riklam

داهات و خەرجی هەرێم 10 ساڵە نایاساییە

کوردستان 09:58 AM - 2022-12-29
  داهات و خەرجی هەرێم 10 ساڵە نایاساییە

داهات و خەرجی هەرێم 10 ساڵە نایاساییە

نزیكەی 10 ساڵە حكومەتی هەرێم هیچ پڕۆژە یاسایەكی بەناوی بودجەی نەناردوەتە پەرلەمان، هیچ لایەنێكی بەشداربووی حكومەتیش نازانێت داهاتی هەرێم چەندە و چۆنیش خەرجدەكرێت، بۆیە شەفافییەت لەداهات و خەرجی دا نییە. سەرۆكی لیژنەی كاروباری دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت:" 10 ساڵە هەرێمی كوردستان بەبێ یاسای بودجە بەڕێوەدەچێت، ئەمەش بەهێزترین خاڵێكی لاوازی حكومڕانییە".


دوو خولە پەرلەمان بودجەی نەدیوە

حكومەتی هەرێم پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەكانی (2014، 2015، 2016، 2017، 2018، 2019، 2020، 2012، 2022) نە ناردووەتە پەرلەمانی كوردستان.

زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی كاروباری دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان بە سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: خاڵی لاوازی هەر حكومڕانییەك ئەوەیە كە بەبێ یاسای بودجە بەڕێوەبچێت، بۆ ناوبانگی هەرێم باش نییە 10 ساڵە بەبێ ئەو یاسایە بەڕێوەدەبرێت.

 "لەكاتی پێكهێنانی حكومەت و ئەو كارنامەیەی لەپەرلەمانی كوردستان خوێندرایەوە بەڵێندرا ساڵانە هەرێمی كوردستان پڕۆژە یاسای بودجەی هەبێت، بەڵام ئەوە دوو خولی پەرلەمانییە ئەو پڕۆژە یاسایەمان نەبینیوە" زیاد جەبار وای وت.

سەرۆكی لیژنەی دارایی دەشڵێت: "هەوڵەكانمان بەردەوامە بۆ فشارخستنە سەر حكومەت تاوەكو بۆ ساڵی نوێ پڕۆژەی بودجە بنێردرێتە پەرلەمان و ببێتە یاسا، بەڵام وەك خۆم ئومێدم پێی نییە كە حكومەت جددی بێت، بەپێچەوانەوە هەرجارەو بەبیانوویەك پڕۆژەكە نانێرێتە پەرلەمان".

نەبوونی بودجە هەرێمی بەرەو گەندەڵی زیاتر بردووە


نەبوونی بودجە لەهەرێمی كوردستان سەرچاوەی هەموو گەندەڵی و نایەكسانییەكانی خەجكردنی داهاتەو داوای هەبوونی بودجە دەكرێت كە بەشێكە راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی لەهەرێم .
د. شێركۆ جەودەت ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "ئەمەی كە ئێستا روودەدات گەندەڵییەكی تەواوەو دیارنییە كە سەرچاوەكانی داهات لە نەوتی و نانەوتی، لەكوێن و چین و چەندن؟  بۆیە دەتوانین بڵێین نزیكەی 10 ساڵە حكومەت بەنایاسایی داهات خەرج دەكات و پەرلەمان لێی بێ ئاگایە".

"نەبوونی بودجە لەو ماوەیەدا لەهەرێم وایكردووە كە داهات و خەرجی سەد لەسەد ناشەفاف و ناڕوون بێت، هەر ئەمەشە سەرچاوەی هەموو گەندەڵیی و نایەكسانییەكانی لەهەرێمی كوردستانە"، د. شێركۆ جەودەت وادەڵێت.

 

داواكاری گشتی ئاگادار كراوەتەوە

 

پڕۆژە یاسای بودجە گرنگترین پڕۆژەیە بۆ رێكخستنی داهات و خەرجی و دابەشكردنی بەسەر سێكتەر و پڕۆژەكان، هاوكاتیش رێگریدەكات لە گەندەڵی و ناشەفافیەت و نادادپەروەری.

شێركۆ جەودەت دەڵێت: "پێشتریش هیچ بیانوویەك نەبووە بۆ نەناردنی بودجە بۆ پەرلەمان، چونكە ئەگەر حكومەت لە شەڕ و قەیران و تەنانەت لەحاڵەتی نەخوازراویشدا بێت، هەر دەبێت بودجە بنێرێتە پەرلەمان و خەرجی و داهات بەیاسایی بكرێت، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە حكومەت حساب بۆ پەرلەمان ناكات و ئەمەش كارەساتی دروستكردوە".

"لە 10 ساڵی رابردوودا لیژنەی دارایی چەندینجار داوای بودجەمان كردووە، تا گەیشتووەتە ئەوەی داواكاری گشتیمان لێ ئاگادار كردووەتەوە كە ئەوە مافی گشتییەو دەبێت رۆڵی خۆیان ببینن" سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو وادەڵێت.

پێشتر بودجە پشتی بەپشكی هەرێم بەستبوو

 

حكومەتی هەرێم بۆ پڕۆژە یاسای بودجە پشتی بە پشكی هەرێم لەعیراق بەستبوو، لەگەڵ نەناردنی پشكەكەی لەلایەن عیراقەوە شتێك نەما بەناوی بودجە.

د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "لەساڵی 2014 وە كاتێك پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی عیراق و هەرێم ئاڵۆزی زیاتری لێكەوتەوە، بووە هۆی ئەوەی كە پشكی هەرێم لەلایەن حكومەتی عیراقەوە نەنێدرێت، ئەمەش هۆكارێك بوو تا هەرێم بودجەی نەبێت".

" حكومەتی هەرێم بۆ پڕۆژە یاسای بودجە پشكی سەرەكی بەو 17% دەبەست كە پێشتر لەلایەن حكومەتی عیراقەوە دەنێردرا، بەڵام كاتێك ئەوە نەما حكومەتی هەرێم پڕۆژە یاسای بودجەی پشتگوێ خست" نەرمین مەعروف وای وت.

پەرلەمانی عیراق بەراورد بە پەرلەمانی كوردستان فشارەكانی بۆ سەر حكومەت زیاترە و دوورە لەدەستی حزب و زۆرینەی بأیاردەر، بۆیە چالاكترو كارا تر دەردەكەوێت.

دەشلێت:" لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا حكومەتی هەرێم بەهۆی نەبوونی بودجەوە نە داهات و نە خەرجی شەفاف نەبووە، بەواتای ئەوەی لەو ماوەیەدا داهات و خەرجی یاسایی نەبووە".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق ئاماژە بۆ ئەوەدەكات:" پەرلەمانی عیراق بەراوورد بە پەرلەمانی كوردستان زۆر چالاكترەو ئەركەكانی وەك خۆی رادەپەڕێنێت و لەژێر فشاری حزبدا نیە، ئەمەش وایكردوە پەرلەمانی عیراق فشارەكانی بۆ سەر حكومەت بەراوورد بە پەرلەمانی كوردستان زیاتر بێت".

حكومەتی هەرێمی كوردستان نزیكەی 10 ساڵە پڕۆژە یاسای بودجەی نەناردووەتە پەرلەمان، كە رێگە خۆشكەربووە بۆ گەندەڵی و ناشەفافی و نادادپەروەیی لە بودجە و پڕۆژەكانی حكومەت لە پارێزگاكانی هەرێم، لەكاتێكدا جگە لە داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەكان، حكومەت نەوت و غاز دەفرۆشرێت، بەڵام پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانەی بۆ پەرلەمان نییە.

PUKMEDIA








ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket