riklam

یەكێتی شەڕی مافی كورد لە بەغدا دەكات

کوردستان 05:17 PM - 2022-12-27
 یەكێتیی شەڕی مافی كورد لە بەغدا دەكات

یەكێتیی شەڕی مافی كورد لە بەغدا دەكات

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جوڵە سیاسییەكانی لە بەغدا لە پێناوی پاراستنی پێگەی كوردی و پاراستنی مافەكانی خەڵكی كوردستانە،  تەوەرێكی سەرەكی سەردان و دیدارە سیاسیی و دیپلۆماسییەكانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی لە بەغدا لەو پێناوەیەدا، پێشتریش لە پێكهێنانی كابینە و بەشداریكردنیشی لە حكومەتی نوێی عیراقدا پێداگری كردووە و ئەو بڕگانەی جێگیركردووە كە دەچنە خزمەتی گشتی و باشتركردنی بژێوی هاونیشتمانیان.

 

پرسی ناردنی 400 ملیار دینار بۆ مانگەكانی 11 و 12ی 2022 لەو چوارچێوەیەدایە و پێشتریش قوباد تاڵەبانی كە سەرۆكایەتی تیمی یەكێتی كرد بۆ بەغدا پێداگری كردو ئەنجامی هەبووە، هەروەك لە دوای دیداری سەرۆكی یەكێتیش دا سەرۆكوەزیرانی عیراق دڵنیایی بەسەرۆك بافڵ دا كە ئەو مافە داراییە دەنێرێت و ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت: "بە هەوڵی سەرۆك بافڵ و قوباد تاڵەبانی، بەغدا ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم دەنێرێت".

 

 

یەكێتی جەخت لە دابینكردنی مووچەی مووچەخۆران دەكاتەوە

 

 

كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "یەكێتی هەمیشە پێوابووە باشتر وایە كێشەكان لەژێر رۆشنایی دەستووردا چارەسەر بكرێن و بەرێككەوتن لەگەڵ بەغدا مووچە و قوتی هاووڵاتیانی هەرێم فەراهەم بكرێت".

 

"یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرۆكایەتی تیمی حكومەتی هەرێمی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عیراق كردووە و زیاتر لە ساڵێكە كێشەی مووچەی مووچەخۆران چارەسەركراوە و 200 ملیار دیناریش لە بەغداوە بۆ هەرێم دەنێردرێت، لە دوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراقیش، یەكێتی جەختی لە دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان كردووەتەوە كە نابێت بكرێتە ململانێی سیاسی" كاروان یاروەیس وادەڵێت.

 

یەكێتی هەوڵەكانی بۆ دیاریكردنی بەشە بودجەی هەرێم چڕ دەكاتەوە

 

یەكێتی دەیەوێت كێشەكان لەژێر رۆشنایی دەستووردا چارەسەر بكرێن و لەرێی سەرۆك بافڵەوە لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و لەنێویشیاندا كێشە داراییەكان و دیاریكردنی پشكی كوردستان  لە بودجەی عیراق.

 

ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راشیگەیاند: "ئێستا كە لە سەروبەندی گفتوگۆ و گەڵاڵەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی عیراق-داین، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و فراكسیۆنی یەكێتی  لە بەغدا و تیمی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم هەوڵەكانیان بۆ رێككەوتن لەسەر دیاریكردنی بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی عیراق چڕكردووەتەوە".

 

"لە سەرەتای ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق وەك یەكێتی هەوڵمانداوە لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان رێكبەكەوین و نەچینە هیچ هاوپەیمانییەك تا بەڵێنی دیاریكردنی بەشەبودجەی هەرێم و فەراهەمكردنی قوتی هاووڵاتیانی هەرێمان پێنەدەن" كاروان یاروەیس وایوت.

 

 

یەكێتی لەرێی سەرۆكەكەیەوە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر دەكات

 

زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەیی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "لە سەردەمی سەرۆك مام جەلالەوە پەیوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ سەركردە و لایەنە سیاسییەكانی عیراق لەوپەڕی باشیدا بووە و شایستە داراییەكانی هەرێم لە ناوەندەوە دەنێردران، بەڵام دواتر ناردنی شایستەداراییەكانی بۆ هەرێم راگیران، ئێستاش یەكێتی لەرێی سەرۆك بافڵەوە لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و لەنێویشیاندا كێشە داراییەكان و دیاریكردنی پشكی كوردستان  لە بودجەی عیراق، وەك چۆن بە هەوڵەكانی تیمی یەكێتی لە حكومەت پشكی كورد لە بودجەی ساڵی 2021 پارێزرا".

 

"یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوامە لە هەوڵدان و جەختكردنەوە لە ناردنی شایستەداراییەكانی هەرێمی كوردستان، هەر وەك چۆن لە سەرئاستی هەرێمیش یەكێتی بەردەوام تێدەكۆشێت لەپێناو كۆكردنەوەی داهات و دابەشكردنەوەی بە یەكسانی بەسەر هەموو شارەكاندا" زیاد جەبار وایوت.

 

بە هەوڵی یەكێتی بڕیاری ناردنی 400 ملیار دینارەكەی بەغدا بۆ هەرێم درا

 

سەرۆكی لیژنەیی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان راشیگەیاند: "ئومێد دەكەین هەوڵەكانی یەكێتی بەرهەمی زیاتریان هەبێت و پشكی هەرێم لە بودجەی عیراق پارێزراوبێت، لە ئێستاشدا چاوەڕوانی جێبەجێكردنی بڕیاری ناردنی 400 ملیار دینارەكەی بەغداین بۆ هەرێم، كە بە هەوڵی بەردەوامی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆك بافڵ بڕیاری لێدرا".

 

"یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سیاسەتی روونە، لەدوای رووخانی رژێمی بەعسەوە بە ئاشكرا رایگەیاندووە كە پێویستە لە بەغدا و لەژێر رۆشنایی دەستووردا كێشەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەند چارەسەر بكرێن" زیاد جەبار وایوت.

پێشتر رێككەوتن لەگەڵ تیمی حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی كراوە كە حكومەتی عیراق پابەندی ناردنی 200 ملیار دینار بێت، ئەمە لەو كاتەدا بوو كە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەوپەڕی خراپی دابوو.

 

د. نەرمین مەعرووف ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "ناردنی ئەو پارەیە لەعیراقەوە بۆ هەرێم، لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەیە كە پێشتر قوباد تاڵەبانی وەك سەرۆكی تیمی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی عیراق ئیمزا كرابوو، بەڵام وەفدی یەكێتی لەكاتی پێكهێنانی ئەم كابینەیەدا ئەو رێككەوتنەی زیندوو كردەوە".

 

"قوباد تاڵەبانی دوای زیاتر لە 20 جار سەردانی بەغداو درێژەدان بە گفتوگۆكان توانی لەبودجەی ساڵی 2021 دا بڕی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێم جێگیر بكات، بێگومان ئەو پارەیەشی بڕیادراوە بۆ هەرێم بنێردرێت، درێژە پێدەری ئەو میكانزمەیە كەپێشتر حكومەتی عیراق بۆ هەرێمی ناردبوو" نەرمین مەعروف وای وات.

 

بە هەوڵی سەرۆك بافڵ و قوباد تاڵەبانی، بەغدا 200 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت

 

دەشڵێت: "ئەگەر هەوڵەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت نەبووایە، هەرگیز حكومەتەكەی سودانی ئەو بڕە پارەیەی بۆ هەرێم نەدەنارد، چونكە حكومەتی هەرێم پابەندنەبووە بەرێككەوتنەكەیەوە لەگەڵ حكومەتی ناوەند".

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket