riklam

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: کۆمەڵانی خەڵک چاوی ئومێدیان لە یەکێتییە

ی ن ک 01:29 PM - 2024-04-25
کۆبوونەوەی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لەگەڵ لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی پێشمەرگە و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەند PUKMEDIA

کۆبوونەوەی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لەگەڵ لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی پێشمەرگە و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەند

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی نیسان، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەگای ئەنجومەن پێشوازیکرد لە وەستا رەسوڵ لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی پێشمەرگە و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەند.


لێپرسراوی ئەنجومەنی مەڵبەندی رێکخستنی پێشمەرگە، باسی لە رۆڵی گرنگ و بەرچاوی مەڵبەندی رێکخستنی پێشمەرگە کرد لە قۆناغە جیاجیاکانی خەبات و کاری رێکخراوەییدا و ئاماژەی بە پێکهاتەی مەڵبەند کرد کە ژمارەیەکی باش لە کادرانی سیاسی و سەربازی یەکێتی تێدا کۆبووەتەوە کە بەشێکی زۆری تەمەنیان لە خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک و داکۆکیکردن لە مافەکانی بەسەربردووە.


لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا تیشکخرایەسەر قارەمانێتی و نەبەردییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەتایبەتی لە جەنگی دلێرانەی دژ بە تیرۆرستانی داعش کە تێیدا پێشمەرگەو فەرماندەکانی قوربانی بێ شوماریان پێشکەشکرد، لەپێناو پاراستنی خاکی کوردستان و دەستکەوتەکانی میللەتەکەمان کە سەرەنجامەکەی بەسەرکەوتن بەسەر تیرۆرستاندا کۆتایی هات.


لێپرسراوی ئەنجومەن، جەختی لەسەر درێژەدان بەهەمان گیانی فیداکاریی و خۆڕاگریی کردەوەو، بۆ ئامادەبووانی دووپاتکردەوە کە لەهەر پێگەو پۆستێکدا بێت پاڵپشتی هەڤاڵەکانێتی لە مەڵبەندی رێکخستنی پێشمەرگەو هێزی پێشمەرگەی کوردستان و درێغی ناکات لە پشتیوانیکردنیان.

 

لە لایەکی تریشەوە هەر ئەمڕۆ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەختیکردەوە کە لەئێستادا کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان چاوی ئومێدیان لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، لەلایەک خزمەتیان بکات و پەرە بە کاروانی ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی بدات و داکۆکی لە بژێوییان بکات، لەلایەکی تریشەوە هاوسەنگی سیاسی لە هەرێمدا بپارێزێت.

ئەو وتانەی لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی  بەرژەوەندییە باڵاکان لەمیانەی کۆبوونەوەیەکیدا هات لەگەڵ لێپرسراو و ئەنجومەنی کۆمیتەی رێکخستنی بەکرەجۆ، کە  لە بارەگای ئەنجومەن بەڕێوەچوو.

لەکۆبوونەوەکەدا، سەرەتا لێپرسراوی کۆمیتە، بەناوی ئەندامان و کادیرانی کۆمیتەکەیانەوە پیرۆزبایی لە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا کرد، بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک  لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی  بەرژەوەندییە باڵاکان، هاوکات ئاماژەی بەڕۆڵی دیاری لێپرسراوی ئەنجومەن کرد لە خەباتی سەختی شاخ و تێکۆشانی بێ وچانی دوای راپەڕین و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا.

لەبەرانبەردا، لێپرسراوی ئەنجومەن، وێڕای دەربڕینی پشتیوانی تەواوی خۆی و ئەنجومەنەکە بۆ کۆمیتەی بەکرەجۆ، ستایشی ئەرک و ماندووبوونی کادرانی کۆمیتەی کرد و ئەوەی خستەڕوو کە دانیشتوانی سنووری بەکرەجۆ وەک زۆرێک لە ناوچەکانی تری کوردستان، قوربانی زۆریان بەخشیووتەوە ئەم نیشتمانەو زۆر ماندووبوون لە شۆڕشدا و شیاوی ئەوەن بەباشترین شێوە خزمەت بکرێن.

هاوکات باسی لە رۆڵی گرنگ و کاریگەری ژنان کرد لە  کۆمەڵگەی کوردەواریداو بەتایبەتی لەنێو کایەی سیاسیدا و گۆشەنیگای یەکێتی سەبارەت بەو بابەتە دووپاتکردەوە کە پێویستە ژنانی کوردستان دەرفەتی زیاتریان بۆ بڕەخسێندرێت بۆ ئەوەی بەشدارییەکی کاراتر بکەن لەتەواوی بوارەکانی ژیاندا.

لە کۆتایشدا، لێپرسراوی کۆمیتە، دیاریی کۆمیتەی پێشکەش بە هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا کرد کە بریتییە لە پەیکەرێکی سەرۆک مام جەلال.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket