riklam

لیوای هاوبه‌ش تیرۆرستان لاوازتر ده‌كات

کوردستان 02:41 PM - 2022-12-20
پێشمەرگە و سوپای عیراق

پێشمەرگە و سوپای عیراق

له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی په‌لاماره‌ تیرۆرستییه‌كان له‌سنووری كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم داوای ده‌ستبه‌كاربوونی دوو لیوا هاوبه‌شه‌كه‌ی نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌و سوپای عیراق ده‌كرێت كه‌ به‌هه‌وڵی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌كابینه‌كه‌ی سودانی دا پێكهێنراوه‌.

هه‌وڵه‌كانی بافل جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ پته‌وكردن و دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی زیاتر له‌نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و سوپای عیراق له‌پێناو سه‌قامگیری و ئاسایش و پاراستنی سه‌روماڵی هاووڵاتییان به‌تایبه‌ت له‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌وه‌ره‌ی هه‌رێم به‌رده‌وامه‌و له‌گه‌ڵ وه‌زیری ناوخۆ و به‌رگری عیراق له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ گفتوگۆی كردووه.

نه‌بوونی پێشمه‌رگه‌ بۆشایی ئه‌منی دروستكردووه‌

تیرۆرستانی داعش ئه‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌ی له‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌و سوپای عیراق هه‌یه‌ ده‌قۆزنه‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ تیرۆرستییه‌كانیان.
سه‌باح حه‌بیب ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "نه‌بوونی پێشمه‌رگه‌ له‌سنووری كه‌ركوك وایكردوه‌ كه‌ تیرۆرستان ئه‌و هه‌له‌ بقۆزنه‌وه‌ بۆ كاره‌ تیرۆرستییه‌كانیان".
"له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا تیرۆرستان له‌سنووری حه‌مرین و حه‌ویجه‌ چه‌ند په‌لامارێكی تیرۆرستییان ئه‌نجامداوه‌و سوودیان له‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌ وه‌رگرتووه‌ كه‌ له‌نێوان پێشمه‌رگه‌و سوپای عیراق هه‌یه‌" سه‌باح حه‌بیب وای وت.
ده‌شڵێت: "باشترین چاره‌سه‌ر بۆ كۆتایی هێنان به‌كرده‌وه‌ تیرۆرستییه‌كان ده‌ستبكاربوونی ئه‌و دوو لیوا هاوبه‌شه‌یه‌ كه‌یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌وڵی بۆ ده‌دات و له‌نێوان پێشمه‌رگه‌و سوپا دروستبووه‌، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌ی له‌و سنووره‌ هه‌یه‌".

هه‌ماهه‌نگی سه‌ربازی پێویستیه‌كی گه‌وره‌یه‌

تیرۆرستانی داعش سوود له‌ئه‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییانه‌ وه‌رده‌گرن كه‌ له‌نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و سوپای عیراق بوونی هه‌یه‌ و هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ ده‌درێت.
كه‌ریم شكور په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بۆ PUKMEDIA وتی: "هه‌ماهه‌نگی و هاریكاری نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و سوپای عیراق هه‌نگاوێكی گرنگه‌ بۆ پڕ‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌ی به‌تایبه‌ت له‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم دروستبووه‌".
"چه‌ند شه‌وی رابردوو هێرشێكی تیرۆرستی كراوه‌ته‌ سه‌ر سوپای عیراق له‌سنوره‌كانی پارێزگای كه‌ركوك، ئه‌مه‌ش پێویستی هه‌ماهه‌نگی و هاریكاری زیاترمان لێده‌خوازێت له‌و ناوچانه‌ی بۆشایی ئه‌منییان تێدایه‌، ئێستا باشترین ده‌رفه‌ته‌ بۆ هاریكاری ئه‌منی و سه‌ربازی بۆ پڕ‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییانه‌ی دروستبوون" كه‌ریم شوكر وایوت.

یه‌كێتی پاراستنی هاووڵاتیانی ده‌وێت

به‌هه‌وڵی یه‌كێتی پێشمه‌رگه‌و سوپای عیراق دوو لیوای هاوبه‌ش بۆ ئارامی زیاتری ناوچه‌ كوردستانییه‌كان پێكده‌هێنن، ئه‌مه‌ش واده‌كات هه‌ماهه‌نگی و هاریكاری له‌نێوان هه‌ردوولا زیاتربێت.
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی یه‌كێتی ده‌شڵێت: "هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامه‌ بۆ پێكهێنانی دوو لیوای هاوبه‌ش له‌نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپا له‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم كه‌پێكهێنانی ئه‌و یه‌كه‌ سه‌ربازییانه‌ رۆڵی ئه‌رێنییان ده‌بێت له‌ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایش و سه‌قامگیری".
كه‌ریم شوكر په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات: "فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌روانگه‌ی هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتی به‌رانبه‌ر هاووڵاتییان، كارده‌كات بۆ پته‌وكردنی هه‌ماهه‌نگی و هاریكاری له‌نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و سوپای عیراق".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "هاووڵاتییانمان له‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم له‌كه‌ركوك و خانه‌قین و خورماتوو و دوبز له‌سه‌ر هێڵی گه‌رمی ناسه‌قامگیریدان و پێویسته‌ پارێزگارییان لێبكرێت له‌ كرده‌وه‌ تیرۆرستییه‌كان".

هه‌نگاوێكی گرنگ بۆ سه‌قامگیری

ته‌ئكید له‌ هه‌ماهه‌نگی زیاتری هێزی پێشمه‌رگه‌و سوپای عیراق له‌پێناو ئارامی زیاتر ده‌كرێته‌وه‌.
محه‌مه‌د سه‌یهود په‌رله‌مانتاری ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "هه‌ماهه‌نگی و هاریكاری له‌نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و سوپاری عیراق كارێكی پێویسته‌و به‌بێ هه‌ماهه‌نگی سیستمی ئه‌منی و به‌رگری كاره‌كانی سه‌ركه‌وتوو نابێت له‌روبه‌ڕ‌وبونه‌وه‌ی پاشماوه‌كانی تیرۆرستانی داعش".
"هه‌ماهه‌نگی و هاریكاری له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی عیراق كارێكی پێویسته‌ نه‌ك ته‌نها له‌بواری ئاسایش و سه‌ربازیدا، به‌ڵكو پێویسته‌ له‌هه‌موو بواره‌كاندا هه‌ماهه‌نگی هه‌بێت تاوه‌كو بگه‌ینه‌ ته‌واوكاری ئه‌منی و ئابووری پێویسته‌ هه‌نگاوه‌كان به‌پێكهێنانی لیوای هاوبه‌ش و سه‌ركرادیه‌تی یه‌كگرتوو هه‌روه‌ها هه‌ماهه‌نگی راسته‌قینه‌ له‌نێوان هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌بێت"، محه‌مه‌د سه‌یهود وایوت.

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وامه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌ی له‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌و سوپای عیراقدا له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان هه‌یه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش دوو لیوای هاوبه‌ش پێكده‌هێنرێت و ئارامی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی پێ ده‌پارێزێت.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket