riklam

دادگای فیدراڵی له‌سه‌ر سێ سكاڵای تایبه‌ت به‌هه‌رێم كۆده‌بێته‌وه‌

کوردستان 10:07 AM - 2024-05-11
  باڵەخانەی دادگای فیدراڵی عیراق PUKMEDIA

باڵەخانەی دادگای فیدراڵی عیراق

دادگای باڵای فیدراڵی عیراق سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه‌ 12/5، له‌سه‌ر چوار سكاڵا كۆده‌بێته‌وه‌ كه‌ سیانیان تایبه‌تن به‌هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ كه‌ یه‌كێكیان له‌لایه‌ن وه‌هاب مه‌جید باقی به‌ڕ‌ێوه‌به‌ری گشتیی دژه‌تیرۆر له‌سلێمانی له‌دژی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان تۆماركراوه ‌و ئه‌ویتریشیان له‌لایه‌ن ئیڤان فه‌یه‌ق جه‌برۆ وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراقه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌ریه‌ك له‌سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم تۆماركراوه‌، ئه‌وه‌ی دیكه‌یشیان له‌سه‌ر سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌و داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌مواری یاسای باری كه‌سێتی عیراق ده‌كات.

به‌گوێره‌ی خشته‌ی دانیشتنه‌كانی دادگای فیدراڵی دانیشتنی یه‌كه‌م له‌سه‌ر سكاڵاكه‌ی ئیڤان فایه‌ق وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق ده‌بێت كه‌ له‌ دژی هه‌ریه‌ك له‌سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زیری ناوخۆ تۆماركراون.

به‌پێی ئه‌و سكاڵایه‌ وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌ران داوا له‌دادگای فیدراڵی ده‌كات بڕ‌یار له‌ به‌رده‌وامبوونی كاركردن به‌بڕ‌یاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق بدات سه‌باره‌ت به‌ گه‌ڕ‌اندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان و داخستنی كه‌مپه‌كان.

دانیشتنی دووه‌می دادگا له‌باره‌ی سكاڵای به‌رهه‌م ره‌ئوفی پارێزه‌ره‌وه‌یه‌، له‌ دژی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان تۆماركراوه‌و داوا ده‌كات: "هه‌مواری یاسای باری كه‌سێتی عیراق هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، كه‌ كۆت و به‌نده‌كانی به‌رده‌م ژنهێنانی دووه‌می قورسكردووه‌و به‌گوێره‌ی هه‌مواره‌كه‌، رێگه‌نادرێت به‌بێ ره‌زامه‌ندی دادوه‌ر پیاو ژنی دووه‌م بهێنێت".

دانیشتنی سێهه‌می دادگای فیدراڵی له‌سه‌ر سكاڵایەکی وه‌هاب مه‌جید باقی به‌ڕ‌ێوه‌به‌ری گشتیی دژه‌تیرۆر له‌ سلێمانی-ە له‌دژی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان تۆماركراوه‌.

به‌ڕ‌ێوه‌به‌ری گشتیی دژه‌تیرۆر له‌ سلێمانی له‌ سكاڵاكه‌یدا داوا ده‌كات بڕ‌یار ده‌ربكرێت به‌ ناده‌ستووریبوونی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆری ژماره‌ (3)ـی ساڵی 2006.

هه‌روه‌ك وه‌هاب مه‌جید باقی ناسراو به‌( وه‌هاب هه‌ڵه‌بجه‌یی) داوا ده‌كات: "سه‌رجه‌م ئه‌و بڕ‌یارانه‌ی دادگاكانی هه‌ولێر له‌دژی ده‌ركراون هه‌ڵبوه‌شێندرێنه‌وه‌".

 

دانیشتنه‌كه‌ی دیكه‌ی دادگا له‌سه‌ر سكاڵای رائید حسێن عه‌لیه‌و له‌سه‌ر سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری دارایی و ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران تۆمار كراوه‌ و سكاڵاكار داواده‌كات: "بڕ‌یاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق جێبه‌جێبكرێت به‌ خه‌رجكردنی 50%ی له‌سه‌ر مووچه‌ی بنه‌ڕه‌تی ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگری بڕ‌وانامه‌ی ماسته‌ر و دكتۆران".
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket