riklam

بەغدا مووچەی ئایار دابەشدەکات و هەولێر چاوەڕێی مووچەی نیسانە

کوردستان 11:38 AM - 2024-05-11
دیناری عیراقی PUKMEDIA

دیناری عیراقی

نزیکەی 35 رۆژە مووچەخۆرانی هەرێم، مووچەیان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا 15 رۆژ تێپەڕیوە بەسەر دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی عیراق و لە چەند رۆژی داهاتووشدا بەغدا مووچەی مانگی ئایار دابەشدەکات، بەڵام هەولێر چاوەڕوانی ناردنی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانیەتی، ئەندامێکی لیژنەی داراییش دەڵێت: "هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە بۆ ناردنی مووچە لە بەغداوە وەک پێویست نەبووە و ئەمەش هۆکاری سەرەکییە بۆ دواکەوتنی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێم".

هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم وەک پێویست نین

سۆران عومەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA راگەیاند: "حکومەتی هەرێم هەنگاوەکانی بەدەمەوەچوونی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کە خۆی لە جێبەجێکردنی تەوتینی مووچەخۆران و ناردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم دەبینێتەوە، وەک پێویست نەبووە و ئەمەش هۆکاری سەرەکییە بۆ دواکەوتنی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە بەغداوە".

"لیستی مووچەخۆرانی هەرێمیش مانگانە کە بۆ بەغدا دەنێردرێت گرفتی زۆری تێدایە و ئەمەش جارێکی دیکە هۆکارێک بووە بۆ دواکەوتنی ناردنی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێم، کە چارەسەری ئەو کێشەیەش پەیوەستە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە"، سۆران عومەر وادەڵێت.

چاوەڕێ دەکرێت بەغدا مووچەی مانگی نیسان بنێرێت

دواکەوتنی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێم پەیوەندی بە رادەستنەکردنی داهاتی نانەوتی و دەستپێنەكردنی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمەوە هەیە، چاوەڕوانیش دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا بەغدا پارە بۆ هەرێم بنێرێت.

لەگەڵ ئەوەی ماوەی 15 رۆژە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی عیراق کۆتاییهاتووە، بەڵام تائێستا مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی نیسانیان وەرنەگرتووە و سەرچاوەیەكی نزیكیش لە وەزارەتی دارایی عیراق بە PUKMEDIA ی رایگەیاند: "بە ئەگەرێكی زۆرەوە سبەی یان دوو سبەی بەغدا پارە بۆ هەرێم دەنێرێت".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە كرد: "هۆكاری دواكەوتنی ناردنی مووچەی مانگی نیسان لەلایەن بەغداوە پەیوەندی بە رادەستنەكردنی داهاتی نانەوتی و دەستپێنەكردنی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمەوە هەیە، بەڵام لە ئێستادا لێكتێگەیشتنی باش لە نێوان هەرێم و بەغدا هاتووەتە ئاراوە و چاوەڕوان دەکرێت تا ناوەراستی ئەم هەفتەیە، پارەی مووچەی مانگی نیسان بۆ هەرێم بنێردرێت".

وردبینی لیستی مووچەخۆرانی هەرێم کۆتایی هاتووە

هەر لەوبارەیەوە د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەوێبسایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "لەگەڵ ئەوەی ماوەی 20 رۆژە وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەخۆرانی بۆ دارایی عیراق ناردووە، لەئێستادا وردبینی لیستی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە تەواوبووە و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێردرێت".

زیاتر لە 20 رۆژە لیستی مووچەخۆرانی هەرێم رەوانەی بەغدا کراوە

رۆژی یەک شەممە 21-4-2024 لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانەی بەغداد کراوە، بەڵام تائێستا دارایی عیراق مووچەی مانگی نیسانی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم نەناردووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە لە ئەمساڵدا مووچەی سێ مانگ خەرجکراوە، بەڵام تائێستا مووچەی مانگی نیسان بۆ هەرێم نەهاتووە و مووچەخۆرانی هەرێم زیاتر لە 33 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە کە مووچەی مانگی ئازاریان بە سێ رۆژ لە 6 تا 8ـی ئازار پێدرا، بەڵام مووچەخۆرانی عیراق لە چەند رۆژی داهاتوودا مووچەی مانگی ئایار وەردەگرن.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket