشەپێدان و بەهێزترکردنی پەیوەندی و هاریکارییەکان دووپاتکردەوە بەشێوەیەک لەخزمەت بەرژەوەندییە گشتییەکان و بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکاندا بێت.

 

لای خۆیەوە عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران سوپاسگوزاریی گەل و وڵاتەکەی بە سەرۆکی یەکێتی و هەرێمی کوردستان گەیاند لەبەرامبەر هاوخەمی و بەشدارییان لە پرسەی ئیبراهیم رەئیسی و یاوەرانی. هەروەها بەردەوامیی پشتیوانییەکانی وڵاتەکەی بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە، جگەلەوەی رۆڵ و کاریگەریی یەکێتیی لەناوچەکە بەرزنرخاند و ئاماژەی بەوەکرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە رێزەوە لە رۆڵی سەرۆک مام جەلال دەڕوانێت لە بونیادنانی عیراقی نوێ و پەیوەندیی دۆستانەمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کە ئێمە پابەندین پێوەی، بەردەوامیی راوێژ و هەماهەنگییەکانی نێوانیشمان لەبوارە جیاوازەکاندا فاکتەرە بۆ پاراستنی سەقامگیری و گەشەپێدانی ناوچەکە.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket