riklam

گەشتوکاڵ

بیروڕا 05:35 PM - 2023-06-16
ھیوا فەرەیدون /بەرپرسی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی گەشتوگوزارناسانی کوردستان لقی سلێمانی تایبەت

ھیوا فەرەیدون /بەرپرسی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی گەشتوگوزارناسانی کوردستان لقی سلێمانی

بیروڕا

 چەمکی (گەشتوکاڵ)یاخود گەشتیاری کشتوکاڵی چیە؟ چۆن بتوانین لەکوردستاندا پەرەی پێبدەن؟

ھیوا فەرەیدون /بەرپرسی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی گەشتوگوزارناسانی کوردستان لقی سلێمانی

 ھەرێمی کوردستان ھەر بەرەبەیانی مێژووەوە لانکەی کشتوکاڵکردن و خودبژێوی بووە،١١ ھەزار پێش زایین یەکەمین گوندی کشتوکاڵی لەبێستان سوور بوو کشتوکاڵی تێداکراوە و دواتریش ٧ ھەزار ساڵ پێش زایین یەکەمین کەرەستەی کشتوکاڵی دۆزراوەتەوە، واتە ھەرێمی کوردستان و خاکەکەی لەسەرەتاکانی مێژووە پێشەنگی کاری کشتوکاڵ بوون لەپێش ھەموو دونیاوە، سەرەڕای ئەوەی ھەرێمی کوردستان بەگشتی خاکەکە بەڕێژەیەکی زۆر بەپیت و لەبارە ھەرێمێکی کشتوکاڵیە بەپێی ئامارەکان خاوەنی (١٧ ملێۆن)زەوی ھەیە،کە لەڕێژە زەوییە ساڵانە ٧ ملێۆنی زەوی دەکرێت بە بەرھەمی کشتوکاڵی سەوزە و دانەوێڵە و باخ و خاوەنی ٥ سەرچاوەی ئاوی گرنگە، ئەمانەش ھەمووی ھۆکارن لەباری خاکی کوردستان بۆ کشتوکاڵ. ئێمە لێرەدا دەمانەوێت پردی پەیوەندی ھەماھەنگی چالاکی ئابوری لەنێوان کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا بکەین کەھەردوو کەرتەکە بەسەرچاوەی داھات دادەنرێن لەجیھان و لەھەرێمی کوردستانیشدا.

 

بۆیە ئێمە دەمانەوێت سوود بزانین (گەشتی کشتوکاڵی) یاخود چەمکی (گەشتوکاڵ) چیە؟ هەر پرۆسەیەکی کشتوکاڵی یان چالاکییەک لەخۆ دەگرێت کە سەردانیکەران و گەشتیاران ڕادەکێشێت بۆ کێڵگەیەک بۆ نیشاندانی بەرھەمی ڕووەکی یاخود ئاژەڵی. گەشتیاری کشتوکاڵی مەودایەکی فراوان لە چالاکی لەخۆ دەگرێت، لەوانە کڕینی بەرهەمەکان ڕاستەوخۆ لە کێڵگەکەوە، گەشتکردن بەناو ڕەز و باخچەکەدا، کێڵگەی ئاژەڵان، نمایشکردنی میوەی جۆراوجۆر، ئەسپواری،حەوزی ماسی،نمایشی گوڵی ناوازە،ئەمانە و چەندانی تر وەک مانەوە لەکوخی تایبەتی جێگای نوستن و نانی بەیانی (B&B) لە کێڵگەیەکدا.

 

ئەمانە ھەموو ئەو چالاکییانە کەدەکرێت لەناو پارچەزەویەدا ھەبێت کە جووتیاران کاری تێدادەکەن،یاخود پڕۆژە و وەبەرھێنانی کشتوکاڵی وەک دامەزراندی کێڵگەی بەخێوکردنی (مانگا و بزن) دۆشینی ئاژەڵاکان بەئامێری پێشکەتوو نیشاندانیان کە ئەمە ھەم دەبێتە چالاکییەکی گەشتگوزاری کشتوکاڵی ھەم دەبێتە زیادکردنی بەرھەمی ناوخۆ سوود وەرگرتن لە بەرھەمھێنانی (شیر و پەنیر و ماست)دەتوانرێت لەڕێگەی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەتوو لەو بواری کشتوکاڵیدا تۆوی جیاواز بەرھەم بھێنرێت وەک ئەوەی لەئێستادا چەندەھا جووتیاری نمنوونەیمان ھەیە کەبەکارەکانیان توانیویانە سەرنجی زۆرینەی سەردانیکەرانی ناوخۆ و دەرەوەش ڕابکێشن کەبچن ئەو ئەزموون و بەرھەمە جیاوازە بەچاوی خۆیان ببینن، لە ساڵی ۱۹۸۵ەوە، گەشتیاری کشتوکاڵی لە ئیتاڵیا بە فەرمی ڕێکخراوە بە یاسایەکی دەوڵەت کە لە ساڵی ٢٠٠٦هەموارکراوە. لە ساڵی ۲۰۱۳، ئیتاڵیا نیشانەیەکی بازرگانی بۆ کەرتەکە بەکارهێنا بە ناوی "(Agriturismo Italia)"واتە گەشتی کشتوکاڵی، لەگەڵ سیستەمێکی نوێ بۆ پۆلێنکردنی کێڵگەکان لەگەڵ شوێنی نیشتەجێبوون.

 

بەگوێرەی پێگە و سەرچاوە گەشت و گوزارییەکان لە ئەمریکا، گەشت و گوزار پیشەسازییەکی (۱،۱۲۷ )ملیار دۆلارە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە ڕاستەوخۆ زیاتر لە (۹ ملیۆن )هەلی کاری دروستکردووە. دەرفەتێکی زۆر بەناوبانگ و گەشەکردوو بۆ بەرهەمهێنەرانی کشتوکاڵ گەشتیارییە. چەندەھا سوودی گرنگی بۆ کۆمەڵگ ھەیە جگە لەڕاکێشانی گەشتیاران، دەوڵەت دەتوانێت بۆ ھۆشیارکردنەوەی پەروەردەیی سوودی لێوەرگرێت،ھەفتانە لەڕۆژێکدا گەشتی زانستی ھەبێت بۆ ھەموو ناوەندە پەروەردەییەکانی سەرەتایی،لەنزیکەوە بینینی ئاژەڵاکان شێوازی بەرھەمھێنانی خواردن و خواردنەوە کەئەزموونێکی تەواو گەورە و گرنگە بۆ فراوانی ھزری منداڵانی باخچە و خۆێندگا سەرەتاییەکان،وە لەوە زیاتریش بۆ گەنجان وخۆێندکارانی پەیمانگا و زانکۆکان بەتایبەتی ئەوانەی کەلەبەشی تایبەمەند و کشتوکاڵی و گەشتوگوزاری دەخوێنن، بۆ توێژینەوە و سەرچاوە دەتوانن سوودی لێ وەرگرن، ئەم کێڵگەیە بکەنە ناوەندێکی زانستی و تاقیگەیی بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەکانیان.

 

لەڕووی سوودە ئابوورییەکان کشتوکاڵی بووەتە ئامرازێکی پێویست بۆ مانەوەی زۆرێک لە کێڵگە بچووکەکان. بە هەمەجۆرکردنی چالاکییە بازرگانییەکان، کارکەران و جوتیارە زرنگەکانی کێڵگەکانی کوردستان دەتوانن داهاتێکی جێگیرتر و باشتر دەستەبەر بکەن. ئەمەش لەڕیێگەی بەگەڕخستنی چالاکییەکانی گەشتیاری کشتوکاڵی دەکرێت سەرەتا وەرزی و کاتی بێت و دواتر بکرێتە شێوازێکی ھەمیشەیی. هەندێک لێکۆڵینەوە ئەوەیان دەرخستووە کە چالاکییەکانی گەشتیاری کشتوکاڵی زۆرجار سوود بە کۆمەڵگاکانی دەوروبەری دەگەیەنێت بە ڕاکێشانی گەشتیاران بۆ ناوچەکە. بەهێزکردنی ئابووری لە ڕێگەی زیادبوونی هاتوچۆوە دەتوانێت سوودبەخش بێت بۆ ناوچە لادێینیشینەکان کە پێویستیان بەزۆربوونی داهات هەیە و ڕەخساندنی ھەلی کار ھەیە لەوبوارەدا تا جوتیاران بتوانن چالاکی زۆرتر فەراھەم بکەن کێڵگەکە فەرەبەرھەم بکەن قازانج و سوودی زیاتر بەخۆیان بەکەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار دەگەیەنن.

گەشتیاری کشتوکاڵی ئەو شوێنەیە کە کشتوکاڵ و گەشتیاری کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی ئەزموونێکی پەروەردەیی و خۆشی بەخشی سەرسوڕهێنەرت پێ ببەخشن، جا ئەوە گەشتێک بێت بۆ کێڵگەیەک و یاخود کارگەیەکی کشتوکاڵی کەبتوانین ھەردوو ئامانجەکانی ھەردوو کەرتەکەی تێدا کۆبکەینەوە ئەنجامدانی ڤیستیڤاڵی گەورە و نێودەڵەتی دەتوانێت ھاندەر و یارمەتیدەر بێت بۆ ڕاکێشانی ڕێژەیەکی زۆرتر لەگەشتیاری ناوخۆ و دەرەوە کەئەزموونێکی تەواو جیاواز چێژ بەخشە کاتێک گەشتیار و سەردانیکەران دێن وبەئارەزووی خۆیان میوەکان لێدەکەنەوە و دەتوانن بیکڕن و بیبەنەوە، یاخود سەردانیکەرێک بینەری چۆنیەتی پڕۆسەی دۆشینی ئاژەڵێک بێت کەچۆن بەرھەمەکانی دەکەن بە شیر و پەنیر و کەرە بەرھەمە جۆراو جۆرەکانی دی، وەک لەوڵاتی ئیتاڵیا بەناوبانگترین شوێنی گەشتیاری کشتوکاڵی ئیتاڵیایە، کە ساڵانە نزیکەی 26 ملیۆن کەس سەردانی کێڵگەکان دەکەن و بە تێکڕا 3 کاتژمێر لە کێڵگەکەدا بەسەر دەبەن زۆر جار شەومانەوەش ئەنجامدەدەن. هەروەها وڵاتانی دیکەی ئەوروپا وەک ئەڵمانیا و فەڕەنسا پشووی کشتوکاڵییان هەیە کە ساڵانە ملیۆنان گەشتیار ڕادەکێشن،هەروەها لە ئیتاڵیا، جوتیارانی کشتوکاڵی ڕێگەیان پێدراوە بەرهەمە کشتوکاڵییە بەها زیادکراوەکان بفرۆشن، لەوانە شەرابی بەرهەمهێنراوە ناوخۆییەکان، زەیتی زەیتوون، پاستا، گۆشتی ئامادەکراو، پەنیر، مرەبا، هەنگوین چەندەھا بەرھەمی تر، لەوڵاتانی چواردەوریش ئەو ئەزموونە ھەیە و دەبینرێت وەک لەتورکیا و ئێران لەدەوڵەتە عەرەبیەکان کوێت و سعودیە گرنگیەکی زۆری پێدەدەن و لەئیماراتیش لە دوبەی گەورەترین پڕۆژەی گەشتوگوزاری کشتوکاڵی بەناوی (Agri hub)دروست دەکات کەلەجیھاندا ھاوشێوەی نیە و دەبێتە یەکەم؛ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی گەشتوگوزاری سروشتی لە ناوچە لادێییەکان لە دوبەی بەبێ ئەوەی کەمترین کاریگەری لەسەر ژینگە هەبێت.

 

پڕۆژەکە میوانداری جۆراوجۆری ژینگەیی دەکات، گەشتی ژینگەیی ، بازاڕی ژینگەیی و چالاکی سەرکێشی ژینگەیی بۆ ناوەندی پیشەسازی و کشتوکاڵی و سەرجەم پێداویستی و حەزەکانی گەشتیارانی تێدا بەردەست دەبێت بەکردنەوە سەردانکەرەکان و گەشتیاران سەرسام دەکات کەوابڕیارە لەنێوان ساڵاکانی (٢٠٢٧—٢٠٣٠)بکرێتەوە ،بۆیە ئەگەر دوبەی لەوناوچە بیابانە و بێ بوونی زەویەکی بەپیت و پاراو بتوانێت پڕۆژەیەکی وەھا ڕابگەیەنێت لەڕێگەی بیری نوێ و ھێنانی تازەترین تەکەنەلۆژیایی جیھانی،بۆ لەھەرێمی کوردستان ئێمە نەتوانین لەقۆناغی سەرەتادا چەمکی گەشتوگوزاری کشتوکاڵی بەکۆمەڵگا بناسێنین و لەڕێگەی حوکمەت و کەرتی تایبەتەوە ھاندان و پشتیوانی لەو جۆرە پڕۆژانە بکەین و داوا لەسەرمایەدار و وەبەرھێنەران بکەین کە وەبەرھێنەکانیان لەوبوارەدا بکەن،خۆشحاڵەنە لەکوردستاندا ئێستا چەندەھا جوتیاری نموونەیمان ھەیە کە بەجیاوازی بەرھەمەکەیان سەرنجی زۆرینەیان بەلای خۆیاندا ڕاکێشاوە،تاکە پڕۆژەی ھاوشێوەیە کە کرابێت لەتەواوی کوردستاندا لەشاری ھەڵەبجەی ڕچکە شێکێنە ئەویش بەناوی (کێڵگەی کوردستان) کێڵگەیەک بەشێوازێکی زۆر مۆدێرن و نموونەیی و دەگمەن یەکەمین هەفتەبازاڕی کشتوکاڵ و کێڵگەی بەرھەمە کشتوکاڵییەکانە لەسەرئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق.

 

بەنزیکەی ساڵێک دەبێت کراوەتەوە و ئەم کێڵگەیە تایبەتە بەساغکردنەوەی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان کەلەئێستادا زیاتر لە ٩٠ جۆر بەرھەمی کشتوکاڵی تێدایە و ھەمەجۆری و جیاوازی لەبەرھەمەکاندا توانیوێتی فۆرمێکی تر لەبەبازاڕکردن و کشتوکاڵکردن بخوڵقێنێت شوێنێکی گەشتیاری و کشتوکاڵییە، ھیواخوازم جوتیارە ماندوونەسانەکانی دیکەش بەم جۆرە کاربکەن لەسەر زەوییەکانیان بۆ ئەوەی بتوانین چیتر پێویستمان بەبەرھەمی دەرەکی نەبێت و لەڕێگەی ئەو جۆرە پڕۆژانەوە ھاندانێک بێت بۆ گوندنشینان کەبگەڕێنەوە لەناوچەکەی خۆیاندا خەریکی کاربن،پێویستە وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێری ھەرێم بەھەماھەنگی لەگەڵ دەستەی گشتی گەشتوگوزاردا پڕۆژە و پلان ستراتیجی دابنێن، بۆ خزمەتکردن و گەشەدان بەھەردوو بوارەکە کەدەبێتە ھۆی پشتیوانیکردنی جووتیاران و کەسانی ئەکادیمی کشتوکاڵی دەرچووانی ئەوبوارە و ھاوشێوە لەگەڵ کەرتی گەشتوگوزاردا بەھەماھەنگی ھەلی کار و ئابوری وڵات برەوپێبدەن و کوردستان سەوزتر بکەن و بەرھەمدارتر بێت. 


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket