riklam

‎سەرۆک بافڵ: باوەڕمان بە هاوبەشی راستەقینە لەبەڕێوەبردنی وڵاتدا هەیە

کوردستان 05:59 PM - 2024-05-11
 بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆک بافڵ

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

سەرۆک بافڵ

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دوو دیداری جیاوازدا لە واشنتن لەگەڵ هەریەک لە ئامۆس هۆچستاین، رێکخەری تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزە و ستیڤ بیتنەر بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری عیراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە.

‎لە کۆبوونەوەکاندا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، دواگۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.

سەرۆک بافڵ:هەرێمی کوردستان خاوەنی ژێرخانێکی بەهێزە

‎سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و کەرتی وزە روونکردنەوەیدا و ئاماژەی بەوەکرد:"هەرێمی کوردستان خاوەنی ژێرخانێکی بەهێزی گازە و دەبێت مامەڵەیەکی بەرپرسیارانەی لەگەڵ بکرێت، پێویستە بە ستراتیژێکی نوێ و نیشتمانییەوە گەشە بەو کەرتە بدرێت و ببێتە مایەی بەهێزترکردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان، داهاتەکەی لەخزمەت خەڵک و ئاوەدانیی هەرێمەکەماندا بێت، ئەمەش ئەو ئامانجەیە کە ئێمە هەوڵی بەدیهێنانی دەدەین و دەمانەوێت بەرەو ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی هەنگاوبنێین".


یەکێتی کۆکە لەسەر بەڕێوەبردنی وڵات بە دەستوور

لەلایەکی ترەوە هەر لە واشنتن سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەلایەن نووسینگەی کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک لە وەزارەتی دەرەوە مێزگردێکی بۆ سازکرا و هەریەک لە نووسینگەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کاروباری سەربازی و سیاسی، دیموکراسی و مافی مرۆڤ و کار، ئۆپەراسیۆنەکانی ململانێ و سەقامگیری، هەوڵگری و لێکۆڵینەوە تێیدا ئامادەبوون.

‎لەسەرەتای مێزگردەکەدا سەرۆک بافڵ باسێکی ورد و چڕی لەبارەی رووداو و گۆڕانکارییە سیاسییەکان پێشکەشکرد و سیاسەتی نیشتمانیی یەکێتی وەک هێزێکی کاریگەر و بەرپرسیار بەرامبەر هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی روونکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد:" هەوڵی ئێمەوە لەسەرەتاوە لەپێناو قووڵکردنەوەی پێکەوەژیان و کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان بووە، هەمیشە لەگەڵ چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان بووین و هەوڵمانداوە بەشێک بین لە چارەسەر و باوەڕی تەواومان بە هاوبەشیی راستەقینە هەیە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، لەگەڵ هاوبەشەکانیشمان لە بەغدا لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان رێککەوتووین و کۆکین لەسەر بەڕێوەبردنی وڵات لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی مافی هەموو گەلانی عیراق".


سەرۆک بافڵ: هەموو هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکەینەوە

لەدرێژەی مێزگردەکەدا گفتوگۆیەکی کراوە بەڕێوەچوو و تێیدا سەرۆک بافڵ لەبارەی هەڵبژاردن و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە ئامادەبووانی بەرچاوڕوونکرد و وتی:"هەمووان هەڵوێستی ئێمە لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و گەشەکردنی دیموکراسی لەهەرێمی کوردستان دەزانن، زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی تریش هاوهەڵوێستن و دەیانەوێت گۆڕانکاری لەپرۆسەی حوکمڕانی بێتەئاراوە، هەموو هەوڵێکیش بۆ دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکەینەوە و نامانەوێت خواست و ئیرادەی خەڵک بۆ گۆڕانکاری بکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی تایبەت".


هەوڵەکان بۆ رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بەردەوامە

سەبارەت بە پرسی پێشمەرگەش، سەرۆک بافڵ وتی:"هەوڵەکان بۆ رێکخستنەوە و بەنیشتمانیکردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوامە و بەئومێدەوە لێی دەڕوانین، پشتیوانی و هاوکارییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمریکا جێگەی پێزانینی ئێمەیە و پرۆسەکەی خێراتر کردووە، جەخت لە بەردەوامیی هەماهەنگییە سەربازی و هەواڵگرییەکانیش دەکەینەوە لەپێناو پاراستنی ژیانی خەڵک و سەقامگیریی ناوچەکە، چونکە مەترسییەکانی تیرۆر بەردەوامە و دەبێت هەمووان پێکەوە رووبەڕووی بوەستینەوە".



PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket