riklam

لایەنە كوردستانیەكان دەستپێشخەری یەكێتیی بۆ یەكڕیزی بە گرنگ دەزانن

کوردستان 04:47 PM - 2023-10-22
ئاڵای کوردستان و لۆگۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA

ئاڵای کوردستان و لۆگۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان یەكڕیزی بە تاكە بژاردەی گەیشتن بە ئامانجی میللەتەكەمان دەزانێت، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆك بافڵ دەستپێشخەری بۆ یەكڕیزی نیشتمانی لەنێوان لایەنەكان دەكات و دەیەوێت "یەكڕیزی" جێی "ناكۆكییەكان" بگرێتەوە، ئەندامێكی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامییش دەڵێت: "یەكڕیزی كاریگەری راستەوخۆی لەسەر پێگەی كورد لە عیراق دەبێت".

لەسەر راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بڕیارە لەم هەفتەیەدا وەفدێكی باڵای یەكێتی سەردانی لایەنەكان بكات و ئامانجی یەكێتی-یان بۆ خزمەت و ئارامی و یەكڕیزی پێبگەیەنێت.

یەكڕیزی خزمەت بە دۆخی هەستیاری كورد دەكات

ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگەیاند: "یەكڕیزی و یەكبوون خواستی لەمێژینەی شاعیر و نووسەر و سەرجەم كەسایەتی و چین و توێژەكان بووە، بێگومان یەكڕیزی لەسەر نەخشەڕێ و ستراتیجی نیشتمانی و بنەمای پتەوكردنی دیموكراسی هەنگاوێكی زۆر گرنگە، چونكە ئەرك و بەرپرسیارێتی لایەنەكان بەرامبەر بە یەكتر دیاری دەكات و خزمەت بە دۆخی هەستیاری كورد بەگشتی و باشوری كوردستان بەتایبەتی دەكات".

"یەكڕیزیی  كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پێگەی كورد لە عیراق دەبێت و دەتوانرێت بە یەكبوون ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە عیراق جێگیر بكەین"، ئەبوبەكر هەڵەدنی وادەڵێت.

یەكڕیزی بۆ هێنانەدی بەرژەوەندی گشتی گرنگە

بە رەخساندنی زەمینەیەكی گونجاو بۆ یەكڕیزی، دەتواندرێت یەكسانی ناوخۆ و یەكهەڵوێستی نێوان لایەنەكان بهێنرێتە كایەوە، لایەنەكانی دیكەش ئامادەن بۆ یەكڕیزی و یەكدەنگی.

عومەر گوڵپی ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی كۆمەڵ، لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگەیاند: "یەكڕیزی لەسەر ئەجێندای دیاریكراو بۆ هێنانەدی بەرژەوەندی گشتی گرنگە و پێویستە لەسەر بنەمای یەكسانی ناوخۆ و بەرنامەی تۆكمە یەكڕیزی نێوان لایەنەكان بهێنرێتە كایەوە، پێویستیشە ئەو یەكڕیزییە تەنها لەسەر ئاستی عیراق نەبێت، بەڵكو لە ناوخۆی هەرێمیش كورد یەكدەنگ بێت".

"پێمان وایە بە رەخساندنی زەمینەی یەكسانی و روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی قۆرخكاری لە ناوخۆی هەرێم، لایەنەكانی دیكەش ئامادەن بۆ پشتیوانی لە یەكڕیزی و یەكدەنگی كورد"، عومەر گوڵپی وادەڵێت.

پێشتریش سالار سەرحەد خەلیفە ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە كوردستانییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سایتی رەسمی یەكێتی PUKMEDIA ی راگەیاندبوو: "دەستپێشخەری سەرۆك بافڵ بۆ یەكدەنگی و یەكڕیزی، لەپێناو خزمەتی خەڵكە و یەكێتی دەیەوێت كۆتایی بە ناكۆكی نێوان لایەنە كوردستانییەكان بهێنێت و یەكڕیزی نیشتمانی جێی ناكۆكییەكان بگرێتەوە، ئاشكراشە لە پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیدا زۆرترین حزب و لایەن بەشدار و بروسكەی پیرۆزباییان ئاڕاستەی یەكێتی كردووە، ئەمەش دەرخەری ئەو راستیەیە كە لە سەرەتای كۆنگرەوە هەڵوێستی یەكێتی بۆ یەكڕیزی نیشتمانی دەركەرتووە و لایەنەكانیش پێشوازییان لێكردووە".

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە رابردوودا یەكڕیزی بە چارەسەری كێشەكان و بەدیهێنەری خواستەكانی كورد زانیوە، لە ئێستاشدا هەوڵەكانی بۆ یەكڕیزی و كۆدەنگی و خزمەت و چارەسەری كێشەكان لەسەر ئاستی هەرێم و عیراق چڕتر كردووەتەوە، ئەمەش وای لە حزب و لایەنەكانی دیكە كردووە بۆ یەكدەنگی چاویان لەو حزبە بێت و چاوەڕوانی زیاتریان بۆ خزمەتی خەڵك و چارەسەری كێشەكان لەیەكێتی نوێ هەبێت.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket