riklam

پارێزگاری سلێمانی: یەکێتی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی کرد بە کردار

کوردستان 04:47 PM - 2023-01-10
دیبەیتی "هەرێم و ئایندەی ناکۆکییەکان"

دیبەیتی "هەرێم و ئایندەی ناکۆکییەکان"

مەکتەبی گەشەپێدانی بیر و هۆشیاری بۆردی رووناکبیری، ئەمڕۆ سێ شەممە 10-1-2023، لە شاری سلێمانی، دیبەیتی "هەرێم و ئایندەی ناکۆکییەکان"ی بۆ هەڤاڵ ئەبوبەکر پاریزگاری سلێمانی و لوقمان وەردی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی زانکۆ و پسپۆڕان و کەسایەتی سیاسی رێکخست.

پارێزگاری سلێمانی: یەکێتی نمونەیەکی جوانی پێشکەش کرد

لە سەرەتای دیبەیتەکەدا د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لەبارەی هەرێم و ئایندەی ناکۆکییەکان وتی: "خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال لەپێناو سەقامگیری و ئاشتی لە هەرێم هەموو شتێکی بەخشی، چونکە مام جەلال یەکگرتنی کوردی لا گرنگ بوو نەک پلە و پۆست و توانی دوو ئیدارەیی نەهێڵێت و بیکاتە یەک ئیدارەیی، بەڵام ئەوەی ئێستا دەیبینین دووبارە خەریکە دوو ئیدارەیی لەم کابینەیەدا سەرهەڵدەداتەوە".
پارێزگاری سلێمانی راشیگەیاند: "لەمێژووی هەرێمی کوردستان دا یەکێتی توانی بەشێوەیەکی ئاشتییانە دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی خۆجێیی پارێزگای سلێمانی بکاتە کردار و مێژوویەکی جوان بۆ خۆیی و شارەکەش تۆمار بکات کە مۆدێلێکی سەرکەوتوو بوو، دەکرا لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرایە".

سلێمانی یەکەمی عیراقە

"لەگەڵ ئەوەی رێگری زۆر هەیە، بەڵام سلێمانی لە بوارەکانی ئاو و ژینگە و سەوزایی و تەندروستی و زۆر بواری دیکە یەکەمی عیراق-ە، لەگەڵ ئەوەشدا سلێمانی زۆرترین زەوی کشتوکاڵی و خاڵی بازرگانی و پیشەسازی و نەوت و وەبەرهێنەری لە عیراق دا هەیە و ئەمەش وایکردووە سلێمانی بەراورد بە هەموو پاریزگاکانی دیکەی عیراق جیاواز بێت"، هەڤاڵ ئەبوبەکر وایوت.

پەرلەمانتارێک: پارتی هیچ کات رێککەوتنەکان جێبەجێ ناکات

لوقمان وەردی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی لە دیبەیتەکەدا رایگەیاند: "هەمووکات پارتی لە رێککەوتنەکانیدا لەگەڵ یەکێتی بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە و ئەمەش وایکردووە لە 18 خاڵی رێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی 14 خاڵی جێبەجێ نەکرێت".

حکومەتی هەرێم بە سیاسی کراوە

"حکومەتی ئێستای هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک حکومەتی خەڵک نییە و حکومەتێکی سیاسییە و ئەوەی جێبەجێی دەکات سیاسەتی پارتی-ە و جیاکاری و جیاوازییەکی زۆر لەنێوان پارێزگاکاندا دەکات، بۆنموونە ئامادەبووە 108 ملیۆن دۆلار بۆ یەک پڕۆژەی قەزای مێرگەسۆر کە زۆرترین دەنگدەری پارتی تێدایە خەرج بکات، بەڵام بۆ سێ پڕۆژەی ئاو لە چەمچەماڵ و رانییە و دەربەندیخان ئامادەنییە بڕیاری خەرجکردنی 100 ملیۆن دۆلار بۆ ئەو پڕۆژانە دەربکات، ئەمەیە کە یەکێتی پێێدەڵێت رێڕەوی چەوتی حکومڕانی"، لوقمان وەردی وادەڵێت.
ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت: "لەگەڵ ئەوەی لەم کابینەیەدا حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە عادل بێت، لەگەڵ ئەوەشدا دوو ئیدارەیی تۆخ کردووەتەوە و ئەمەش وایکردووە جیاکاری تەواو لەنێوان پارێزگاکاندا دروست بکات".

حکومەتی هەرێم لەکاتی بودجەدا عیراقی بیردەکەوێتەوە

ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵ لە دیبەیتەکەدا رایگەیاند: "یەکێک لەو هۆکارانەی بۆتە هۆی ئەوەی ناکۆکییەکان لە هەرێم زیاتر بن ئەوەیە کە هێزە سیاسییەکان لەنێوان خۆیاندا متمانەیان بەیەک نەماوە و زۆربەی جار لە دژی یەکتر کار دەکەن".
"بە درێژایی مێژوو حکومەتی هەرێم لەسەر خاک و بەشداری دەسەڵات و داهات کێشەی لەگەڵ حکومەتی عیراق هەبووە، بەڵام ئەگەر ماددەی 140 جێبەجێ بکرێت کورد کێشەی خاکی نامێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا لەئێستادا کورد بەشداری دەسەڵاتیشە لە عیراق، ئەوەی دەمێنێتەوە مەسەلەی داهاتە، پشکی سەرەکی ئەم کێشەکەش بۆ حکومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە، چونکە حکومەتی هەرێم تەنها لەکاتی پەسەندکردنی بودجەدا بیری دەکەوێتەوە کە لە عیراقدایە"، ئەحمەدی حاجی رەشید وایوت.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەشڵێت: "زۆربەی کات حکومەتی هەرێم سەرچاوەی کێشەکانە و پابەند نابێت بە رێککەوتنەکانی لەگەڵ حکومەتی عیراق و ئامادەنییە هیچ داتا و ئامارێک لەبارەی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی کوردستان بداتە حکومەتی عیراق، ئەمەش هۆکارێکی زۆر گرنگە کە کێشە داراییەکانی نێوان هەرێم و عیراق بەردەوامی هەیە".
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket